
نزیکەی هەزار ساڵ پێش لە دایک بوونی مەسیح، بۆ یەکەم جار پەرستگای خودا یان ماڵی خودا لە لایەن سڵێمانی کوڕی داودی پێغەمبەرەوە لە ئۆرشەلیم دروست کرا. داودی پێغەمبەر داوا لە خودا دەکات ڕێگەی پێبدات پەرستگا یان ماڵێک بۆ خودا دروست بکات. خودا لە وەڵامدا بە داود دەڵێت: “من قاچم لە سەر زەوییە و سەرم لە ئاسمان. تۆ چۆن دەتوانیت خانوویەک بۆ من دروست بکەیت کە جێگای منی تێدا ببێتەوە؟” بەو شێوەیە خودا دەیەوێت بڵێت کە ئەو لە هەموو شوێنێکدا بوونی هەیە. پاشان خودا بە داود دەڵێت: “دەستی تۆ سوورە بە خوێن، بەو پێیەی بەشداری زۆر شەڕت کردووە، بۆیە تۆ ماڵم بۆ دروست ناکەیت. ئەو کەسەی ڕێگای دەدەم ماڵێکم بۆ دروست بکات، سڵێمانی کوڕت دەبێت.”
پرسیاری جەوهەری ئەوەیە کە بۆچی خودا پێش هاتنی مەسیح و لە پەیمانی کۆندا ڕەزامەندی دەدات بۆئەوەی خانوویەکی بۆ دروست بکەن؟
لە ڕێگای دروستکردنی ماڵ یان پەرستگای خوداوە، خودا دەیویست وانەیەکی ڕۆحی گرنگ فێری گەلی بەنی ئیسرائیل و مرۆڤایەتی بکات.
پەرستگای خودا لە پەیمانی کۆندا شوێنێک بوو کە گەلی خودا واتە بەنی ئیسرائیل هەستیان بە بوونی خودا دەکرد لە نێوانیاندا و شوێنێک بوو کە خودایان تێدا دەپەرست. بۆیە پەرستگا لای گەلی خودا شوێنێکی زۆر گرنگ و پیرۆز بوو. شوێنێک بوو کە تێیدا قوربانیان بە خودا پێشکەش دەکرد و هەوڵیان دەدا پاک و پیرۆزی ڕابگرن تێیدا بەتەواوی ئەو کارە بکەن کە خودا داوایان لێدەکات.
نزیکەی هەزار ساڵ دواتر کاتێک مەسیح دێتە ئەم جیهانەوە، فێرمان دەکات کە پەرستگای خودا یان ماڵی خودا لە ڕاستیدا ئەو شوێنە نییە کە بە دەستی مرۆڤ دروست کراوە، بەڵکو پەرستگای خودا لەش و دەروونی هەموو باوەڕدارێکە. خودا دەیەوێت لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزییەوە، هەروەک چۆن لە پەیمانی کۆندا و پێش مەسیح لە پەرستگادا نیشتەجێ بوو، لە لەش و دەروونی هەموو باوەڕداراندا نیشتەجێ ببێت. لە ڕاستیدا خودا ڕێگەی دا سڵێمان پەرستگا یان خانوویەکی بۆ دروست بکات تاوەکو گەلی ئیسرائیل و هەموو مرۆڤایەتی لەوە تێبگەن کە خودا دەیەوێت لە دەروونی ئێمەدا نیشتەجێ ببێت نەوەک لە باڵەخانەیەک کە بە دەستی مرۆڤ دروست کراوە.
بۆیە ئینجیل بەم شێوەیە باسی پەرستگای خودا دەکات: “ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟ ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن.” (یەکەم کۆرنسۆس ٣: ١٦-١٧).
خودا ڕێگەی دا باڵەخانەیەک دروست بکرێت و ناوی لێبنرێت پەرستگا یان ماڵی خودا، تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە تێبگەین کە پەرستگای ڕاستەقینەی خودا لەش و دەروونی باوەڕدارانە.
بۆیە مەسیح داوامان لێدەکات، هەروەک چۆن لە پەیمانی کۆندا پەرستگای خودامان لا پیرۆز بوو و دەمانپاراست و گوناهمان تێدا نەدەکرد و خودامان تێدا دەپەرست، بەهەمان شێوە، پێویستە لەشمان پاک و پیرۆز ڕابگرین و لە لە لەشماندا یان لە ڕێگەی لەشمانەوە گوناه نەکەین ، بەڵکو لەشمان پاک و پیرۆز ڕایبگرین تاوەکو خودا لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە لە دڵ و دەروونماندا نیشتەجێ ببێت.
بۆیە ئێمەی باوەڕدار بە مەسیح، شوێنێکمان نییە بەناوی پەرستگای خودا یان ماڵی خودا تاوەکو سەردانی بکەین. ماڵی خودا دڵ و دەروونمانە.
بۆیە دەبینین کە پەیمانی کۆن کۆپپیە و نوسخە ڕاستەقینەکەی لە مەسیحدا پەیدا دەبێت.