ئایا ئینجیل و تەورات پێشبینی هاتنی پێغەمبەری ئیسلامیان کردوە؟

یەکێک لەو ئایەتانەی کەلە تەوراتدایە و موسوڵمانان پێیان وایە پێشبینییە دەربارەی پێغەمبەری ئیسلام لە 

“دوا وتاری موسا بەشی ۱٨ ئایەتی ۱٨ دا” نوسراوە کە دەڵێت ( له‌نێو براكانیان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌ك تۆیان بۆ داده‌نێم و وشه‌كانم ده‌خه‌مه‌ ده‌می و ئه‌وه‌ی فه‌رمانی پێ ده‌ده‌م ئه‌و بۆیان پێی ده‌دووێت ) 

پێش هەموو شتێک ئەگەر ئایەتەکە بە جوانی بخوێنینەوە دەڵێت ( لە نێو براکانیان ) پێغەمبەرێکی وەک و تۆیان بۆ دادەنێم. 

خودا لێرەدا قسە لەگەڵ جولەکەکاندا دەکات و ئەو پێغەمبەرەی کە بڕیارە بێت دەبێت جولەکە بێت. چونکە دەڵێت: لە نێو براکانیان،  پێغەمبەری ئیسلام نەک تەنها جولەکە نەبوو بەڵکو دایک و باوکی و باوباپیرانی بە پێچەوانەی جوولەکە، بە دررێژایی مێژوو بت پەرست بوون.

ئەو پێشبینیە دەربارەی عیسایە. خودی عیسا چەندین سەدە پێش لەدایک بوونی محمد بە جولەکەکان دەڵێت[ ئەو موسایەی کە ئێوە ئومێدتان پێیەتی دەربارەی من نوسیویەتی، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان به‌ موسا بكردبایه‌، باوه‌ڕتان به‌ منیش ده‌كرد، چونكه‌ ئەو له‌ باره‌ی منه‌وه‌ نووسیویه‌تی.

 یۆحەننا ٥ کۆپلەی ٤٦ ] 

وەک دەبینین ٦۰۰ ساڵ پێش ئەوەی پێغەمبەری ئیسلام لە دایک بێت عیسا ئاماژە بەو ئایەتە دەکات و دەڵێت کە دەربارەی ئەو نوسراوە. 

ئەگەر تەورات و ئینجیل یەک پێشبینیان تیادا بوایە دەربارەی پێغەمبەری ئیسلام دەبوو جەنابیان خۆی ئاماژەی پێ بکردایە. ئەوە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە یەهودییەکان بە پێغەمبەر قبووڵیان نەکرد.

سەیر لەوەدایە پاش چەندین سەدە ئەحمەد دیدات و کۆمەڵی موسوڵمانی بێ ئاگا وەک ئەوەی بڵێن ئێمە لە پێغەمبەری ئیسلام شارەزاترین، لە لایەیەکەوە دەڵین کتێبی پیرۆز دەستکاری کراوەو لە لایەکی کەشەوە تیایدا دەگەڕێن تا بە هەرشێوەیەک بێت ئایەتێک بدۆزنەوەو پەیوەستی بدەن بە پێغەمبەرەکەیانەوە.

نەک تەنها عیسا بەڵکو قووتابیەکانی عیساش تێگەیشتنێکی تەواویان هەبوو دەربارەی ئەو ئایەتە. بزانە ئینجیل چی دەڵێت لەو بارەیەوە: [ بۆ به‌یانی عیسا ویستی بچێته‌ جه‌لیل، فیلیپۆسی دۆزییه‌وه‌، پێی فه‌رموو دوام بكه‌وه‌.

فیلیپۆس خه‌ڵكی بێت‌سه‌یدا بوو، شاره‌كه‌ی ئه‌ندراوس و په‌ترۆس. فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییه‌وه‌، پێی‌ووت: ئه‌وه‌ی كه‌ موسا له‌ ته‌ورات و پێغه‌مبه‌رانیش له‌ سیپاره‌كانیان له‌سه‌ریان نووسیوه‌ دۆزیمانه‌وه‌، عیسای كوڕی یوسفی خه‌ڵكی ناسیره‌یه‌.  یۆحەننا ۱ کۆپلەی ٤۳-٤٥ ]

هەروەها لە کرداری نێردراوانداو لە بەشی( ۳ کۆپلەی ۱۷-۲٤ )

پەترۆس یەکێک لە قوتابییەکانی بە جوانی روونی دەکاتەوە کە ئەو پێشبینییە دەربارەی عیسایە.

[ ئێستاش برایان ده‌زانم به‌ نه‌زانی ئه‌وه‌تان كرد، هه‌روه‌ك ڕابه‌ره‌كانیشتان. به‌ڵام خودا ئه‌وه‌ی پێشتر له‌سه‌ر زمانی هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، كه‌وا مه‌سیحه‌كه‌ی خۆی ئازار ده‌چێژێت، ئاوا هێنایه‌ دی.

كه‌واته‌ تۆبه‌ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خودا تاكو گوناهه‌كانتان بسڕێنه‌وه‌،تاكو له‌لای یه‌زدانه‌وه‌ كاتی حه‌سانه‌وه‌تان بێت و مه‌سیحه‌كه‌تان بۆ بنێرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر بۆتانی دیاری كردبوو – عیسا،

ئه‌وه‌ی ده‌بێت له‌ ئاسمان بیهێڵێته‌وه‌، تاكو كاتی چاككردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێك، ئه‌وه‌ی له‌ كۆنه‌وه‌ خودا له‌سه‌ر زاری پێغه‌مبه‌ره‌ پیرۆزه‌كانی باسی كردووه‌.

موساش وتی: یه‌زدانی خوداتان له‌نێو برایانتاندا پێغه‌مبه‌رێكی وه‌ك منتان بۆ داده‌نێت، له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێتانی ده‌ڵێت گوێی لێ بگرن.

جا هه‌ر كه‌سێك گوێ له‌م پێغه‌مبه‌ره‌ نه‌گرێت له‌ناو گه‌ل ده‌بڕدرێته‌وه‌.

هه‌موو پێغه‌مبه‌رانیش، له‌ ساموئێل به‌دواوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌یان كردووه‌، باسی ئه‌م ڕۆژانه‌یان كردووه‌.]

نەک تەنها ئەوە بەڵکو ئیستیفانۆس یەکەمین کەس کە بەهۆی باوەڕییەوە گیانی لە دەست دا لە کرداری نێردراواندا بە جولەکەکان دەڵێت: [ئه‌مه‌ ئه‌و موسایه‌یه‌ كه‌ به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی وت خودا له‌نێو براكانتان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌كو منتان بۆ ده‌نێرێت.] 

بە ڕوونی دیارە، چەندین سەدە پێش ئیسلام ئەو بابەتە بۆ مەسیحییەکان بڕاوەتەوە.

کاتێکیش دەڵێت ( پێغەمبەرێکی وەک تۆیان بۆ دەنێرم ) واتای ئەوە نیە کە عیسا پێغەمبەرە، بەڵکو دەڵێت ( وەک تۆ) واتە وەکو موسا.

واتە چۆن خودا بەهۆی موساوە گەلی ئیسرائیلی لە کۆیلایەتی میسر ئازاد کرد بە هۆی عیساشەوە مرۆڤایەتی ڕزگار دەکات لە کۆیلایەتی شەیتان و گوناە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *