کرۆکی باوەڕی مەسیحی لە ٧ خاڵدا
باوەڕی مەسیحی لەسەر چەند ڕاستییەکی بنەڕەتی وەستاوە: خودای تاقانە، گوناهی مرۆڤ، ڕزگاری بە نیعمەت لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە، کاری ڕۆحی پیرۆز، ژیانی هەتاهەتایی و کتێبی پیرۆز. لەم بابەتەدا ئەم ڕاستییانە لە حەوت خاڵی کورتدا دەخەینە ڕوو.
بۆ ئەو کەسانەی ئارەزوو دەکەن زیاتر دەربارەی باوەڕی مەسیحی بزانن، بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکی وەک کوردستاندا کە زۆرینە باوەڕیان بە خودای تاک و تەنها هەیە، ئەم بابەتە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. ڕەنگە هاوڕێ یان هاوکارێکی مەسیحیت هەبێت، لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەربارەی گوێت لێ بووبێت، یان لە ڕێگەی خوێندنەوەوە حەزت کردبێت زیاتر لەسەر ئەم باوەڕە بزانیت. ئەم نووسینە پوختەیەکە لە حەوت ڕاستی بنەڕەتی باوەڕی مەسیحی.
١. خودا
باوەڕی مەسیحی لە خوداوە دەست پێدەکات. ئەو بەدیهێنەری هەموو شتێکە و دەیەوێت پەیوەندییەکی کەسی لەگەڵ مرۆڤدا هەبێت. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ خودا کلیلی باوەڕی مەسیحییە.
- یەکتاپەرستی: باوەڕی مەسیحی لەسەر بنەمای یەکتاپەرستییە، واتە تەنها یەک خودا هەیە. ئەم خودا تاقانەیە لە سێ کەسایەتیدا هەیە: باوک، کوڕ (عیسای مەسیح) و ڕۆحی پیرۆز. ئەمانە سێ خودا نین و سێ ڕووی یەک کەسیش نین، بەڵکو یەک خودان لە سێ کەسایەتیدا، هەر سێکیان هاوتا و هەتاهەتایین. ئەمە پێی دەوترێت «سیانەی پیرۆز».
- هەتاهەتایی: خودا نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی، واتە بە کاتەوە بەند نییە. هەمیشە هەبووە و هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
- بەدیهێنەر: خودا بەدیهێنەری گەردوون و هەروەها هەر یەکێک لە ئێمەیە. ئەمەش مافی ئەوەی پێدەدات کە خۆی بە پەروەردگارمان بزانێت.
- پیرۆز و دادپەروەر: خودا بە تەواوی چاک و پاکە. لەبەر ئەوەی دادپەروەرە، گوناه بێ سزا ناهێڵێتەوە.
- توانا و زانا: خودا هەموو شتێک دەزانێت و توانای ئەنجامدانی هەر شتێکی هەیە کە بیەوێت.
- خۆشەویستی: خودا پڕە لە خۆشەویستی و بانگهێشتی مرۆڤ دەکات ببێتە ڕۆڵەی ئەو (واتە نزیک و خۆشەویستی ئەو).
٢. گوناه
کێشەیەکی گەورە هەیە کە ڕێگرە لە پەیوەندیمان لەگەڵ خودا. کتێبی پیرۆز، کە ئینجیلیش لەخۆ دەگرێت، ئەمە بە «گوناه» ناودەبات. گوناه سەرپێچیکردنی ویست و شەریعەتی خودایە: ئێمەی مرۆڤ دان بە خودادا نانێین وەک پەروەردگارمان و ڕێگای خۆمان دەگرینەبەر. ئەم کێشەیە لەگەڵ یەکەم مرۆڤەوە (ئادەم) دەستی پێکرد. لەو کاتەوە هەموو مرۆڤێک لە گوناهدا لەدایک دەبێت. لە ئادەمەوە هەم تاوانی گوناهەکەی ئەو کەوتووەتە سەر ئێمە و هەم سروشتێکی گەندەڵمان بۆ ماوەتەوە. بە سروشتی خۆمان مەیلمان بەرەو دوژمنایەتی لەگەڵ خودا و لەگەڵ نزیکەکانمان هەیە، و لە خۆمانەوە ناتوانین خودا خۆشبوێت یان چاکەیەک بکەین کە لای ئەو پەسەند بێت. داود لە نزاکەیدا دەڵێت: «ئەوەتا من بە زگماکی تاوانبارم، گوناهبارم لەو کاتەوە کە دایکم سکی بە من پڕ بووە.» (زەبوورەکان ٥١:٥). بۆیە بە سروشت شایانی تووڕەیی خوداین (ئەفەسۆس ٢:٣). گوناه هەروەها کاریگەری لەسەر هەموو بەدیهێنراوەکان داناوە، بۆیە ڕۆژانە ئاسەوارەکانی دەبینین: نەخۆشی، ڕق، هەژاری و مردن.
٣. ڕزگاری
هەرچەندە گوناه کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام دۆخەکە بێ هیوا نییە. لە ئینجیلدا هاتووە: «لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت» (یۆحەنا ٣:١٦). خودا خۆی ڕێگەی چاککردنەوەی پەیوەندییەکەی کردەوە. کوڕەکەی، عیسای مەسیح، لە جیاتی ئێمە سزای گوناهەکانمانی هەڵگرت.
هەرکەسێک باوەڕ بە مەسیح دەهێنێت، خودا بێتاوانی دەکات: گوناهەکانی لێ خۆش دەبێت و ڕاستودروستی مەسیح بۆ ئەو دادەنرێت، وەک ئەوەی خۆی هەرگیز گوناهی نەکردبێت. ئەمە بە کرداری ئێمە نییە، بەڵکو تەنها بە نیعمەتی خودایە: «لەبەر ئەوەی بە نیعمەت ڕزگارتان بوو لە ڕێگەی باوەڕەوە، ئەمەش لە خۆتانەوە نییە، بەڵکو دیاری خودایە، بە کردار نییە، تاکو کەس شانازی نەکات.» (ئەفەسۆس ٢:٨-٩). باوەڕ واتە ئەوەی بە تەواوی پشت بە عیسای مەسیح ببەستین و متمانە بەو بکەین، نەک بە چاکەی خۆمان. ئەم باوەڕەش دیاری خودایە کە ڕۆحی پیرۆز لە دڵماندا دروستی دەکات. ئەوەی بەم شێوەیە باوەڕ دەهێنێت، لە گوناه دەگەڕێتەوە، داوای لێخۆشبوون لە خودا دەکات و دان بەوەدا دەنێت کە عیسا خاوەن شکۆی ژیانیەتی. بەهۆی مەسیحەوە لە سزای گوناه ئازاد دەبێت و لەگەڵ خودا ئاشت دەبێتەوە.
٤. عیسای (یەشوعی) مەسیح
بۆ ئەوەی سزای گوناهی مرۆڤ هەڵبگرێت، پێویست بوو ڕزگارکەرەکە هەم خودای ڕاستەقینە بێت و هەم مرۆڤی ڕاستەقینە. بۆیە کوڕی هەتاهەتایی خودا بوو بە مرۆڤ و هاتە جیهان، بێ ئەوەی لە خودابوونی خۆی هیچ کەم ببێتەوە. ئەو وەک منداڵێکی ساوا لەدایک بوو، لە خێزانێکی ئاساییدا گەورە بوو و لە تەمەنی نزیکەی سی ساڵیدا دەستی بە خزمەتەکەی کرد. ناوی لێنرا عیسا (یەشوع)، چونکە فریشتەی خودا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە «گەلەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات» (مەتا ١:٢١). دایکی، مریەم، کچێکی پاکیزە بوو. عیسا باوکێکی مرۆیی نەبوو، بەڵکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز لە سکی مریەمدا پێکهات. فریشتەیەک بە مریەمی وت: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت.» (لۆقا ١:٣٥).
عیسا مزگێنی پلانی ڕزگاری خودای ڕادەگەیاند و پەیامەکەی بە پەرجوو و نیشانە دەسەلماند. بەڵام سەرانی ئایینی ئەو کاتە دژایەتییان کرد و پلانی کوشتنیان دانا. لە کۆتاییدا لەسەر خاچ درا. لە دیدی مەسیحییەتەوە ئەمە یەکێکە لە ساتە هەرە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و بەشێک بوو لە پلانی خودا. عیسا بۆ گوناهەکانی خۆی نەمرد، چونکە بێ گوناه بوو، بەڵکو لە جیاتی هەموو ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن سزای گوناهەکانی ئەوانی هەڵگرت.
بەڵام مردنەکەی کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو. لە ڕۆژی سێیەمدا لە گۆڕ هەستایەوە! چەندین جار خۆی نیشانی قوتابییەکانی دا و پاشان گەڕایەوە بۆ ئاسمان بۆ لای خودای باوک.
٥. ڕۆحی پیرۆز
ڕۆحی پیرۆز کەسایەتی سێیەمی «سیانەی پیرۆز»ـە، لەپاڵ خودای باوک و خودای کوڕ (عیسا)، و وەک ئەوان خودایە. ئەو لە بەدیهێنانی جیهاندا بەشدار بووە و هەروەها لە نوێکردنەوەی مرۆڤیشدا ڕۆڵی هەیە. ڕۆحی پیرۆز دڵی مرۆڤ نوێ دەکاتەوە و باوەڕ بە مەسیح لەو دڵەدا دروست دەکات. ئەم گۆڕانکارییە ڕۆحییە پێی دەوترێت «لەدایکبوونەوە». عیسا دەڵێت: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.» (یۆحەنا ٣:٣). ڕۆحی پیرۆز لە دڵی باوەڕداراندا نیشتەجێ دەبێت، ڕێنماییان دەکات و یارمەتییان دەدات ئەو کارە چاکانە بکەن کە خودا پێشتر ئامادەی کردوون (ئەفەسۆس ٢:١٠).
٦. ژیانی هەتاهەتایی
کتێبی پیرۆز ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم جیهانە کاتییە. عیسای مەسیح دەگەڕێتەوە و دادوەری لەسەر زیندووان و مردووان دەکات (دووەم تیمۆساوس ٤:١). خودا ئاسمان و زەوییەکی نوێ دروست دەکات کە تێیدا گوناه و مردن بوونیان نابێت. ئەوانەی بە باوەڕ پشتیان بە مەسیح بەستووە و خوێنی ئەو لە گوناه پاکی کردوونەتەوە، لەوێ لەگەڵ خودا بۆ هەتاهەتایە دەژین. بەڵام ئەوانەی پشت لە خودا و لە ڕزگارییەکەی دەکەن، ڕووبەڕووی سزای هەتاهەتایی دەبنەوە. بۆیە ناسینی خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە و متمانەکردن بەو، بابەتێکی چارەنووسسازە.
٧. کتێبی پیرۆز
سەرچاوەی سەرەکی زانیاری لەسەر باوەڕی مەسیحی، کتێبی پیرۆزە (کە لە پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ/ئینجیل پێکدێت). کتێبی پیرۆز وشەی خودایە. مرۆڤەکان نووسیویانەتەوە، بەڵام ڕۆحی پیرۆز ڕابەرایەتی کردوون، بۆیە هەمووی وشەی ڕاست و متمانەپێکراوی خودایە و بە درێژایی سەدەکان پارێزراوە. پۆڵس دەنووسێت: «هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی» (دووەم تیمۆساوس ٣:١٦). کتێبی پیرۆز فێرمان دەکات کە پێویستە چی لەبارەی خوداوە بزانین و چۆن وەک مەسیحییەک بژین.
زیاتر بخوێنەوە: هەنگاوە کردەییەکان: پرسیار و وەڵام و هەموو ١٥٠ پرسیار و وەڵامەکە.
زیاتر بخوێنەوە: عیسای مەسیح: تاکە ڕێگای گەیشتن بە خودا