هیوا بۆ کورد

مەسیحییەت چییە و مەسیحییەکان باوەڕیان بە چی هەیە؟

مەسیحییەت لە کورتیدا

باوەڕە بنەڕەتییەکانی مەسیحییەت لە یەکەم کۆرنسۆس ١٥‏:‏١‏-‏٤ دا کورت کراونەتەوە: عیسا لە پێناوی گوناهەکانمان مرد و لە مردن هەستایەوە، بەمەش ڕزگاری بە هەموو ئەو کەسانە دەبەخشێت کە بە باوەڕەوە پێشوازیی لێ دەکەن. ئەوەی مەسیحییەت لە باوەڕەکانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە پێش هەموو شتێک کۆمەڵێک ئەرکی ئایینی نییە تاکو ڕەزامەندیی خودای پێ بەدەست بهێنین، بەڵکو پەیوەندییەکی زیندووە لەگەڵ خودا. لە جیاتی ئەوەی بە لیستێکی «بکە و مەکە» هەوڵ بدات خودا قبووڵی بکات، ئامانجی مەسیحییەک، کە بە نیعمەتی خودا قبووڵ کراوە، ئەوەیە کە زیاتر و زیاتر لە خودا نزیک ببێتەوە، لەگەڵیدا بژی و لە سوپاسگوزارییەوە خواستی ئەو بەجێ بهێنێت. ئەم پەیوەندییە لە ڕێگەی ئەو کارەی عیسای مەسیح کردی و کاری ڕۆحی پیرۆزەوە دێتە دی.

فێرکارییە بنەڕەتییەکان

جگە لە باوەڕی بنەڕەتی بە مزگێنی، چەند فێرکارییەکی دیکەش هەن کە دیاری دەکەن مەسیحییەت چییە و مەسیحییەکان بە درێژایی مێژوو باوەڕیان بە چی بووە. مەسیحییەکان باوەڕیان وایە کە کتێبی پیرۆز وشەی خودایە و هەمووی لە سروشی خوداوەیە، و فێرکارییەکەی دەسەڵاتی کۆتاییە لە هەموو کاروبارێکی باوەڕ و ژیاندا (دووەم تیمۆساوس ٣‏:‏١٦؛ دووەم پەترۆس ١‏:‏٢٠‏-‏٢١). مەسیحییەکان باوەڕیان بە یەک خودا هەیە کە هەتاهەتایە لە سێ کەسایەتیدا بوونی هەیە: باوک، کوڕ (عیسای مەسیح) و ڕۆحی پیرۆز.

گوناه و کاری عیسای مەسیح

مەسیحییەکان باوەڕیان وایە کە خودا مرۆڤی باش و لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا تاکو ئەو بناسێت و خزمەتی بکات، بەڵام بە یاخیبوونی ئادەم گوناه هاتە جیهان، بەمەش هەموو مرۆڤەکان لەبەردەم خودادا تاوانبارن و لێی جیا بوونەتەوە (ڕۆما ٣‏:‏٢٣؛ ٥‏:‏١٢). مەسیحییەت فێرمان دەکات کە عیسای مەسیح کوڕی خودایە کە بوو بە مرۆڤ، و بە تەواوی خودایە و لە هەمان کاتدا بە تەواوی مرۆڤە (فیلیپی ٢‏:‏٦‏-‏١١). مەسیحییەت فێرمان دەکات کە عیسا لەسەر خاچ مرد تاکو نرخی گوناهەکانی جیهان بدات. مەسیحییەکان باوەڕیان وایە کە مەسیح دوای مردنی نێژرا، بە جەستەوە لە مردن هەستایەوە، بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان و ئێستا لە دەستەڕاستی باوکەوە دانیشتووە و داکۆکی لە باوەڕداران دەکات (عیبرانییەکان ٧‏:‏٢٥). مەسیحییەت ڕایدەگەیەنێت کە ڕژانی خوێنی عیسا بەهایەکی بێسنووری هەیە و بە زیادەوە بەسە بۆ دانەوەی نرخی گوناهەکانی هەموو جیهان، و قەرزی گوناهی هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن بە تەواوی داوەتەوە (یەکەم یۆحەنا ٢‏:‏٢). مردن و هەستانەوەی مەسیحە کە پەیوەندیی نێوان خودا و مرۆڤ دووبارە چاک دەکاتەوە (عیبرانییەکان ٩‏:‏١١‏-‏١٤؛ ١٠‏:‏١٠؛ ڕۆما ٥‏:‏٨؛ ٦‏:‏٢٣).

ڕزگاری بە نیعمەت و لە ڕێگەی باوەڕەوە

مەسیحییەت فێرمان دەکات کە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خودا، مرۆڤ دەبێت لە گوناه تۆبە بکات و باوەڕ بەو کارە تەواوە بهێنێت کە مەسیح کردی، باوەڕێک کە خۆی دیاری خودایە (ئەفەسۆس ٢‏:‏١‏-‏١٠). ئەگەر پشت بە مەسیح ببەستین، کە لە جیاتی ئێمە مرد تاکو نرخی گوناهەکانی خۆمان بدات و لە مردن هەستایەوە، ئەوا ڕزگارمان دەبێت، نەک لەبەر باوەڕەکەمان، بەڵکو لەبەر خودی مەسیح. ڕزگاری کارێکی پڕ لە نیعمەتی خودایە کە تێیدا لە گوناهەکانمان خۆش دەبێت، لەبەر ڕاستودروستیی مەسیح بێتاوان و ڕاستودروستمان ڕادەگەیەنێت، وەک ڕۆڵەی خۆی دەمانخاتە ناو بنەماڵەکەیەوە و سروشتێکی نوێمان پێ دەبەخشێت (یۆحەنا ١‏:‏١٢؛ ٣‏:‏١٦‏-‏١٨؛ ئەفەسۆس ١‏:‏٣‏-‏١١). لە کاتی ڕزگاریدا، ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ مەسیحدا دەمانکاتە یەک، لە ناخماندا نیشتەجێ دەبێت، مۆرمان لێ دەدات و دەمانگۆڕێت تاکو بەو شێوەیە بژین کە خودا دەیەوێت (ڕۆما ٨‏:‏٩‏-‏١٧، ٢٩‏-‏٣٠؛ ئەفەسۆس ١‏:‏١٣‏-‏١٤؛ فیلیپی ١‏:‏٦).

ڕزگاری بە کاری خۆمان نییە

مەسیحییەت فێرمان دەکات کە هیچ کەسێک ناتوانێت بە کاری خۆی ڕزگاری بەدەست بهێنێت. ناتوانین بە هێزی خۆمان «ئەوەندە باش» بین کە خودا ڕازی بکەین، چونکە هەموومان گوناهبارین (ئیشایا ٥٣‏:‏٦؛ ٦٤‏:‏٦‏-‏٧؛ ڕۆما ٣‏:‏٢٣). مەسیحییەکان باوەڕیان وایە کە مەسیح هەموو کارەکەی لە جیاتی ئەوان کردووە (ڕۆما ٦‏:‏٢٣). عیسا لەسەر خاچ فەرمووی: «تەواو بوو» (یۆحەنا ١٩‏:‏٣٠)، واتە کاری کڕینەوە بە تەواوی ئەنجام درا.

ئازادبوون لە گوناه

بەپێی مەسیحییەت، ڕزگاری واتە ئازادبوون لە دەسەڵاتی سروشتی کۆنی گوناهبار و مافی ئەوەی کە پێمان بگوترێت ڕۆڵەی خودا (یۆحەنا ١‏:‏١٢؛ یەکەم یۆحەنا ٣‏:‏١). ئەوانەی ڕزگار بوون لە کۆیلایەتیی گوناه ئازاد کراون و ئێستا بەندەی مەسیحن (ڕۆما ٦‏:‏١٥‏-‏٢٢). شەڕ لەگەڵ گوناه بە درێژایی ئەم ژیانە بەردەوام دەبێت؛ بەڵام بە هێزی ڕۆحی پیرۆز کە نوێیان دەکاتەوە، مەسیحییەکان زیاتر و زیاتر بەسەر گوناهدا سەردەکەون کاتێک گوێڕایەڵی وشەی خودا دەبن و لە ژیانی ڕۆژانەدا بە دوای ڕێنمایی ئەودا دەڕۆن (گەلاتیا ٣‏:‏٣؛ ٥‏:‏١٣‏-‏٢٦؛ ئەفەسۆس ٥‏:‏٨‏-‏٢٠؛ فیلیپی ٢‏:‏١٢‏-‏١٣).

ژیانێکی ڕاستەقینە لەگەڵ خودا

زۆرێک لە سیستەمە ئایینییەکان فێر دەکەن کە مرۆڤ دەبێت هەندێک شت بکات و هەندێک شت نەکات تاکو خودا قبووڵی بکات، بەڵام مەسیحییەت باوەڕبوونە بە کەسێک و بەو کارەی ئەو کردی. کاتێک پشت بە عیسا دەبەستین، قەرزی گوناهەکانمان دەبەخشرێت و پێکەوە ژیانێکی ڕاستەقینەمان لەگەڵ خودا دەبێت (یۆحەنا ١٥‏:‏١‏-‏١٧؛ ١٧‏:‏٢٠‏-‏٢٣). ئەو ڕۆحی پیرۆزمان پێ دەبەخشێت تاکو هەتاهەتایە لەگەڵمان بێت. لە ڕێگەی وشەکەیەوە فێرمان دەکات. ئەو دەمانخاتە ناو کڵێساکەیەوە، کە تێیدا گوێ لە ڕاگەیاندنی وشەکەی دەگرین، لە ئاو هەڵدەکێشرێین، بەشداری لە شێوی مەسیحی خاوەن شکۆدا دەکەین و پێکەوە نوێژ دەکەین. بە هێزی ڕۆحەکەی توانامان پێ دەدات کە بە ڕێگاکانی ئەودا بژین. ژیانی مەسیحی ژیانی گەشەکردنە: گەشەکردن لە خۆشەویستی و ناسینی خودادا، لە هەستکردن بە گوناهباریی خۆمان، و لە فێربوونی ئەوەی ڕقمان لە گوناه بێت و لە ڕاستودروستیدا بژین. مەسیحییەت دەبێت بە خۆشەویستی بۆ خودا و خۆشەویستی بۆ کەسانی دیکە بناسرێتەوە (یۆحەنا ١٣‏:‏٣٤‏-‏٣٥؛ یەکەم یۆحەنا ٤‏:‏٧‏-‏١٢). مەسیحییەکان متمانەیان هەیە کە ژیانی پڕ و تەواو لە خودادایە و ئەو بە بەڵێنەکانی وەفادارە (یۆحەنا ١٠‏:‏١٠؛ عیبرانییەکان ١١‏:‏١‏-‏١٢:٣). مەسیحییەکان باوەڕیان وایە کە ڕۆژێک عیسا دەگەڕێتەوە تاکو حوکمی زیندووان و مردووان بدات، و ئەوان هەتاهەتایە لەگەڵ خودا دەبن لە ئاسمانی نوێ و زەویی نوێدا (ئاشکراکردن ٢١‏:‏٣‏-‏٥؛ ٢٢‏:‏١‏-‏٥).

زیاتر بخوێنەوە

ئەم بابەتە لەلایەن هیوا بۆ کوردەوە لە gotquestions.org وەرگێڕدراوە و دەستکاری کراوە.