هیوا بۆ کورد

دووبارە لەدایکبوونەوە چییە؟

لەدایکبوونەوەی ڕۆحی گۆڕانکارییەکی مەزنە کە تێیدا مرۆڤ ژیانێکی نوێ لە خودا وەردەگرێت. کاتێک عیسای مەسیح لەگەڵ نیقۆدیمۆس قسەی کرد، ڕوونی کردەوە کە لەدایکبوونی یەکەم تەنها جەستەییە، بەڵام بۆ چوونە ناو شانشینی خودا پێویستمان بە لەدایکبوونێکی ڕۆحی هەیە. ئەمە بە هۆی پەیامی وشەی خودا و کاریگەری ڕۆحی پیرۆزەوە لە ناو دڵی مرۆڤدا ڕوودەدات.

ڕۆژێک یەکێک لە زانا و پێشەوا ئایینییەکانی یەهوود بە ناوی “نیقۆدیمۆس” کە مامۆستای شەریعەتی جولەکە هاتە لای مەسیح. لەو دیدارەدا مەسیح ڕاستییەکی زۆر گرنگی پێ گوت: «بۆ ئەوەی پادشایەتیی خودا ببینی، دەبێت جارێکی تر لەدایک بیتەوە.»

نیقۆدیمۆس زۆر سەری سوڕما و بە شێوەیەکی جەستەیی تێگەیشت، بۆیە پرسی: «مرۆڤ کە پیر بوو، چۆن دەتوانێت بچێتەوە ناو سکی دایکی و دووبارە لەدایک ببێتەوە؟»

مەسیح بۆی ڕوون کردەوە کە مەبەستی لەدایکبوونێکی جەستەیی نییە، بەڵکو لەدایکبوونێکی ڕۆحییە. فەرمووی: «ئەوەی لە جەستە لەدایک بووە جەستەیە، ئەوەش لە ڕۆحی خودا لەدایک بووە ڕۆحە.» (یۆحەنا ٣‏:‏٥‏-‏٨).

بۆچی پێویستە دووبارە لەدایک ببینەوە؟

هەموو مرۆڤێک جارێک لە دایکیەوە لەدایک بووە و ژیانی جەستەیی وەرگرتووە. بەڵام کتێبی پیرۆز فێرمان دەکات کە بەهۆی گوناه و هەڵەکانمانەوە، ئێمە لە ڕووی ڕۆحییەوە لە خودا دابڕاوین. وە بە هۆی گوناهەکانمانەوە پەیوەندیی نێوانمان پچڕاوە. بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییە دروست بێتەوە و بتوانین بچینە بەهەشت (پادشایەتیی خودا)، پێویستمان بە ژیانێکی نوێیە کە تەنها خودا دەتوانێت پێمان ببەخشێت.

ئەم لەدایکبوونە نوێیە چۆن ڕوودەدات؟

مەسیح بە “نیقۆدیمۆس” ی ووت تاوەکو لە “ئاو” و “ڕۆح” لە دایک نەبیتەوە، ناتوانیت بچیتە نێو شانشینی خوداوە (بەهەشت).

١. مەبەست لە ئاو (وشەی خودا): لێرەدا مەبەست ئاوی ماددی نییە، بەڵکو مەبەست لە پەیام و وشەی خودایە (ئینجیل). کاتێک ئێمە گوێ لە وشەی خودا دەگرین و باوەڕ بە مەسیح دەهێنین، پەیوەندی ڕۆحیمان لە گەڵ خودا درووست دەبێتەوە و دەبینە بوونەوەرێکی نوێ.

٢. مەبەست لە ڕۆح (ڕۆحی پیرۆز)ە: کاتێک باوەڕ دەهێنێن و مەسیح وەک ڕزگارکاری خۆمان قبووڵ دەکەین باوەڕ دەکەین کە ئەو لە پێناوی گوناهەکانمان بووە قوربانی بۆ ئەوەی لێخۆشبوونمان بۆ بەدەستبهێنێت، ئەو کاتە “ڕۆحی پیرۆزی خودا” دێتە ناو دڵی مرۆڤەوە.

ئەنجام چییە؟

کاتێک مرۆڤ مەسیح وەک ڕزگارکەری خۆی قبوڵ دەکات، خودا ژیانێکی نوێی ڕۆحیی پێ دەبەخشێت. ئەمە پێی دەوترێت “لەدایکبوونەوە”.

عیسا ئەم گۆڕانکارییەی بە “با” (هەوا) شوبهاند؛ تۆ ناتوانیت “با” ببینی، بەڵام دەنگەکەی دەبیستیت و هەست بە کاریگەرییەکەی دەکەیت. لەدایکبوونەوەی ڕۆحیش بە هەمان شێوەیە؛ لەوانەیە نەبینرێت، بەڵام لە ناوەوەی مرۆڤدا دەبێتە هۆی ئاشتی، گۆڕانی ڕەوشت و دروستبوونەوەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و زیندوو لەگەڵ خودای پەروەردگار.

بە کورتی: لەدایکبوونی یەکەم (لە دایکمانەوە) ژیانی ئەم دنیایەمان پێ دەبەخشێت، بەڵام لەدایکبوونی دووەم (لە وشەی خودا و ڕۆحەوە) ژیانی ئەبەدی و پەیوەندی لەگەڵ خودامان پێ دەبەخشێت.

زیاتر بخوێنەوە: گوناه و ڕزگاری: پرسیار و وەڵام و هەموو ١٥٠ پرسیار و وەڵامەکە.