مانای لەئاوهەڵکێشانی مەسیحی (٩ بەشی پەرتووکی پیرۆز)
بەشی یەکەم:
١. عیسا و لە ئاوهەڵکێشان
لە ئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا وەک ئامادەکارییەک بۆ هاتنی عیسا
(مەتا ٣:١١-١٢) یەحیا دەڵێت: من بە ئاو (کە نیشانەیەکی دیارە) لە ئاوتان هەڵدەکێشم بۆ تەوبەکردن، بەڵام ئەو (عیسا) کە لەدوای من دێت… ئێوە بە ڕۆحی پیرۆز (کە نادیارە) و بە ئاگر لە ئاو هەڵدەکێشێت… ئەو گەنمەکەی خۆی (ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن) کۆدەکاتەوە و پاشماوەکە (ئەوانەی باوەڕی پێ ناهێنن) بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.
چونکە خودا بوونەوەرێکی ١٠٠٪ پیرۆز و دادپەروەرە، دوو مەرجی هەیە: (١) هەر شتێک لەبەرچاوی خودا هەڵە بێت، دەبێت ١٠٠٪ سزا بدرێت، و (٢) هەر شتێک لەبەرچاوی خودا ڕاست بێت، دەبێت ١٠٠٪ جێبەجێ بکرێت. هیچ مرۆڤێک ناتوانێت ئەم دوو مەرجە جێبەجێ بکات، چونکە هەموو مرۆڤێک گوناهبارە و کەس نییە ئەوەندە چاک بێت کە بتوانێت مەرجەکانی خودا جێبەجێ بکات (ئیشایا ٦٤:٦؛ ڕۆما ٣:١٠-١٢). تەنها عیسا لە ڕێگەی مردنی لەسەر خاچ و هەستانەوەی، ئەم دوو مەرجەی جێبەجێ کرد (یۆحەنا ١:٢٩).
بۆیە خودا یەحیای نارد تا ڕێگا بۆ عیسا ئامادە بکات. یەحیا داوای تەوبەکردن (گۆڕینی بیرکردنەوە) و لێخۆشبوونی گوناهی لە خەڵک دەکرد و وەک هێمایەک بە ئاو لە ئاوی هەڵدەکێشان. ئەو ڕایگەیاند کە لەدوای ئەو، عیسا دێت تا ڕاستییەکە جێبەجێ بکات، ئەویش لە ئاوهەڵکێشانی خەڵکە بە ڕۆحی پیرۆز یان بە ئاگر.
عیسا ڕێگە دەدات لە ئاو هەڵبکێشرێت
(مەتا ٣:١٣-١٧) «عیسا لە جەلیلەوە هات بۆ ڕووباری ئوردن تا لە لایەن یەحیاوە لە ئاو هەڵکێشرێت… عیسا فەرمووی: «با ئەمە بکرێت، چونکە بەم شێوەیە ئێمە (یەحیا و عیسا) هەموو ڕاستودروستییەک بەدی دەهێنین.» دوای ئەوەی عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، یەکسەر ئاسمان کرایەوە و ڕۆحی خودای بینی وەک کۆترێک هاتە خوارەوە بۆ سەری… و دەنگێکی لە ئاسمانەوە بیست کە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستی منە کە زۆر لێی ڕازیم».
بە ئەنجامدانی ئەم کارە، عیسا جەختی لەسەر پەیامەکەی یەحیا و ئەرکەکەی خۆی کردەوە کە لە لایەن خوداوە پێی سپێردرابوو. ئەرکی ئەو ڕزگارکردنی باوەڕداران و ڕاگەیاندنی سزای بێبڕوایان بوو. عیسا بە ژیانی بێگەردی و مردنی لەسەر خاچ و هەستانەوەی، هەموو دادپەروەریی خودای بەدیهێنا.
تەنها عیسا دەتوانێت بە ڕۆح یان بە ئاگر لە ئاومان هەڵبکێشێت
تەنها عیسا خەڵک بە ڕۆحی پیرۆز یان بە ئاگر لە ئاو هەڵدەکێشێت (مەرقۆس ١:٨). ئەوانەی عیسا قبوڵ دەکەن، ئەو کۆیان دەکاتەوە لەناو خێزان و گەل و کڵێسا و شانشینی خۆیدا (یەکەم کۆرنسۆس ١٢:١٣). بەڵام ئەوانەی عیسا ڕەت دەکەنەوە، بە ئاگری دۆزەخ دەیانسووتێنێت (مەتا ٣:١١-١٢).
٢. وشەی «لە ئاوهەڵکێشان
کاتێک لە پەرتووکی پیرۆزدا دەربارەی «لە ئاوهەڵکێشان» دەخوێنیتەوە، هەمیشە سەرەتا لە خۆت بپرسە مەبەست لە کام جۆریانە: (١) لە ئاوهەڵکێشان بە ڕۆحی پیرۆز، (٢) لە ئاوهەڵکێشان بە ئاو، یان (٣) لە ئاوهەڵکێشان لەناو ئازار و مەینەتیدا. وشەی «لە ئاوهەڵکێشان» (بە یۆنانی: بابتیزۆ) لەناو پەرتووکی پیرۆزدا تەنها واتایەکی فیزیکی نییە، بەڵکو واتایەکی ڕۆحی، ڕێوڕەسمی و هێمایی (ڕەمزی) هەیە.
واتای ڕۆحی: لە ئاوهەڵکێشان بە ڕۆحی پیرۆز
مەرقۆس ١:٨ «من بە ئاو لە ئاوم هەڵکێشان، بەڵام ئەو (عیسا) بە ڕۆحی پیرۆز لە ئاوتان هەڵدەکێشێت».
لە ئاوهەڵکێشانی ڕاستەقینەی مەسیحی بریتییە لە «لە ئاوهەڵکێشان بە ڕۆحی پیرۆز» کە مەبەست لێی دووبارە لەدایکبوونەوەی ڕاستەقینەیە. «هەموو ئەوانەی عیسایان قبوڵ کرد و باوەڕیان بە ناوی ئەو هێنا، دەسەڵاتی پێدان ببنە منداڵی خودا… ئەوان لە خودا لەدایک بوون» (یۆحەنا ١:١٢-١٣). هەر کەسێک مژدەی ئینجیل ببیستێت و باوەڕ بە عیسا بهێنێت و تەوبە بکات، سەرەتا ئەم ڕاستییە (جەوهەرەکە) وەردەگرێت: لێخۆشبوونی گوناهەکان، هاتنی ڕۆحی پیرۆز بۆ ناو دڵی، بوون بە ئەندام لە جەستەی مەسیحدا (خێزان، گەل، کڵێسا و شانشینی ئەو) و ژیانی ئەبەدی (کرداری نێردراوان ١١:١٤-١٨؛ ١٥:٧-٩).
پاشان نیشانە هێماییەکە (ڕەمزییەکە) وەردەگرێت، کە بریتییە لە «لە ئاوهەڵکێشان بە ئاو» بە ناوی مەسیحەوە (کردار ١٠:٤٣-٤٨) هەر کەسێک بە ئاو لە ئاو هەڵکێشرابێت بەڵام لە ڕۆحی پیرۆز هەڵنەکێشرابێت، ئەو هێشتا نەبووەتە مەسیحی (کردار ١٩:١-٥). «بە ڕاستی پێت دەڵێم، ئەگەر کەسێک لە ئاو و ڕۆح لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خوداوە» (یۆحەنا ٣:٥).
لە ئاوهەڵکێشانی مەسیحی لە بنەڕەتدا بریتییە لە «لە ئاوهەڵکێشان بە ڕۆح». خودا ڕۆحی پیرۆزی خۆیت پێ دەبەخشێت کە وات لێ دەکات دووبارە لەدایک ببیتەوە و «بەروبوومی ڕۆح» (گالاتی ٥:٢٢) و «بەهرەکانی ڕۆح»ت پێ دەبەخشێت (ڕۆما ١٢:٤-٨ وە یەکەم کۆرنسۆس ٧:١، ١٢:٧ وە ١٤:٦، ٢٦. هەروەها ئەفەسۆس ٤:١١، وە یەکەم پەترۆس ٤:١٠-١١. پاشان بە ئاو لە ئاو هەڵدەکێشرێیت وەک نیشانەیەکی ڕێوڕەسمی (هێما) و مۆرێک (دڵنیاییەک) کە خودا تۆی بە ڕۆح لە ئاو هەڵکێشاوە، واتە تۆ بە کرداری بوویتە مەسیحییەکی دووبارە لەدایکبوو (کردار ١٠:٤٧-٤٨ بڕوانە یۆحەنا ٣:٥ وە کردار ١٩:٣-٦ وە تیتۆس ٣:٣-٨).
ئەو (عیسا) «ئێوە… بە ئاگر لە ئاو هەڵدەکێشێت» (مەتا ٣:١١-١٢). لە ئاوهەڵکێشان بە ئاگر ڕاستییەکە کە ئاماژەیە بۆ سزای ئەبەدی (دۆزەخ). لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە کەسەکە پڕ بێت لە جۆش و خرۆش، بەڵکو مەبەست لێی سووتاندنی ئەو کەسانەیە کە وەک «کا» وان لەناو دۆزەخدا.
واتای ڕێوڕەسمی: لە ئاوهەڵکێشان بە ئاو (پاکبوونەوە)
مەرقۆس ٧:٤ «جووەکان کاتێک لە بازاڕدەگەڕانەوە، نانیان نەدەخوارد ئەگەر یەکەمجار دەستیان نەشوشتایە (لە یۆنانییدا: لە ئاو هەڵنەکێشرانایە).» دەستەکان بەوە دەشۆران کە ئاو لە سەرەوە دەڕژێنرا سەر دەستەکان (دووەم پاشایان ٣:١١؛ لۆقا ١١:٣٨) هەروەها جووەکان پابەندی شۆردنی (ئاوهەڵکێشانی) پەرداخ و گۆزە و دەفرە مسینەکان و تەختەخەوەکانیش دەبوون.
یەحیای لە ئاوهەڵکێش خەڵکی بە ئاو لە ئاو هەڵکێشا وەک نیشانەیەکی ڕێوڕەسمی و مۆرێک بۆ تەوبەکردن و لێخۆشبوونی گوناهەکانیان (مەرقۆس ١:١-٤).
مەسیحییەکان بە ئاو لە ئاو هەڵدەکێشرێن وەک نیشانەیەکی ڕێوڕەسمی و مۆرێک بۆ لە ئاوهەڵکێشانیان بە ڕۆحی پیرۆز؛ واتە نیشانی دەدەن کە بەهۆی دووبارە لەدایکبوونەوەیانەوە لەگەڵ خودای سیانەی پیرۆز یەکیان گرتووە و بوونەتە قوتابیی عیسا.
مەتا ٢٨:١٩ «بڕۆن، هەموو گەلان بکەنە قوتابی و بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆزەوە لە ئاویان هەڵبکێشن و فێریان بکەن کە هەموو ئەو فەرمانانەی پێم داون، جێبەجێی بکەن.» دەستەواژەی «بە ناوی…» واتە «بۆ ئەوەی ببیتە موڵکی…» یان «بۆ ئەوەی یەکبگریت لەگەڵ…» خودای سیانەی پیرۆزدا».
واتای هێمایی (ڕەمزی) لە ئاوهەڵکێشان لەناو ئازاردا
مەرقۆس ١٠:٣٨-٣٩ «بەو لە ئاوهەڵکێشانە لە ئاو هەڵکێشرێن کە من (عیسا) پێی لە ئاو هەڵکێشرێم.» عیسا لێرەدا مەبەستی ئەوە بوو کە ئازار و مەینەتییەکی زۆر دەڕژێتە سەری. لە کاتێکدا مەسیحییەکان تەنها یەکجار بە ئاو لە ئاو هەڵکێشرێن، بەڵام چەندین جار لەم جیهانەدا ڕووبەڕووی چەوسانەوە و ناخۆشی دەبنەوە (دووەم تیمۆساوس ٣:١٢؛ یەکەم پەترۆس ٤:١٣).
٣. لە ئاوهەڵکێشان بە ڕۆحی پیرۆز واتای ئەوەیە کە تۆ لەگەڵ عیسای مەسیح و ئەو کارە ڕزگاریبەخشەی کە ئەو بە ئەنجامی گەیاندووە، یەکدەگریت
تۆ دەچیتە ناو پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ عیسا و لەگەڵ مردن و هەستانەوەیدا یەکدەگریت.
ڕۆما ٦:٣-٧ «ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟ بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین.
ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین. ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناە بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناە نەبین».
لێرەدا سروشتە کۆنە گوناهبارەکەی مرۆڤت دەمرێت و سروشتە نوێیە دووبارە لەدایکبووەکەت هەڵدەستێتەوە. ئێستا ژیانی تۆ لەگەڵ مەسیحدا لەناو خودا شاردراوەتەوە (کۆلۆسی ٣:٣). ئێستا تۆ لە مەسیحدایت و مەسیحیش لەناو تۆدایە.
دووبارە لەدایکبوونەوە و گۆڕانی ژیان
هەموو ئەوانەی عیسایان قبوڵ کرد و باوەڕیان بە ناوی ئەو هێنا، دەسەڵاتی پێدان ببنە منداڵی خودا. ئەوان لە خودا لەدایک بوون (یۆحەنا ١:١٢-١٣) هەموو گوناهەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووت دەشۆردرێنەوە، واتە خودا بە تەواوی لێت دەبوورێت و لەبەردەم خودادا بێتاوان (ڕاستودروست) دەکرێیت. (کردار ٢٢:١٦) خودا چیتر گوناهەکانی ڕابردووت ناهێنێتەوە یادی خۆی (عبرانییەکان ٨:١٢). «هەموو ئەوانەی (بە ڕۆح) لە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا لە ئاو هەڵکێشراون، مەسیحیان پۆشیوە» واتە ڕاستودروستی و پیرۆزی و خۆشەویستی ئەو بووەتە جلوبەرگیان (گەڵاتیا ٣:٢٧).
تۆ دەبیتە ئەندام لە خێزانی خودا، گەلی پەیمانەکەی، کڵێسا و شانشینی خودا
یەکەم کۆرنسۆس ١٢:١٣ ئێمە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ ناو یەک جەستە (جەستەی مەسیح، کە کڵێسای جیهانییە) لە ئاو هەڵکێشراین.
تۆ بوویتە بەشێک لە:
- خێزانی نوێی خودا لە پەیمانی نوێدا.
- گەلی پەیمانی خودا، کە بەردەوامیی گەلی پەیمانی خودایە لە پەیمانی کۆندا (دووەم کۆرنسۆس ٦:١٦).
- کڵێسای خودا (یەکەم کۆرنسۆس ١٢:١٣).
- شانشینی خودا (یۆحەنا ٣:٥).
٤. لە ئاوهەڵکێشانی ئاو هێمایە بۆ لە ئاوهەڵکێشانی ڕۆح
کرداری نێردراوان ١٠:٤٧-٤٨ «کەس هەیە ڕێگری لە ئاو بکات بۆ لە ئاوهەڵکێشانی ئەم کەسانەی کە وەک ئێمە ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرتووە؟» پەترۆس فەرمانی دا کە (باوەڕدارانی ناجوولەکە) بە ناوی پەروەردگارەوە بە ئاو لە ئاو هەڵبکێشرێن».
خودا لە ئاوهەڵکێشان بە ئاو بە ئەوان و بە تۆش دەبەخشێت وەک نیشانە و مۆرێک، بۆ ئەوەی دڵنیاتان بکاتەوە کە ئێوە بە ڕۆحی پیرۆز لە ئاو هەڵکێشراون. لە ئاوهەڵکێشان بە ئاو فەرمانێکی عیسایە بۆ هەر کەسێک کە بووەتە قوتابی یان شوێنکەوتووی ئەو. ئەو کەسە لە لایەن مەسیحییەکی تر بە ئاو لە ئاو هەڵدەکێشرێت، چ بە ناوی عیسای مەسیحی پەروەردگارەوە (کرداری نێردراوان ١٠:٤٨) یان بە ناوی خودای سیانەی پیرۆزوە (باوک، کوڕ و ڕۆحی پیرۆز) (مەتا ٢٨:١٩). دەستەواژەی «بە ناوی…» واتای «بۆ ئەوەی ببیتە موڵکی…» یان «بۆ ئەوەی یەکبگریت لەگەڵ…» خودای سیانەی پیرۆزدا دەگەیەنێت. لە ئاوهەڵکێشان بە ئاو نیشانە و مۆرێکی دیارە کە دەیسەلمێنێت باوەڕدارەکە لەگەڵ ئەو خودایەی کە خاوەنی ئەم ناوەیە، یەکی گرتووە.
ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی لە ئاوهەڵکێشان بەئاو
بەشی دووەم:
لە ئاوهەڵکێشان بە ئاو فەرمانێکی مەسیحە
(مەتا ٢٨:١٩، کرداری نێردراوان ٢٢:١٦)
لە ئاو هەڵکێشان بە ئاو تەنها هەڵبژاردنێکی ئارەزوومەندانەی کەسی نییە، بەڵکو فەرمانێکی ڕاستەوخۆی مەسیحە و لە چوارچێوەی بوون بە قوتابی عیسادا دێت. عیسا دەیەوێت دوای ئەوەی لە ئاو هەڵکێشرایت، زیاتر ڕابهێنرێیت تا ببیتە شوێنکەوتوو و فێرخوازێکی ڕاستەقینەی ئەو، پەیامەکانی بناسیت و گوێڕایەڵیان بیت.
مەسیحییەکی تر لە ئاوت هەڵدەکێشێت
تۆ خۆت خۆت لە ئاو هەڵناکێشیت. بەڵکو ڕێگە دەدەیت کەسێکی تر لە ئاوت هەڵبکێشێت، گوزارشت لەو باوەڕەت دەکەیت کە خودا یەکەم هەنگاوی بۆ لای تۆ ناوە و تۆی دووبارە بە دونیا هێناوە (یۆحەنا ١:١٢-١٣).
گەواهیدانی خودا بۆ تۆ لە کاتی لە ئاوهەڵکێشاندا
سەرەتا، ئەو کەسەی کە کاری لە ئاوهەڵکێشانت بۆ ئەنجام دەدات، پەیامی خودات بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەو بە «ناوی عیسای مەسیحەوە» لە ئاوت هەڵدەکێشێت؛ ئەمەش واتە بە فەرمانی عیسا و بەو دڵنیاییە تەواوەی کە عیسا پێشتر تۆی بە ڕاستی دووبارە بە دونیا هێناوە.
ئەو کەسەی لە ئاوت هەڵدەکێشێت، ئەم قسانەت پێ دەڵێت:
«(ناوی کەسەکە)، خودا لە ڕێگەی ئەم لە ئاوهەڵکێشانەت بە ئاو، نیشانەیەکی دیار و بڕوانامەیەکی ڕەسمیت پێ دەبەخشێت کە دەیسەلمێنێت تۆ بە ڕاستی بە ڕۆحی پیرۆز لە ئاو هەڵکێشراویت. ئێستا “من”ە کۆنەکە لەگەڵ عیسا مرد و نێژرا… و “من”ە نوێیەکەلەگەڵ عیسا بۆ ژیانێکی نوێ هەستایەوە.
تێبینییەکی زۆر گرنگ: لە هیچ شوێنێکی ئینجیلدا باسی ئەوە نەکراوە کە لە ئاوهەڵکێشان بە ئاو بۆ ئەوە بێت ببیتە ئەندامی گرووپێکی ئایینی یان مەزهەبێکی کڵێسایی دیاریکراو! لەم ڕێوڕەسمەدا، ئەو گەواهی و نیشانەیەی کە خودا دەربارەی پاکبوونەوەی تۆ دەیدات، زۆر گرنگترە لەو گەواهی و چیرۆکەی کە تۆ دەربارەی باوەڕهێنانی خۆت بۆ خەڵکی دەگێڕیتەوە.
دانپێدانانی تۆ بۆ خودا و گەواهیدانت بۆ خەڵک
دوای ئەوە، تۆ لەبەردەم خەڵکدا دان بە باوەڕەکەتدا دەنێیت بۆ خودا. تۆ لە کاتی لە ئاوهەڵکێشانەکەتدا بانگی ناوی عیسای مەسیح دەکەیت و (کرداری نێردراوان ٢٢:١٦). لەم دانپێدانانە گشتییەدا ڕایدەگەیەنیت کە باوەڕت بە عیسا هەیە، باوەڕت بەوە هەیە کە ئەو تەنها خودا و ڕزگارکەرە، و باوەڕت بە هەموو پەیامەکانی (ئینجیل) و بەو کارانە هەیە کە بۆ تۆی کردووە. تۆ بەڵێن دەدەیت کە گوێڕایەڵی بیت و ژیانی خۆت بۆ عیسا تەرخان دەکەیت تا بیپەرستیت و خزمەتی بکەیت.
بێگومان دەتوانیت لە کاتی گەواهیدانەکەدا باس لەوە بکەیت کە چۆن باوەڕت هێناوە، بەڵام لە کاتی لە ئاوهەڵکێشاندا گرنگترین کەس تۆ نیت، بەڵکو عیسایە و ئەو کارەی کە ئەو بۆ تۆی کردووە. دانپێدانانی تۆ بۆ خودا زۆر گرنگترە لە گێڕانەوەی چیرۆکی باوەڕهێنانت.
لە ئاوهەڵکێشان کارێکی جادوویی نییە
لە ئاوهەڵکێشان بە ئاو ئامرازێکی جادوویی نییە کە فەزڵ و بەخششی خودای پێ بڕژێتە ناو تۆوە. کڵێسای کاسۆلیک بڕوایان وایە کاتێک منداڵێکی ساوا بە ئاو لە ئاو هەڵدەکێشرێت، فەزڵ و نیعمەتی خودا دەڕژێتە ناو دڵیەوە، ئەمەش وای لێ دەکات بتوانێت کاری چاک بکات تا لە کۆتاییدا بەهۆی ئەو کارانەوە ڕزگاری بێت.
بەڵام پەرتووکی پیرۆز (ئینجیل) فێرمان دەکات کە مرۆڤ بەوە ڕزگار نابێت کە کڵێسایەک یان مرۆڤێک بۆی دەکات. تۆ تەنها بەوەی لە ئاو هەڵبکێشرێیت، نابیتە مەسیحی یان دووبارە لەدایک نابیتەوە. ئینجیل دەڵێت: «تۆ بە فەزڵ و نیعمەتی خودا ڕزگار بوویت لە ڕێگەی باوەڕەوە (باوەڕ بە عیسا و ئەو کارەی بۆی کردوویت» ئەم باوەڕەش لە خۆتانەوە نییە، بەڵکو بەخششی خودایە. بڕوانە کردار ١٣:٤٨ وە ١٦:١٤ وە ١٨:٢٧.
تۆ بەهۆی کردەوە و کاری چاکەوە ڕزگارت نابێت، «تاکو کەس شانازی نەکات» (ئەفەسۆس ٢:٨-٩). هەروەها دەفەرموێت: «باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە» (ڕۆما ١٠:١٧). کەواتە ڕزگاری تەنها دیارییەکی خودایە کە لە ڕێگەی باوەڕەوە وەریدەگرین، نەک لە ڕێگەی ڕێوڕەسمێکی ئاینی یان ئاوییەوە.
زیاتر بخوێنەوە: کڵێسا و لە ئاو هەڵکێشان: پرسیار و وەڵام و هەموو ١٥٠ پرسیار و وەڵامەکە.