ئیبراهیم: باوکی ھەموو باوەڕداران

ئیبراهیم: باوکی هەموو باوەڕداران

پێشەکی

وێنای بکە: تەمەنت حەفتا و پێنج ساڵە، خانوو و ماڵ و خێزانت هەیە، خاوەن کار و پیشەی خۆتیت و خاوەنی ئایینێکی جێگیر و ڕێکخراویت. لەپڕ خودا لە دەرگاکەت دەدات و دەڵێت: هەموو شتێک کۆ بکەرەوە و بڕۆ، من دواتر پێت دەڵێم بۆ کوێ بچیت. نە نەخشەیەک، نە گرێبەستێک و نە هیچ دڵنیاییەک؛ تەنها بەڵێنێک و دەنگێک.

ئەمە ئەو ساتەیە کە ژیانی ئیبراهیم (ئەبراهام) تێیدا هەڵدەگەڕێتەوە، لەگەڵ ژیانی ئەویشدا، مێژووی ڕزگاری دەگۆڕێت. چونکە ئەم پیاوە بەتەمەنەی خەڵکی “ئور” لەلایەن خوداوە هەڵبژێردرا تا ببێتە باوکی گەلێک، و لە کۆتاییدا ببێتە باوکی ڕۆحیی هەر کەسێک کە تا ئێستا متمانەی بە خودا کردبێت. لەم لاپەڕەیەدا دەبینیت کە ئیبراهیم لە ڕاستیدا کێ بووە، بۆچی بە باوکی باوەڕداران ناودەبرێت و بۆچی چیرۆکەکەی کاریگەری لەسەر ژیانی تۆش هەیە.

ڕوانگەی ئەم ڕوونکردنەوەیە

زۆربەی ئەوانەی باسی ژیانی ئیبراهیم دەکەن، باسی ئەوە دەکەن کە ئەو چی کردووە: کۆچی کرد، باوەڕی هێنا، خەریک بوو کوڕەکەی بکاتە قوربانی. بەڵام ئەم لاپەڕەیە ڕێگەیەکی جیاواز هەڵدەبژێرێت. ئێمە ئیبراهیم وەک پاڵەوانێکی باوەڕ ناخوێنینەوە، بەڵکو وەک پیاوێک دەیبینین کە سەرەڕای ئەزموونە جەستەییەکانی خۆی، باوەڕی هێنا. گەورەیی ئیبراهیم لەوەدا نەبوو کە خۆی بەهێز بێت، بەڵکو لەوەدایە کە خودا بەڵێنەکەی خۆی بردە سەر لە کاتێکدا ئیبراهیم جار لە دوای جار هەڵدەخلیسکا. بەمەش ئیبراهیم نابێتە نموونەیەکی دوورەدەست، بەڵکو دەبێتە ئاوێنەیەک: باوەڕەکەی ئەو “دەستکەوتێک” نییە کە خودا پاداشتی بداتەوە، بەڵکو تەنها ئەو “دەستەیە” کە دەستی بە بەڵێنەکانی خوداوە گرتووە.

کتێبی پیرۆز دەربارەی ئیبراهیم چی دەڵێت؟

ئیبراهیم، کە سەرەتا ناوی “ئەبرام” بوو، بۆ یەکەمجار لە پەیدابوون ١١دا وەک کوڕی “تارەح” دەردەکەوێت، پیاوێک لە “ئور”ی کلدانییەکان، کە دەکەوێتە باشووری عێراقی ئێستاوە. ئەو لە کولتوورێکی پڕ لە بتپەرستیدا گەورە بوو؛ دواتر “یەشوع” بە ڕاشکاوی دەڵێت کە باووباپیرانی ئیسرائیل، لەنێویاندا تارەح، پەرستنی خوداوەندەکانی تریان کردووە. کەواتە ئیبراهیم لە خێزانێکی زۆر دیندارەوە نەهاتبوو. ئەو کاندیدێکی گونجاو نەبوو، هەر لەوێشەوە هەموو شتێک دەست پێدەکات.

لە پەیدابوون ١٢ :١دا ئەو بانگەوازە دەخوێنینەوە کە هەموو شتێکی خستە گەڕ: «خاک و خەڵک و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی کە من نیشانت دەدەم.» سێ شتی گرنگ دەبێت ببڕدرێتەوە: خاک، خزم و کەس، و ماڵی باوک. لەبەرامبەر ئەم لەدەستدانەشدا هیچ پلانێکی ڕوون نییە، تەنها “کەسێک” هەیە؛ خودا خۆی نیشانی دەدات. ئەم بانگەوازە پێش ئەوەی کۆچێکی جوگرافی بێت، مەشقێکی متمانەپێکردنە. خودا بەڵێنی پێدەدات کە دەیکاتە نەتەوەیەکی گەورە، بەرەکەتی پێ دەبەخشێت و لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو گەلانی زەوی بەرەکەتدار دەبن. ئەم ڕستەی کۆتاییە زۆر گرنگە؛ ئەوە یەکەمجارە خودا دەفەرموێت کە پلانی ڕزگارییەکەی تەنها بۆ یەک گەل نییە، بەڵکو تەواوی زەوی دەگرێتەوە.

نامەی عیبرانییەکان ١١ :٨ ئەم هەنگاوە یەکەمە بەم شێوەیە کورت دەکاتەوە: «بە باوەڕ ئیبراهیم، کاتێک بانگکرا، گوێڕایەڵ بوو بۆ ئەوەی بچێتە ئەو شوێنەی کە وەک میرات وەریدەگرت؛ ئەویش بەڕێکەوت بەبێ ئەوەی بزانێت بۆ کوێ دەچێت.» باوەڕ لێرەدا بە واتای ئەوە نایەت بزانیت بۆ کوێ دەچیت، بەڵکو ئەوەیە بزانیت “لەگەڵ کێدا” دەچیت.

دواتر، کاتێک ئیبراهیم گگلەیی دەکات کە هێشتا بێ منداڵە، خودا دەیباتە دەرەوە و ئەستێرەکانی نیشان دەدات. ئەگەر دەتوانی بیانژمێرە؛ نەوەی تۆش ئاوا زۆر دەبن. پاشان ئەو ڕستەیە دێت کە تەواوی پەیمانی نوێی لەسەر بونیاد نراوە (پەیدابوون ١٥ :٦): «ئەویش باوەڕی بە یەزدان هێنا، ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ هەژمار کرد.» نە کارەکانی، نە سەفەرەکەی و نە بارودۆخی ئەخلاقییەکەی، بەڵکو تەنها “باوەڕەکەی” وەک ڕاستودروستی بۆ هەژمار کرا. لێرەدا کرۆکی پەیامەکە هەیە: زۆر پێش موسا، پێش یاساکان و پێش پەرستگا، مرۆڤ تەنها بە باوەڕ بە ڕاستودروست دادەنرێت.

دەزووە سوورەکەی ناو کتێبی پیرۆز

چیرۆکی ئیبراهیم لە پەیدابووندا کۆتایی نایەت. وەک ڕووبارێکی ژێر زەوی بەناو تەواوی نووسراوە پیرۆزەکاندا تێپەڕ دەبێت. خودا هەمیشە خۆی وەک “خودای ئیبراهیم، ئیسحاق و یاقوب” دەناسێنێت. کاتێک گەلی ئیسرائیل لە میسر دەچەوسێنرێنەوە، خودا پەیمانەکەی لەگەڵ ئیبراهیم بەبیر دێتەوە.

لە پەیمانی نوێدا، مەتا ئینجیلەکەی بە ڕەچەڵەکێک دەست پێدەکات کە لە ئیبراهیمەوە دەست پێدەکات. عیسا تەنها مامۆستایەکی جولەکە نییە، ئەو “کوڕی ئیبراهیم”ە، ئەو هاتنەدیی ئەو بەڵێنەیە کە دەوترا لە ڕێگەی ئیبراهیمەوە هەموو نەتەوەکان بەرەکەتدار دەبن.

دواتر خودا لە کاتی پیرییدا “ئیسحاق”ی بە ئیبراهیم بەخشی، لە ئیسحاقیشەوە “یاقوب” هاتە دنیاوە کە خاوەنی ١٢ کوڕ بوو. لەو ١٢ کوڕەوە گەلی ئیسرائیل (جولەکە) پێکهات. هەموو پێغەمبەرەکان وەک موسا، داود، سلێمان، ئەلیاس، ئیشایا، یەحیا و تەنانەت خودی عیسای مەسیحیش لە نێو ئەم گەلەوە هاتن. خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دابوو کە لە ڕێگەی ئەم گەلەوە بەرەکەت بۆ تەواوی جیهان پیرۆز و بەرەکەتدار دەکات. دواتر هەموو پێغەمبەران لە سەردەمی موساوە تا یەحیا پێشبینییان کرد کە “مەسیح” لەم گەلە لەدایک دەبێت و دەبێتە ڕزگارکەری هەموو مرۆڤایەتی. بەم شێوەیە خودا جیهانی بەرەکەتدار کرد و ڕزگاری کرد؛ ئەوەی لە ئیبراهیمەوە دەستی پێکرد، خودا گەلێکی لێ دروست کرد و لە ڕێگەی ئەو گەلەشەوە هەموو جیهانی پیرۆز کرد.

پۆڵس لە نامەی گەلاتیا ٣ :٧دا دەڵێت: «کەواتە بزانن ئەوانەی باوەڕیان هەیە، ئەوانە نەوەی ئیبراهیمن.» لێرەدا چەمکی خێزان فراوان دەبێت. ئەوە خوێن نییە کە دەتداتە نەوەی ئیبراهیم، بەڵکو باوەڕە. بەمەش ئیبراهیم دەبێتە باوکی خێزانێکی جیهانی کە لە هەموو زمان و نەتەوەیەک پێکدێن.

کرۆکی ژیانی ئیبراهیم

سێ ساتەوەخت ژیانی ئیبراهیم کورت دەکەنەوە، لە هەر یەکێکیاندا نەک هێزی ئەو، بەڵکو دڵسۆزیی خودا دەبینین:

١. بانگەوازەکە (پەیدابوون ١٢): ئیبراهیم بەڕێکەوت، بەڵام بە تەواوی گوێڕایەڵ نەبوو؛ “لوت”ی برازای لەگەڵ خۆی برد لە کاتێکدا خودا وتبووی خزمەکانت بەجێبهێڵە. لە ڕێگادا، کاتێک قاتوقڕی بوو، چوو بۆ میسر و دەربارەی سارای هاوسەری درۆی کرد بۆ ئەوەی گیانی خۆی ڕزگار بکات. ئەمەیە باوکی باوەڕداران: لە هەمان کاتدا گوێڕایەڵ و ترسنۆک، باوەڕدار و بەرژەوەندیخواز. لێرەدا خودا دەستوەردان دەکات و سارا دەپارێزێت. چیرۆکی ئیبراهیم بەوە دەست پێدەکات و بەوەش کۆتایی دێت: خودا بەردەوام دەبێت کاتێک ئیبراهیم دەلەرزێت.

٢. پەیمانەکە (پەیدابوون ١٥): ئیبراهیم بێ هیوا بوو، بێ منداڵ بوو، و بەڵێنەکە وەدی نەهاتبوو. خودا داوای لێکرد چەند ئاژەڵێک سەرببڕێت و لە ناوەڕاستدا بیانکات بە دوو بەشەوە. لە کولتووری ئەو سەردەمەدا، هەردوو لایەنی گرێبەستەکە (پەیمانەکە) بەنێوان پارچە گۆشتەکاندا تێدەپەڕین، وەک هێمایەک بۆ ئەوەی: “با وەکو ئەم ئاژەڵانەم بەسەر بێت ئەگەر پەیمانەکەم شکاند.” بەڵام لێرەدا تەنها خودا (بە شێوەی مەشخەڵێکی ئاگر) تێپەڕ بوو. ئیبراهیم خەوتبوو. خودا هەموو بەرپرسیارێتیی پەیمانەکەی گرتە ئەستۆی خۆی. ئەمە مژدەی ئینجیلە لە قۆناغێکی سەرەتاییدا: بەڵێنەکە بەند نییە بە کارەکانی ئیبراهیمەوە، بەڵکو بە پەیمانی خوداوە بەندە.

٣. قوربانییەکە (پەیدابوون ٢٢): ئیبراهیم دەنگێکی بیست: «ئیسحاق، تاقە کوڕە خۆشەویستەکەت ببە و لەسەر یەکێک لە کێوەکان بیکە بە قوربانی.» کوڕی بەڵێنەکە، ئەو کوڕەی ٢٥ ساڵ چاوەڕێی کردبوو، دەبوو بیگەڕێنێتەوە. ئیبراهیم ڕۆیشت. قوربانگاکەی دروست کرد، کوڕەکەی بەستەوە و چەقۆکەی بەرز کردەوە. لە دوا ساتدا خودا بانگی کرد و بەرانێکی نیشاندا لەناو دەوەنەکاندا. ئەم چیرۆکە ئاماژەیە بۆ چیاکەی تر (گۆڵگۆسا)، کە تێیدا باوکێکی تر (خودا) کوڕە تاقانە و خۆشەویستەکەی خۆی (عیسا) بە ڕاستی کردە قوربانی، و هیچ بەرانێک لە شوێنی ئەو دانەنرا، چونکە ئەو کوڕە خۆی بەرخی خودا بوو.

چی لە ئیبراهیمەوە فێر دەبین؟

وانەی یەکەم: باوەڕ دڵنیایی نییە لە ئەنجامەکان، بەڵکو دڵنیاییە لە “کەسەکە” (خودا). ئیبراهیم نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت، بەڵکو دەیزانی لەگەڵ کێدایە.

وانەی دووەم: خودا لەگەڵ ئەو مرۆڤانەدا کار دەکات کە لاوازن. ئیبراهیم دوو جار درۆی کرد، هەوڵی دا بە هاوسەرگیری لەگەڵ “هاجەر” بەڵێنەکە بە هێزی خۆی بەدی بهێنێت و کێشەی نایەوە. بەڵام هێشتا بە باوکی باوەڕداران دەناسرێت. ئەمە مۆڵەت نییە بۆ گوناهـ، بەڵکو ڕزگاربوونە لە هەوڵدان بۆ “تەواو و بێخەوشبوون”. خودا پادشایەتییەکەی بە پاڵەوانەکان بونیاد نانێت، بەڵکو بەو مرۆڤانەی کە تێدەگەن خۆیان پاڵەوان نین.

وانەی سێیەم: باوەڕ هەمیشە داوای قوربانیدانێک دەکات کە نەتدەتوانی بیکەیت ئەگەر پێشوەختە بەڵێنی خودات پێ نەبوایە.

تێڕامان

ڕەنگە بیخوێنیتەوە و بڵێیت: من ئیبراهیم نیم. من دەنگێکم بۆ نایەت کە پێم بڵێت کۆچ بکە، ئەستێرەکان نابینم کە بەڵێنی نەوەم پێ بدەن. بەڵام پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا ئەزموونی ئیبراهیمت هەیە، بەڵکو ئەوەیە: ئایا خودای ئیبراهیمت هەیە؟

لە چ شوێنێکدا چاوەڕێی بەڵێنێکیت کە نایەتە دی؟ ڕەنگە نزا بێت بۆ منداڵێک، بۆ کارێک، یان بۆ گەڕانەوەی ئازیزێک بۆ لای خودا. ئیبراهیم ٢٥ ساڵ لەنێوان بەڵێن و هاتنەدییدا چاوەڕێی کرد. لەو ساڵانەدا هەوڵی دا خۆی کێشەکە چارەسەر بکات و هەموو شتێکی تێکدا، بەڵام خودا دەستی لێ بەرنەدا.

قووڵترین تێڕامان ئەمەیە: تۆ وەک ئیبراهیم بە ڕاستودروست دادەنرێیت. نەک بەوەی چی ئەنجام دەدەیت، یان بارودۆخی ئەخلاقیت چۆنە، بەڵکو تەنها بە باوەڕ هێنان بەو خودایەی کە مردووەکان زیندوو دەکاتەوە. ئەگەر ئەمە بچێتە ناو دڵتەوە، ئارام دەبیتەوە. تەنها مرۆڤێکی ئارامیش دەتوانێت بە ڕاستی گوێڕایەڵی خودا بێت.


ئەم بابەتە بە وەرگرتن و گونجاندنی لە ماڵپەری Doorgroeien.nl (بە زمانی هۆلەندی) ئامادەکراوە، وەک سەرچاوەی ئەم بابەتە.

ئەم بابەتە بڵاو بکەرەوە

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیمان پێوەبکە.