خەتەنەکردن بەپێی کتێبی پیرۆز؟

خەتەنەکردن هەرچەندە بە رواڵەت کارێکی جەستەیی و فیزیکیە، بەڵام لە ڕاستیدا کردارێکی تەواو ڕۆحیەو وانەیەکی گەورەی ڕۆحی لە پشتەوەیە. لە کتێبی پیرۆزدا (پەیدابوون ١٧) دەخوێنینەوە کە خودا بۆ ئیبراهیم دەردەکەوێت و پەیمانی لەگەڵدا دەبەستێت کە لە رێگەی سارای خێزانیەوە کە تا ئەوکاتە نەزۆک بوو، بەرداری بکات و نەتەوەیەکی بێشوماری لێ دروست بکات. ئەوەبوو کاتێک ئیبراهیم تەمەنی ١٠٠ ساڵ بوو وە سارای خێزانیشی ٩٠ ساڵ بوو، خودا ئیسحاقی پێ بەخشین. ئیسحاقیش بووە باوکی یەعقوب و کورەکانی و بەو شێوەیە دواتر گەلی ئیسرائیل دروست بوو، ئەوەی کە خودا پەیمانی بە ئیبراهیم دابوو کە پێی ببەخشێت. 

یەکەم جار خودا داوا لە ئیبراهیم دەکات کە خۆی و هەموو ئەو نێرینانەی (نەک خەتەنەکردنی ئافرەت) لە ماڵەکەیدان و هەموو ئەوانەی کە دواتر لە دایک دەبن، خەتەنە بکرێن. «ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش لەلای خۆتەوە دەبێت پەیمانەکەم بەجێبهێنیت، خۆت و نەوە لە دوای نەوەشت. ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت: هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن. خۆتان خەتەنە دەکەن، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە». (پەیدابوون ١٧:٩-١١). 

هەروەک و خودا خۆی ئاماژەی پێدەکات، خەتەنە نیشانەیەکە بۆ ئەو پەیمانەی کە خودا لەگەڵ ئیبراهیم بەستی. واتە نیشانەیەکە بە جەستەی ئیبراهیم ئەو گەلەی کە بریارە لە ڕێگەی ئیسحاقەوە دروست ببێت (گەلی ئیسرائیل) کە ئەوان گەلی خودان.

وانەی رۆحی

خودا لە کتێبی پیرۆزدا پێمان دەڵێت کە ئەو مرۆڤی لە سەر وێنەی خۆی بەدی هێنا. ئەمەش واتە خودا مرۆڤی پاک و بێ گوناە و هەمیشەیی دروست کرد، هەروەک و چۆن خۆی پاک و بێ گوناه و هەمیشەییە «ئینجا خودا فەرمووی: با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن. خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهێنان. (پەیدابوون ١:٢٦-٢٧). بەڵام دواتر مرۆڤ گوناە دەکات و پاکی و بێگەردی خۆی لە دەست دەدات. 

گرنگە بزانین چی روودەدات کاتێک کەسێک خەتەنە دەکرا. ئەوەی کە روونە ئەوەیە پارچەیەک لە پێستی لەش دەبردڕا و فڕێ دەدرا. بە هۆی کرداری خەتەنەکردنەوە خودا دەیەوێت بڵێت: هەروەکو چۆن لە کاتی خەتەنە کردندا پارچەیەک لە پێستی لەشت لێدەکرایەوە و و فرێ دەدرا، بە هەمان شێوەش پێویستە ئەو گوناهانەی کە دڵی داگیرکردویت، فڕێی بدەیت و لێی دورکەویتەوە. بۆیە دواتر خودا لە ڕێگەی موسای پێغەمبەرەوە بە گەلی ئیسرائیل دەڵێت: «کەواتە دڵتان خەتەنە بکەن و ئیتر کەللەڕەق مەبن» (دواوتار ١٠:١٦). 

لە پەیمانی نوێدا پۆڵسی نێردراو ئەم بابەتە بە تەواوی ڕوون دەکاتەوە و خەتەنەی ڕاستەقینە بە خەتەنەی مەسیح ناو دەبات. «هەروەها بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا ئێوە خەتەنەیەک کراون کە بە دەستی مرۆڤ ناکرێت. پێشتر تەواوی سروشتە گوناهبارەکەتان لەلایەن جەستەوە بەڕێوەدەبردرا، بەڵام کاتێک ئێوە لەلایەن مەسیحەوە خەتەنە کران، سروشتە گوناهبارەکە داماڵرا» (کۆلۆسی ٢:١١). بۆیە خەتەنەی راستەقینە واتە داماڵینی ژیانمان لە گوناە، ئەوەش تەنها مەسیح دەتوانیت بۆمانی ئەنجام بدات. 

بە کورتی ئینجیلی پیرۆز پێمان دەڵێت کە تەنها مەسیح دەتوانێت دڵی مرۆڤ خەتەنە بکات، لەبەر ئەوەشە لە مەسیح دا خەتەنەکردنی لەش نەماوە، بە واتایەکی تر، تەنها مەسیح دەتوانێت دڵێ مرۆڤ پاک بکاتەوە لەو گوناهەی کە تێیدایە. ئەمەش کاتێک دەکرێت کە ئێمە باوەڕ بە مەسیح بهێنین و رێگە بدەین کە مەسیح لە رێگەی ڕۆحی پیرۆزییەوە لە دڵ و دەروونماندا نیشتەجێ ببێت. 

لە پەیمانی کۆندا و پێش مەسیح، خەتەنە نیشانەی ئەوە بوو کە کەسی خەتەنە کراو سەر بە گەلی خودایە. لە پەیمانی نوێدا ئەو کەسە سەر بە گەلی خودایە کە نیشانەی رۆحی مەسیحی هەبێت (رۆحی پیرۆز). «هەروەها ئێوە، کاتێک گوێتان لە پەیامی ڕاستی گرت کە مزگێنیی ڕزگاریتانە، خودا ئێوەی لەگەڵ مەسیحدا کرد بە یەک، چونکە کاتێک باوەڕتان هێنا ڕۆحی پیرۆزی بەڵێندراو وەک مۆرێک دەستنیشانی کردن. ڕۆحی پیرۆزیش پێشەکی دەستەبەری میراتەکەمانە، بۆ کڕینەوەی گەلی تایبەتی خودا، بۆ ستایشکردنی شکۆیەکەی». (ئەفەسۆس ١:١٣-١٤). 

بە کورتی لە رێگەی خەتەنەوە مەسیح دەیەوێت بە مرۆڤ بڵێت”ئەو گوناهەی کە لە ژیانتدایە فرێی بدە. بۆ ئەوەش باوەرم پێ بهێنە و رێگە بدە لە رێگەی رۆحمەوە بێمە ناو دڵ و دەروونتەوە و دڵت خەتەنە بکەم، واتە دڵت پاک بکەمەوە“.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *