عیسای مەسیح کێیە؟

پێشەکی 

لەوە دەچێت لێرە و لەوێ ناوی مەسیحت بیستبێت، بەڵام بەدواداچونت نەکردبێت و نەزانیت مەسیح کێیە. ئەم بابەتە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئایا مەسیح کێیە.

عیسای مەسیح دەتوانرێت بە کاریگەرترین کەس لەجیهاندا بناسرێت. تەنانەت ئەو ڕۆژمێرە جیهانیەی کە ئەمڕۆ  لەزۆربەی وڵاتان کاری پێدەکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ لەدایکبوون و هاتنی مەسیح. بە شێوەیەک کاتێک ئاماژە بۆ مێژوو دەکەین، باسی ’پێش‘ و ’پاش‘ هاتنی مەسیح دەکەین. مەسیح لە دەوروبەری ساڵی یەکی زاینیدا لە ناوچەی یەهودای ئیسرائیل لەدایک بوو.  کاریگەری مەسیح هەر لەسەرەتای لەدایکبوونیەوە تا ئێستا زۆر مەزنە، کەسایەتی مەسیح ئیلهامی بەخشیوە بە ملیۆنەها کەس، ئەم کەسانەش بە درێژایی مێژوو گۆرانکاری گەورەیان لە کۆمەڵگاکانی خۆیاندا کردوە لە ڕوی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و زانستییەوە.

وێنەی خودای نەبینراو

عیسای مەسیح تەنها کەسێکی مێژووی و ئیلهام بەخش نییە، وە دامەزرێنەری ئاینێک نیە وەک پەیامبەرێک. ئینجیلی پیرزۆ فێرمان دەکات کە عیسای مەسیح وێنەی خودای نەبینراوە. واتە مەسیح خودایە کە لەسەر شێوەی مرۆڤ هاتە سەر زەوی بۆ ناساندنی خودا و رزگارکردنی مرۆڤ لە گوناە. خودا لە مەسیحدا خۆی بۆدەرخستین بۆ ئەوەی ئێمە خودای نەبینراو و بناسین و بزانین  کە ئەو کێیە. ئەمەش نیشانی دەدات کە خودا مرۆڤی خۆش دەوێت و خودایەک نییە بەس لە دوورەوە حکوم بکات و خۆی نیشانی ئێمە نەدات. بەو پێیەی توانا و تێگەیشتنی مرۆڤ لە ئاستێکدا نیە کە بتوانێت خودا بناسێت، خودا لە مەسیحدا خۆی بە ئێمە ناساند. ئەمە واتای ئەوە نیە کە خودا بووە مرۆڤ، بەڵکو لەسەر شێوەی مرۆڤ خۆی دەرخست. ئینجیلی یوحەنا دەفەرمووێت: ‘لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لە نێوانماندا نیشتەجێ بوو.  (یوحەنا ١: ١ و ١٤). ئەم دەقەی یۆحەننا فێرمان دەکات کە ئەگەر بمانەوێت خودا بناسین ئەوا دە بێت سەیری خودی مەسیح بکەین و ئەو بناسین: لەشی مەسیح تەواوی ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا بوو کە لە لەشی مرۆڤێکی ئاسایدا هەن، لە ناو ئەو لەشەشدا کە سێک نیشتەجێ بوو، کە تەواوی ئەو تایبەتمەندیانەی تێدا بوو کە لە خودا دا هەن. بۆیە مەسیح نەیدەووت ‘خودا دەڵێت’ بەڵکو دەیووت ‘من پێتان دەڵێم’. مەسیح نەیدەووت ‘برۆین بۆ لای خودا’، بەڵکو دەیوت ‘وەرن بۆ لای من’. نەک تەنها لە گوفتار دا مەسیح وەک خودا بوو، بەڵکو لە کرداریشدا. مەسیح گوناهی دەبەخشی، مردووی زیندوو دەکردەوە هتد.

مەسیح-ی ڕزگارکەر 

 بە درێژایی مێژوو ملیۆنەها کەس (عیسا)ی مەسیحیان وەک ڕزگارکەری (فریادڕەس) خۆیان پەسەند کردوە، مەسیح بووەتە هۆی گۆرینی ژیانیان و ژیانێکی نوێی پێ بەخشیون. مەسیح هەر لەسەرەتاوە وەک فریادڕەسی مرۆڤایەتی دەرکەوتووە.  ئەو کەسانەی کە لەگەڵیدا بوون وەک قوتابیەکانی بەوشێوەیە ئەویان ناسیوە. یەکێک لە قوتابیەکانی بە ناوی پەترۆس بەم شێوەیە باسی مەسیح دەکات:  بێجگە لە عیسا ڕزگاربوون بە کەسی دیکە نییە، چونکە لەژێر ئاسماندا ناوێکی دیکە بە مرۆڤەکان نەدراوە کە بە هۆیەوە بتوانین ڕزگار بین.» (کردار ٤:١٢).

 هەروەها دەرکەوتنی مەسیح بۆ ئاشتکردنەوەی مرۆڤ بوو لەگەڵ خودا و گەڕانەوە بۆ لای خودا.  ئەمەش لە ڕێگەی ئەو کارەی کە لە سەر خاچ ئەنجامی دا. هەرچەندە هیچ کات هەڵە  یان  تاوانێکی نەکردبوو، بەڵام ئامادە بوو لە پێناو گوناهی مرۆڤایەتی گیانی خۆی لەسەر خاچ بکاتە قوربانی. 

 ئینجیلی پیرۆز فێرمان دەکات هیچ کەسێک بێ گوناهە نییە، تەنانەت یەک کەسیش. هۆکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمەی مرۆڤ  هەڵگری گوناهەین، وەک چۆن لە ئادەمەوە بۆ مان ماوەتەوە و گوناهە هاتوەتە ژیانمانەوە، ئەمەش وایکردووە کە پەیوەندیمان نەمێنێت لەگەڵ خودا. دەرئەنجامەکانی گوناە لە ژیانی رۆژانەماندا بەدی دەکەین، وەک ناڕاست و دروستی و ئەو نادادپەروەییانەی کە لە جیهاندان بوونیان هەیە. 

وەک چۆن گوناهە لە ڕێگەی یەک کەسەوە هات ئەویش ئادەم بوو، ئەوهاش ڕزگاری لە ڕێگەی (عیسا)ی مەیسحەوە هات بۆ جیهان. مەسیح هات بۆ ئەوەی کە ئێمە ڕزگارمان بێت و بەئازادی بژین و ئیتر کۆیلەی دنیا و گوناهە نەبین، بەڵکو ئازاد و بژین و ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین و بۆ هەمیشە لە ئاشتیدا لەگەڵ خودا بژین. 

مەسیح بەپێی بەڵێن هاتووە

هاتنی مەسیح چاوەڕوانکراوبوو. چەندین دەقی پەیمان کۆن (بەشی یەکەمی پەرتوکی پیرۆز) ئاماژە بە هاتنی فریادڕەس عیسای مەسیح دەکەن. لە هەندێ شوێندا ئەو دەق و نیشانانەی کە ئاماژ بە مەسیح دەکەن زۆر وردن و بەرجەستەن. ئیشایا پەیامبەر دەفەرمووێت: ‘لەبەر ئەوە پەروەردگار خۆی نیشانەیەکتان دەداتێ، ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێت ئیمانوێل . (ئیشایا ١٤ بەندی ٧)، کەواتە ئەمە نیشانی دەدات کە مەسیح بەپێی بەڵێنی خودا هاتووەتە سەرزەوی بۆ ڕزگاری مرۆڤ و گەیشتن بەژیانی هەتاهەتایی.  

مەسیح چی دەڵێت دەربارەی خۆی؟

بۆ ئەوەی بزانین مەسیح کێیە گرنگە سەیری ئینجیل بکەین و لەدەمی عیسای مەسیح خۆیەوە بیبیستین کە ئەو کێیە. ئەم دەقانە نیشانی دەدەن و پشت ڕاستی دەکەنەوە کە مەسیح تاقە ڕزگارکەرە و وێنەی خودای نەبینراوە لەسەر زەوی، لە مزگێنی یوحەنادا مەسیح ٧ جار باسی خۆی دەکات و  دەڵێت کە ’من کێم‘. لەم ڕێگایەوە مەسیح نیشانی دەدات کە خۆی کێیە و دەیەوێت بۆ مرۆڤ کێ بێت:

  • «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت.» (یۆحەنا 6:35)
  • «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.» (یۆحەنا 8:12)
  • «منم دەرگاکە. ئەوەی لە منەوە بچێتە ژوورەوە ڕزگاری دەبێت، ئازادانە دێتە ژوورەوە و دەچێتە دەرەوە و لەوەڕگا دەدۆزێتەوە.» (یۆحەنا 10: 9)
  • «منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت. (یۆحەنا 10: 11)
  • ‘عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟» (یۆحەنا 11: 25-26).
  • ‘عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. ’(یۆحەنا 14:6)
  • ‘«منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە. هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات (یۆحەنا 15: 1). 

کەواتە مەسیح خۆی بۆمان دەردەخات کە هاتووە بۆ ئەوەی ئێمە لە گەڵ خودا ئاشت بکاتەوە. بۆ ئەوەی کە خۆشەویستی هەتاهەتایی خودا بەئێمە بناسێنێت. مەسیح ڕزگارکەرە و دەیەوێت ئێمەی مرۆڤ پڕکات لە خۆشەویستی. دەیەوێت بمانکات بە بوونەوەرێکی نوێێ و لەناخەوە بمانگۆرێت. 

ئەگەر بەرێزیشت دەتەوێت مەسیح بناسیت و بزانیت چ پەیامێکی بۆت هەیە،دەتوانیت (ئینجیل)ی پیرۆز بخوێنیتەوە یان پەیوەندیمان پێوە بکەیت.  

1 comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *