بەهرە ڕۆحییەکان لە کتێبی پیرۆزدا
هەر بەهرەیەکی ڕۆحی، توانایەکی نائاسایی (لێهاتوویی) و ئارەزوویەکە، یان پلە و ئەرکێکی ئاساییە (کار یان خزمەتێکی دیاریکراو) لە ناو کڵێسادا. ئەم بابەتە لیستی بەهرە ڕۆحییەکان کە لە کتێبی پیرۆزدا هاتوون بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە، بۆ ئەوەی هەریەکە لە ئێوە بەهرە ڕۆحییەکانی خۆی بناسێتەوە.
١. «سەرکردەکان» (ڕۆما ١٢ :٨): سەرکردایەتی دەکەن بەوەی لە پێشەوە دەڕۆن، ئاراستە دیاری دەکەن و دەبنە نموونەیەکی باش. ئەمە بە پلەی یەکەم بەرپرسیارێتی شوانەکان، وتاربێژەکان، مامۆستاکان و پیرانی کڵێسایە.
٢. بەڕێوەبەران (١ کۆرنتۆس ١٢ :٢٨): سەرکردایەتی کڵێسا دەکەن وەک کەشتیوانێکی کەشتی، بە دانایی کڵێسا بەناو کاتە سەختەکان و کێشەکاندا دەبەن. لە پەیمانی نوێدا پیرانی کڵێسا هەبوون کە سەرکردایەتی کڵێسایان دەکرد بەبێ ئەوەی ئەرکی وتاردان یان فێرکردنیان لەسەر بێت (١ تیمۆساوس ٥ :١٧). لە کاتێکدا یارمەتیدەرەکان خەریکی کاروباری دەرەکی و ڕێکخستنی کڵێسا بوون، بەڕێوەبەرەکان خەریکی ئاستێکی دیاریکراوی سەرکردایەتی ڕۆحی بوون..
٣. خزمەتکاران (ڕۆما ١٢ :٧): جۆرە جیاوازەکانی پێداویستی دەبینن و سوکی دەکەن. ئەم مەسیحییانە زۆربەی کات ”خزمەتکار”ن.
٤. یارمەتیدەران (١ کۆرنتۆس ١٢ :٢٨): لە زۆر ئەرکی جیاوازی کڵێسادا هاوکار دەبن.
٥. وتنی وشەی دانایی (١ کۆرنتۆس ١٢ :٨): باشترین ڕێگای پراکتیکی نیشانی خەڵک دەدەن بۆ گەیشتن بە باڵاترین ئامانجەکان. ئەم مەسیحییانە ئامۆژگاری خەڵک دەکەن چۆن بە باشترین شێوە بژین و خودا ڕازی بکەن.
٦. وتنی وشەی زانیاری (١ کۆرنتۆس ١٢ :٨): ئەو شتانە ڕوون دەکاتەوە کە پێشتر شاراوە بوون (بۆ نموونە ١ کۆرنتۆس ٢: ٧-٩؛ ئەفەسۆس ٣: ١-٦). ئەم مەسیحییانە جیاوازی دەکەن کە ئایا زانیارییەکی دیاریکراو ڕاستە و جێی متمانەیە یان نا، واتە ئایا لەگەڵ سروشت و ئاشکراکردنی خودا لە پەرتووکی پیرۆزدا دەگونجێت یان نا.
٧. وتنی زەبوور، سروودێکی ستایش یان گۆرانییەکی نوێی ڕۆحی (١ کۆرنتۆس ١٤ :٢٦؛ ئەفەسۆس ٥:١٩؛ کۆڵۆسی ٣ :١٦): بڵاوکردنەوەی پەیامی خودایە لە ڕێگەی شیعر، گۆرانی و موزیکەوە.
٨. وتنی هاندەرانە یان هاندانی کەسێک (ڕۆما ١٢ :٨): هاندانی مەسیحییەکانە بۆ ئەوەی پەرتووکی پیرۆز بخەنە ناو ژیانی پراکتیکییەوە، چ لە ڕێگەی وتووێژی تایبەت یان وتاری گشتییەوە. ئەم مەسیحییانە ئامۆژگاری مەسیحییەکانی تر دەکەن لە بواری گەشەی ڕۆحی و خزمەتکردنیاندا، و هانیان دەدەن ئەوەی لە پەرتووکی پیرۆزدا فێری دەبن لە ژیانی ڕۆژانە و لە گەشەپێدانی کەسایەتییاندا جێبەجێی بکەن.
٩. بەخشین (ڕۆما ١٢ :٨): بەکارهێنانی سەروەت و سامانی زەوییە بۆ چاکەی خەڵک و شکۆمەندی خودا. تەرخانکردنی پارەیە بۆ پێشخستنی پاشایەتی خودا و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک لە کڵێسای خۆیان و کڵێساکانی تری جیهان و یارمەتیدانی هەژاران (پەندی سولەیمان ١٤:٣١؛ ١٩:١٧).
١٠. نواندنی بەزەیی (ڕۆما ١٢ :٨): هەستکردن بە پێداویستییەکانی خەڵکانی تر و گرتنەبەری هەنگاو بۆ سوککردنی ئەو پێداویستییانە. ئەم مەسیحییانە گوێگر و چاودێرێکی باشن. دەتوانن خێرا پێداویستی و هەستەکانی خەڵکانی لێقەومراو دەستنیشان بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی چەوسێنراونەتەوە، نەخۆشن، یان تەنیا و ترساون.
١١. باوەڕ (١ کۆرنتۆس ١٢ :٩): ئەنجامدانی ئەرکێکی تایبەت بۆ خودا. ئەم مەسیحییانە لە ئەرکە سەختەکاندا متمانەی تەواویان بە خودا و سەرچاوەکانی هەیە. بۆ نموونە، خودا دەکرێت داوایان لێ بکات بچنە وڵاتێکی تر (عیبرانییەکان ١١: ٨-١٠)، یان لە کاتی چەوسانەوەدا خۆڕاگر بن. ئەمانە بڕوایان وایە خودا دەتوانێت موعجیزە بکات و بەربەستەکان وەک چیا لابدات (مەرقۆس ١١: ٢٢-٢٣).
١٢. بەهرەکانی چاککردنەوە (شیفا) (١ کۆرنتۆس ١٢:٩، ٣٠): ئارەزوو و توانای نائاسایی بۆ چاککردنەوەی نەخۆشییەکانی جەستە و ڕۆح. خودا ئەم کەسانە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت. پەرتووکی پیرۆز دەڵێت هەموو چاکبوونەوەیەک لە خوداوەیە و کارێکی سەروو سروشتییە.
١٣. کارکردنی هێزەکان یان موعجیزەکان (١ کۆرنتۆس ١٢:١٠، ٢٨-٢٩): توانای نائاسایی بۆ ئەنجامدانی کاری سەروو سروشتی یان نیشانەی نائاسایی. ئامانج لێی بە پلەی یەکەم بەهێزکردنی باوەڕە بە عیسای مەسیح (یۆحەنا ٢٠: ٣٠-٣١) و بەخەبەرهێنانی باوەڕ بە خودای زیندوو.
١٤. جیاکردنەوەی ڕۆحەکان (١ کۆرنتۆس ١٢:١٠): توانایەکی نائاسایی یان بانگەوازێک بۆ جیاکردنەوەی جۆرە جیاوازەکانی ڕۆحەکان. کاتێک هێشتا پەیمانی نوێ نەنووسرابووەوە، مەسیحییەکان ئەم بەهرەیەیان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی بزانن ئایا شتێک: (١) خوداییە یان شەیتانی، (٢) ڕۆحییە یان دەروونی، (٣) بونیادنەرە یان تێکدەر، (٤) ڕاستە یان ساختە. ئەم مەسیحییانە دەتوانن بزانن ئەوەی وتاربێژێک دەیڵێت ڕاستە یان نا (١ کۆرنتۆس ١٤ :٢٩).
ڕۆحە پیسەکان بە ڕاستی بوونیان هەیە و لەناو ئەو کەسانەدا کار دەکەن کە عەوداڵی جادوو و کاری تاریکین. ئەوان تەنانەت هەوڵ دەدەن خۆیان وەک پێغەمبەر یان نێردراو یان مەسیح نیشان بدەن (مەتتا ٢٤:٢٤؛ ٢ کۆرنتۆس ١١: ١٣-١٥) بۆ ئەوەی خەڵک هەڵبخەڵەتێنن.
١٥. قسەکردن بە زمانەکان (زمانی نامۆ): لە پەرتووکی کرداری نێردراواندا (کردار ٢: ٧-١١)، قسەکردن بە “زمانەکان” توانایەکی نائاسایی بوو بۆ قسەکردن بە زمانێکی تری هەبوو و تێگەیشتراو (زمانی مرۆڤەکان) دەربارەی خودا و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی. ئامانجی ئەم بەهرەیە سەلماندنی ڕژانی ڕۆحی پیرۆز بوو لە مێژووی ڕزگاریدا. کتێبی کرداری نێردراوان باس لەوە دەکات کە خودا لە مێژوودا چی کردووە، ئەو ڕووداوانە تاقانە بوون و زۆریان دووبارە نەبوونەتەوە.
پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە نیشانە ئاساییەکانی وەرگرتنی ڕۆحی پیرۆز لەمڕۆدا ئەمانەن: (١) دروستبوونی کڵێسایەکی کارا (١ کۆرنتۆس ١٢: ١٢-١٣) و (٢) هەبوونی بەرهەمی ڕۆحی پیرۆز، بەتایبەتی خۆشەویستی، لە ژیانی باوەڕداران (گالاتیا ٥ :٢٢). تەنانەت ئەگەر بەهرەکان نەمێنن، نابێت خۆشەویستی نەمێنێت (١ کۆرنتۆس ١٣: ١-٨).
لە نامەی یەکەمی کۆرنتۆسدا، قسەکردن بە زمانەکان وەک دیاردەیەکی نائاسایی لە کڵێسای کۆرنتۆسدا دەردەکەوێت کە بە دەنگی نەزانراو و تێنەگەیشتراو قسە دەکران (زمانی فریشتەکان). ئەمە دەبووە هۆی سەرلێشێوان لە کڵێسادا. پۆڵسی نێردراو دەڵێت کە دەبێت سنوور بۆ ئەم کارە دابنرێت تا نەبێتە هۆی پشێوی (١ کۆرنتۆس ١٤: ٢٦-٢٨). پۆڵس جەخت دەکاتەوە کە دەبێت هەموو شتێک بۆ بونیادنانی کڵێسا بێت نەک بۆ پشێوی.
١٦. لێکدانەوە یان وەرگێڕانی زمانەکان (١ کۆرنتۆس ١٢:١٠، ٣٠؛ ١٤: ٢٧-٢٨): توانایەکی نائاسایی بۆ تێگەیشتن و وەرگێڕانی زمانە مرۆییەکان یان لێکدانەوەی زمانە نامۆکان، بۆ ئەوەی هەموو ئامادەبووان تێبگەن و بونیاد بنرێن. ئەگەر وەرگێڕ نەبوایە، پۆڵس قسەکردنی بە زمانی نامۆ لە ناو کۆبوونەوەی کڵێسادا قەدەغە دەکرد (١ کۆرنتۆس ١٤ :٢٨).
١٧. خۆگرتنەوە یان سەڵتی (١ کۆرنتۆس ٧:٧، ٣٢-٣٥؛ مەتتا ١٩: ١٠-١٢): توانایەکی نائاسایی و هەڵبژاردن بۆ بە تەنها مانەوە (هاوسەرگیری نەکردن) بە مەبەستی خزمەتکردنی خودا و فراوانکردنی پاشایەتییەکەی بە دڵێکی بێ دابەشبوون.
١٨. بەهرە داهێنەرەکان و پیشەییەکان (دەرچوون ٣١: ٣-٥): توانای نائاسایی بۆ داڕشتنی نەخشە و کارکردن لەسەر کەرەستە جیاوازەکان (وەک تەختە، بەرد، کانزا) و دروستکردنی پۆشاک.
١٩. بەهرە مۆسیقییەکان: توانای دانانی ئاواز، گۆرانی وتن (ئەفەسۆس ٥ :١٩) و ژەندنی ئامێرە مۆسیقییەکان (زەبوور ٣٣: ٢-٣).
بۆ زانینی زیاتر دەربارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی بەهرە ڕۆحییەکان لە خزمەتکردندا، ئەم بابەتەش بخوێنەرەوە: خزمەتکردن بەگوێرەی بەهرە ڕۆحییەکان. هیوامانە ئەم لیستی بەهرە ڕۆحییەکان یارمەتیت بدات بۆ ناسینی بەهرەکەت.



