لەئاو هەڵکێشان

لەئاو هەڵکێشان چیە؟

پێش ئەوەی مەسیح بگەرێتەوە بۆ ئاسمان، بە نێردراوەکانی فەرموو: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ.  کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن،  فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.» (مەتا ٢٨: ١٨-٢٠). ئەم فەرمانەی مەسیح سێ خاڵ لەخۆ دەگرێت: قوتابی دروست کردن، لەئاو هەڵکێشان و فێرکردن. لێرەدا باسی لە ئاو هەڵکێشان دەکەین. ئایا لە ئاو هەڵکێسان چییە؟

لە ئاو هەڵکێشان
لە ئاو هەڵکێشان عیسای مەسیح

مەسیح بە نێردراوەکانی دەڵێت کە تەواوی نەتەوەکان بە ناوی باوک، رۆڵە وە رۆحی پیرۆز لە ئاو هەڵبكێشن. ئاو سیمبول و نیشانەی پاکیە. بۆیە کاتێک کەسێک دەیەوێت ژیانێکی نوێ لەگەڵ خودا دەستپێبکات، لە ئاو هەڵدەکێشرێت. خودی ئاو، جگە لە سیمبول و نیشانەیەک بۆ پاک بوونەوە، هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نیە لە کاتی لە ئاو هەڵکێشاندا. ئەوەی لە دەروونی مرۆڤدا روو دەدات گرنگە. گرنگە کە مرۆڤ بزانێت کە گوناهبارە، تۆبە بکات لە گوناه و بیەوێت ژیانێکی نوێ لەگەڵ خودا دەست پێبکات. پاش ئەوە مرۆڤ لە ئاو هەڵدەکێشرێت، وەک نیشانە و گەواهییەک بۆ ئەوەی کە لە دەروونیدا روویداوە. یەحیای پێغەمبەر خەڵکی لە رووباری ئوردن لە ئاو هەڵدەکێشا. بۆیە ئەگەر ئاو هەبوو، دەکرێت لە ئاوێکی سازگارد نوقم بین و بێینە دەرەوە. ئەگەر ئەو دەرفەتەمان نەبوو، دەکرێت برێک ئاو وەک نیشانەی پاک بوونەوە لە گوناە بەسەر سەرماندا بکرێت. 

لە ئاو هەڵکێشان بابەتێکی رۆحی دوور درێژە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە چەند ووشەیەکدا کوورتی بکەینەوە، دەکرێت بڵێین لە ئاو هەڵکێشان واتە: داننان بەگوناە و تۆبە لە گوناە و دەستپێکی ژیانێکی پاک لەگەڵ خودا.

 کاریی یەحیا

یەحیا یەکەم کەس بوو کە خەلکی بانگ کرد بۆئەوەی تۆبە بکەن و لە ئاو هەلبکێشرێن. یەحیا بەم شێوەیە خۆی ناساند. “من ئەو کەسەم کە لە چۆلەوانی هاوار دەکات: “رێگا بۆ خودداوەند ئامادە بکەن“ (یوحەنا ١: ٢٣). یەحیا وەک کەسێک خۆی ناساند کە پێش مەسیح دێت تاوەکو خەلکی ئامادە بکات بۆئەوەی ئەو رزگاریە بەدەست بهێنن کە خودا بۆ مرۆڤایەتی لەبەرچاوی گرتبوو. ئەو رزگارییەش ئەوەیە کە هەمووان لەرێگەی مەسیحەوە لەگەڵ خودا ئاشت ببنەوە و ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنن. یەحیا “دەیگووت: “تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە” (مەتا ٣: ٢). لێرەدا مەبەست لە پادشایەتی ئاسمان، ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ، پەیوەندییەکی دوولایەنە و زیندوومان لەگەڵ خودا هەبێت. هەمان ئەو پەیوەندییەی کە ئادەم و حەوا پێش ئەوەی گوناه بکەن لەگەڵ خودا هەیانبوو. یەحیا پێمان دەڵێت، ئەم پەیوەندیە کاتێک دەست پیدەکات کە ئێمە تۆبە بکەین و ژیانێکی نوێ لەگەڵ خودا لە رێگەی مەسیحەوە دەست پێبکەین. بۆ ئەم مەبەستەش یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. ئیجیلی پیرۆز پیمان دەڵێت کە خەڵکی لە ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیلەوە روویان لە روباری ئوردون دەکرد. ئەوان دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ئاو هەڵدەکێشران. مەتا ٣: ٥-٦). 

یەحیا خەڵکی بانگ دەکرد تاوەکو لەگەڵ خودا ئاشت ببنەوە و دووبارە پەیوەندیان لەگەڵی هەبێت. بۆئەی ئەو پەیوەندییە دروست ببێتەوە، گرنگە ئێمەی مرۆڤ دان بە گوناهکاربوونی خۆماندا بنێن. 

 واتە هەنگاوی یەکەم بۆ چونە ناو پاشایەتی خودا (هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خودا) داننانە بە گوناهکاربوونماندا. هەنگاوی دووەم تۆبە کردنە لە گوناە. تۆبە لە گوناە واتە دەستهەڵگرت لە گوناه و هەڵبژاردنی ژیانێکی پاک و پیرۆز کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ویست و ئیرادەی خودا بۆ ژیانمان. ئەوانە ئەو دوو کارە بوون کە خەڵکی ئەنجامیان دەدا کاتێک دەهاتنە لای یەحیا. دانپێدانان بە گوناهەکانماندا بە تەنیایی بەس نیە، پاش ئەوە، پێویستە، تۆبە واتە دەستهەڵگرتن لە گوناهی بەدوادا بێت. سڵێمانی حەکیم لە کتێبی ژیرمەندیدا دەڵێت: “ئەوەی گوناهەکانی خۆی بشارێتەوە سەرناکەوێت، بەڵام دانپێدانەر و وازلێهێنەر بەر بەزەیی دەکەوێت”. (پەندەکانی سلێمان (٢٨ :١٣). پاش ئەوەی خەڵکی دانیان بە گوناهەکانیاندا دەناو تۆبەیان دەکرد، یەحیا داوای لێدەکردن کە لەوەودوا پێویستە بەرووبومێکیان هەبێت کە سەلمێنەری ئەوە بێت کە بەراستی وازیان لە گوناە هێناوە و ژیانێکی نوێیان دەست پێکردوە. بۆیە دەیووت: “با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە”. (مەتا ٣: ٨).

واتە ئەگەر داننان بە گوناە و تۆبەکردن دارێک بێت، دەبێت بەرووبوومی ئەو دارە ژیانێکی پاک و پیرۆز پێچەوانەی ژیانە کۆنەکەمان بێت. واتە دەبێت رەفتار و کردار و دونیابینی و شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ دەورووبەر، بەو شێوەیە بێت کە خودا دەیەێت. ئەگەر رەفتارو کردار و شێوازی ژیانمان، پاش تۆبە کردن نەگۆرا، ئەوە واتای ئەوەیە کە ئێمە تنها بە زمان تۆبەمان کردوە. 

خەڵکی بە مەبەستی تۆبە کردن روویان لە یەحیا دەکرد و ئەویش لەئاوی هەڵدەکێشان. لە هەمانکاتدا یەحیا پێی ووتن: “من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت (مەسیح)، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم تەنانەت پێڵاوەکانیشی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت” (مەتا ٣: ١١). لێرەدا دەبینین کە کاری یەحیا ئامادە کردنی دڵەکانی ئێمەیە بۆئەوەی مەسیح لە رێگەی رۆحی پیرۆزەوە تیایاندا نیشتەجی ببێت. بۆیە کتێبی پیرۆز دەڵێت “یەحیا ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە: کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن”.  (مەتا ٣: ٢). 

داننان بە گوناە و تۆبە کردن دوو کاری زۆر گرنگن. هەروەها زۆر گرنگە کە ئێمەی مرۆڤ ویستی ئەوەمان تێدا بێت کە شێوازی ژیانمان بگۆرین و ژیانێکی بەرهەمدار و خوداپەسەندانەمان هەبێت. بەڵام کێشەی ئێمەی مرۆڤ ئەوەیە کە ناتوانیت بە تەنیایی و بەبێ یارمەتی خودا ژیانێکی لەو شێوەیە بژین. خۆشبەختانە یەحیا مژدەی ئەوەمان دەداتێ کە خودا لە رێگەی رۆحی پیرۆزییەوە توانامان پێدەبەخشێت تاوەکو بتوانیت بەو شێوەیە بژین کە ئەو دەیەوێت (ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت). واتە کاتێک خودا دەبینێت کە ئیمە بەدڵ دان بە گوناهکاربوونی خۆماندا دەنێین و تۆبەیەکی راستەقینە دەکەین، کاتێک دەبینێت کە ئیمە لە دڵەوە دەمانەوێ بەرووبووممان هەبێت و ژیانێکی خوداپەسەندانە بژین، بە هانامانەوە دێت و لە رێگەی رۆحی پیرۆزەوە لە دەروونماندا نیشتەجێ دەبێت. رۆحی خودا هێزو توانامان پێدەبەخشێت تاوەکو پاوک و پیرۆز و دوور لە گوناە بژین. رۆحی پیرۆز، رۆحی خودایە کە باوەرداران بە مەسیح وەری دەگرن و لە دەروونیاندا نیشتەجێ دەبێت. 

چیروودەاتلەکاتیلەئاوهەڵکێشاندا

پۆڵسی نێردراو لەنامەکەیدا بە باوەردارانی رۆما دەڵێت: «ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟  بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین» (ڕۆما ٦:٣-٤). لێرەدا دەبینین کەسێک کە لە ئاو هەڵدەکێشرێت، لەگەڵ مەسیحدا دەمرێت، دەنێژرێت وە لەگەڵ مەسیح بۆ ژیانێکی نوێ زیندوو دەبێتەوە. دەکرێت بڵێین کەسی لەئاو هەڵکێشراو شەهیدێکی زیندووە. ئەو مردوە لە بەرامبەر گوناە و دونیا و ئارەزوەکانی دونیادا، بەڵام زیندوە لە بەرانبەر خودا و ئەنجامدانی ویست و ئیرادەی ئەو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *