چۆن خودا بناسین

عیسا لە مزگێنی بە پێی یوحەنا دەڵێت “ئەی باوکی ڕاست و دروست، جیهان ناتناسێت” (یوحەنا ١٧: ٢٥). ناسینی خودا واتە هەبوونی پەیوەندییەکی دولایەنە و زیندوو لەگەڵ خودا. ئەمە هەمان ئەو پەیوەندیە بوو کە ئادەم و حەوا پێش ئەوەی گوناە بکەن لەگەڵ خودا هەیانبوو. بەڵام دوای گوناە کردنیان پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خودا پچڕا. بۆیە ئینجیل دەڵێت “چونکە هەموومان گوناهمان کردوە و لە شکۆمەندی خودا کەوتوین”. لەبەر ئەوە عیسا دەڵێت “جیهان (واتە مرۆڤەکان) خودا ناناسن”. 

کاتێک ئێمەی مرۆڤ گوناهمان کرد، پەیوەندیمان لەگەڵ خودا پچڕا و لەو دابڕاین. کاری دروست ئەوە بوو کە تۆبە بکەین و داوا لە خودا بکەین کە دووبارە خۆیمان پێبناسێنێت. بەڵام لە جێی ئەو کارە، هەوڵمان دا بە هەوڵ و کۆشش و تێگەیشتنی خۆمان خودا بناسین. بەو پێیەی بیرو هۆشی مرۆڤ و تێڕوانین و ئارەزووەکانی لەیەک ناچن و جیاوازن، بۆیە ئەو خودایەی کە بۆ خۆی دروستی دەکات و هەوڵینڵساندنی دەدات، جیاوازە لەگەڵ ئەو خودایەی کە کەسێکی دیکە بۆ خۆیی دروست کردوە و دەینڵسێت. چونکە بیرو بۆچۆنەکانمان جیاوازە، ڕێگای جیاوازمان بۆ ناسینی خودا خستوەتە ڕوو. دەرەنجامی ئەم کارە، دروست بوونی ئەو هەموو دین و مەزهەبەیە کە ئێستا هەن.

لەم نێوانەدا خەڵکانێک ماندوو بوون لە بیستنی ئەم هەموو بیرو بۆچون و دینە جیاوازانە، بۆیە بە باشی دەزانن بێباوەڕ بن بە خودا و زۆر بیری لێ نەکەنەوە. لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئێمە، بە هەوڵدانی خۆمان نەک تەنها ناتوانین خودا بناسین، بەڵکو دەبینە هۆی ئەوەی زۆرێک لە خەڵکی بێباوەڕ بن بە خودا.

تەنها ڕێگا بۆ ناسینی خودا ئەوەیە کە خودا بەزەیی پێماندا بێتەوە و خۆی خۆیمان پێبناسێنێت. خۆشبەختانە خودا لە ڕێگەی مەسیحەوە ئەو کارەی ئەنجام دا و خۆی بە ئێمە ناساند. بۆیە دەکرێت بڵێین: دین  واتە هەوڵی مرۆڤ بۆ ناسینی خودا ، بەڵام ئینجیل هەوڵدانی خودایە بۆ ناساندنی خۆی. 

لە ئینجیلدا عیسا دەڵێت “جیهان خودا ناناسێت، بەڵام من دەیناسم” (یوحەنا ١٧: ٢٥). عیسا نەک تەنها خودای دەناسی بەڵکو ئەو خودی خودا بوو کە لەسەر شێوەی مرۆڤ هاتە سەر زەوی بۆ ناساندی خۆی. عیسا لە یوحەنا بەشی (١٤) دا دەڵێت”هەرکەسێک منی بینیوە باوکمی (خودا) بینیوە. عیسا دەیتوانی بە بوێرییەوە ئەو قسەیە بکات، چونکە تەواوی ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا بوو کە لە خودا دا هەبوون، ئەمە عیسا جیا دەکاتەوە لە تەواوی پێغمبەرەکانی پێش خۆی، لە هێزو توانای خوداییەوە بگرە تا خۆشەویستی و بەخشینی ژیان و لێبووردنی گوناە و پاکی و پیرۆزی و هەموو تایبەتمەندیەکانی دیکە کە لە خودا دا هەن. ئەمە نەک تەنها بۆچونی عیسا بوو دەربارەی خۆی، بەڵکو قوتابیەکانیشی تێگەیشتنێکی تەواویان دەربارەی ئەم ڕاستیە پەیدا کرد. یەکێک لەوانە پەترۆسە، لە کرداری نێردراواندا دەڵێت “بێجگە لە عیسا ڕزگاربوون بە کەسی دیکە نییە، چونکە لەژێر ئاسماندا ناوێکی دیکە بە مرۆڤەکان نەدراوە کە بە هۆیەوە بتوانین ڕزگار بین”.

ئینجیلی پیرۆز بخوێنەرەوە و مەسیح بناسە، چونکە ناسینی مەسیح واتە ناسینی خودا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *