لە چاخانەیەک دادەنیشیت و داوای چایەک لە چایچیەکە دەکەیت. پاش کەمێک چایەک لە سەر مێزەکەت دەبینیت. چی وادەکات چایچیەکە (چا)کەت بۆ بهێنێت؟ بە دڵنیاییەوە داواکەت، ئەو داوایەی لە چایچیەکەت کرد. چۆن داوات کرد؟ بە ‘وشەکانت’. لێرەدا دەگەینە چەند دەرئەنجامێک: پێش هەموو شتێک دەبینین، وشەکانت نەک تەنها گوزارشت لە خواست و ویستی تۆ دەکەن، بەڵکو وشەکانت دەتوانن وا لە کەسێک بکەن چایەک لەسەر مێزەکەت دابنێت. کەواتە وشەکانت کار دەکەن و گۆرانکاری دروست دەکەن.
نەک تەنها ئەمە بەڵکو وشەکانی تۆ، گوزارشت لە کەسایەتی تۆ دەکەن. بە هۆی وشەکانتەوە تۆ گوزارشت لە خۆت و کەسایەتی و خواست و ئارەزووەکانت دەکەیت. تۆ لە رێگەی وشەکانتەوە دەتوانیت خۆت بە دەوروبەرت بناسێنیت. وشەکانت واتە دەرون و ناوەرۆک و جەوهەری تۆ. لە راستیدا وشەکانت واتە خودی تۆ.
تۆ ئەوە نیت کە دەبینرێیت (لەشت)، بەڵکو ئەوەیت کە دەیڵێیت و ئەنجامی دەدەیت.
دەوترێت جارێک کەسێکی دەوڵەمەند بە جلی جوان و کەشخەوە بە بەدەم ‘سوقرات’ دا دێت و دەروات و دەیەوێت سەرنجی را بکێشێت وا پشانی بدات کە کەسێکی زۆر گرنگ و کاریگەرە. پاشان سوقرات پێیدەڵێت ‘قسە بکە تا بتبینم’. گەر دەتەوێت کەسێک بناسیت، گوێ لە وشەکانی بگرە.
ئەمە تەنها رێگایەکی دروست نیە بۆ ناسینی مرۆڤەکان، بەڵکو لەم رێگەیەوە دەتوانین ‘خودا’ ش بناسین.
ئینجیل پێمان دەڵێت کە ‘مەسیح وشەی خودایە’، (لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو، یۆحەنا ١:١ (قورئانیش دان بەوەدا دنێت کە مەسیح وشەی خودایە هەرچەند ئەوەی لە ئینجیلەوە وەریگرتوە، النساء ١٧١).
خواستی خودا بە درێژایی مێژوو ئەوە بووە کە خۆی بە ئێمەی مرۆڤ بناسێنێت. خودا بە ٣ قۆناغ هەوڵی داوە ئەم کارە بکات.
یەکەم، سەرەتا خودا لە رێگەی سروشت و دروستکراوەکانیەوە تا رادەیەک خۆی بە ئێمە ناساندوە. بۆ نمونە بە ڕوانینە سروشت و دروستکراوەکانی خودا، دەتوانین تا ڕادەیەک خودا بناسین، ڕوانینە سروشت پێمان دەڵێت، کە خودا زۆر بەهێز و بەدەسەڵاتە، هەروەها دەتوانین ببینین کە خودا زۆر داناو بە حیکمەتە. بڕوانە ئینجیل چی دەڵێت لەو بارەیەوە: (لهبهر ئهوهی سیفهته نهبینراوهكانی خودا، توانا ههتاههتایی و خودایهتییهكهی له بهدیهێنانی جیهانهوه بههۆی دروستكراوان دركیان پێ كراوه و به ڕوونی بینراون. ڕۆمابەشی ۱ ئایەتی ۲۰ ).
دووەم، هەروەها خودا بە هۆی پێغەمبەرەکانەوە تا ڕادەیەک خۆی بە ئێمە ناساندوە. بەو پێیەی کتێبی پەیامبەرەکان تا ڕادەیەک باسی خودامان بۆ دەکەن و کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی خودامان بۆ ڕوون دەکەنەوە.
سێیەم، لە کۆتایدا خودا لە رێگەی ‘وشە’ کەیەوە بە تەواوی خۆی بە ئێمە ناساند. مەسیح وشەی خودایە. وشەی خودا واتە سروشت و جەوهەر و ناوەرۆکی خودا. وشەی خودا واتە خودای خودا.
ئینجیل پێمان دەڵێت کە نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر وشەی خودا لە سروشتی مرۆڤدا دەرکەوت بۆ ئەوەی ئێمەی مرۆڤ بەتەوای خودا بناسین. ئینجیل بەم شێوەیە باسی ئەو رووداوە دەکات: (لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو، یۆحەنا ١:١, ١٤).
مەسیح خودی خودا بوو کە لەسەر شێوەی مرۆڤ هاتە سەر زەوی. ئینجیل دەڵێت مەسیح وێنەی خودای نە بینراوە (کۆڵۆسی ۱: ۱٥). لە عیبرانییەکان بەشی یەک ئایەتی ۳ دەڵێت: (مەسیح تیشكی شكۆی خودایه و به تهواوی وێنهی كڕۆكیهتی). واتە مەسیح خودای نەبینراوی بەرجەستە کرد. چونکە مەسیح تەواوی ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا بوو کە لە خودادا هەن.خودا لە ڕێگەی سروشت و پێغەمبەرەکانەوە تا ڕادەیەک خۆی ناساند، بەڵام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە تەواوەتی خۆیناساند. بۆیە مەسیح دەڵێت (ئەوەی منی بینیوە خودای بینیوە، یوحەنا ۱٤:۹). مەسیح لە سەدا سەد مرۆڤ و لەسەدا سەد خودا بوو. واتە لەشی تەواوی تایبەتمەندییەکانی لەشی مرۆڤێکی ئاسایی تێدابوو، لە ناو ئەو لەشەش دا کەسێک نیشتەجێ بوو کە تەواوی تایبەتمەندییەکانی خودای تێدا بوو. ئەوەی کە برسی دەبوو، نانی دەخوارد و لە خاچ درا، لەشی مەسیح بوو، ئەوەش کە وەک و خودا قسەو ڕەفتاری دەکرد خودی خودا بوو لەو لەشەدا.
گەر دەتەوێت خودا وەک خۆی بناسیت، مەسیح بناسە. گەر دەتەوێت مەسیح بناسیت ئینجیل بخوێنەرەوە.