حەزرەتی موسا: پێغەمبەری بەنی ئسرائیل

حەزرەتی موسا: پێغەمبەری خودا و نیشاندەری ڕێگای مەسیح

پیاوێکی تەمەن هەشتا ساڵ، بە پێی پەتی لە ناو جەرگەی بیاباندا وەستاوە، لە بەردەم دەوەنێکی گڕگرتوودا کە دەسووتێت بەڵام نابێتە خۆڵەمێش. چل ساڵ بوو شوانێتی مەڕ و ماڵاتی دەکرد، دوور لەو کۆشکەی تێیدا گەورە ببوو، دوور لەو گەلەی کە خۆی لێیان بوو. زمانەگرێی هەبوو، لە ڕابردووشیدا دەستی بە خوێن سوور ببوو. بەڵام هەر ئەم پیاوەیە کە فەرمانی پێ دەکرێت ڕووبەڕووی گەورەترین دەسەڵاتی جیهان ببێتەوە بۆ ئەوەی گەلێکی ژێردەستە و کۆیلە ڕزگار بکات.

موسا کێیە؟ شازادەیەک، پەنابەرێک، شوانێک، پێغەمبەرێک، یاسادانەرێک، یان تکاکارێک؟ ئەو هەموو ئەمانەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی پڕ لە کەموکوڕیش بوو. لەم نووسینەدا، نەک هەر دەزانین موسا کێ بووە، بەڵکو تێدەگەین بۆچی ژیانی ئەو بە هەموو شکان و لاوازییەکانییەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هاتنی مەسیح.

کرۆکی ئەم باسە

زۆربەی خەڵک کاتێک باس لە حەزرەتی موسا دەکەن، تیشک دەخەنە سەر گەورەییەکەی: دە ڕاسپاردەکەی شەریعەت، شەقکردنی دەریا، وەرگرتنی شەریعەت لە کێوی سینا. بەڵام لێرەدا لە گۆشەنیگایەکی ترەوە سەیری دەکەین. ژیانی ئەو کاتێک باشتر تێدەگەیەن کە لە ڕێگەی سێ غەریبی و دوورخستنەوەیەوە بیبینین: دوورخستنەوە لە میسر، دوورخستنەوە لە مەدیەن، و لە کۆتاییشدا دوورخستنەوە لەو خاکە پیرۆزەی بەڵێنی پێدرابوو. لەم سێ قۆناغەدا دەبینین بۆچی ئەو بە گەورەترین پێغەمبەری پەیمانی کۆن دادەنرێت، و لە هەمان کاتدا تەنها ڕێپیشاندەرێک بووە بۆ کەسێکی تر کە لە دوای ئەو دێت.

پەیمانی کۆن (تەورات) دەربارەی موسا چی دەڵێت؟

حەزرەتی موسا پێغەمبەرێکی مەزن بوو کە لە ناو جەرگەی گەلی ئیسرائیلدا هاتە دنیاوە. ئەو کوڕی (عەمرام) و (یوکابێد) بوو، و لە دەوروبەری سەدەی چواردەهەمی پێش زاییندا ژیاوە (نزیکەی ١٤٠٠ ساڵ پێش مەسیح). موسا لە مێژووی پێغەمبەرایەتیدا خاوەن پێگەیەکی بێوێنەیە؛ چونکە ئەو یەکەم پێغەمبەر بوو کە خودا “شەریعەت و ویستی نووسراوی خۆی” بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ئاشکرا کرد و فەرمانی پێ کرد کە ئەم یاسا و ڕێسایانە بە نەوەی ئیسرائیل ڕابگەیەنێت. لێرەوە دەبینین کە موسا بووە بنچینەیەک بۆ هەموو پێغەمبەرانی دوای خۆی. هەر پێغەمبەرێک کە لە دوای موسا هات، ئەرکی سەرەکی و پەیامە بنەڕەتییەکەی بریتی بوو لەوەی گەلی ئیسرائیل وەبیر بهێنێتەوە کە پێویستە پابەندی ئەو شەریعەت و یاسایانە بن کە خودا لە ڕێگەی موساوە پێی بەخشیبوون.

ژیانی موسا لە تەوراتدا بە گۆرانی و ستایش دەست پێ ناکات، بەڵکو بە بێشکەیەکی حەسیر لە ناو ڕووبارێکی پڕ لە تیمساح دەست پێ دەکات. دایکی بۆ ئەوەی لە دەستی زوڵمی فیرعەون ڕزگاری بکات، خستیە ناو ئاوەکەوە. بەم شێوەیە ڕزگارکەری بەنی ئیسرائیل لە ژێر لوتی فیرعەون و لە ناو کۆشکەکەیدا گەورە بوو. کچی فیرعەون دۆزییەوە و وەک شازادەیەک پەروەردە کرا و باشترین خوێندنی ئەو سەردەمەی وەرگرت.

نهێنی ناوی پیرۆز: لە دەوەنە گڕگرتووەکەوە تا شکۆی مەسیح

بەڵام لە پەیمانی نوێدا بۆ عیبرانییەکان ١١ :٢٤ هاتووە کە کاتێک موسا گەورە بوو، ڕازی نەبوو وەک کوڕی کچی فیرعەون بناسرێت. ئەو بە ئانقەست سوکایەتی و چەوسانەوەی لە پێناو خودا هەڵبژارد لەبری خەزێنەکانی میسر. ئەمە نیشانی دەدات کە موسا تەنها بەهۆی بارودۆخەوە نەبووە پشتی لە میسر کردووە، بەڵکو بەهۆی “بڕوا و ئیمان”ەوە بووە.

دوای ئەوەی موسا میسرییەک دەکوژێت و بۆ خاکی مەدیەن ڕادەکات، چل ساڵ وەک شوانێک لە گۆشەگیریدا دەمێنێتەوە. لەوێدا خودا لە ناو دەوەنە گڕگرتووەکەدا خۆی بۆ ئاشکرا دەکات؛ کاتێک موسا ناوی خودا دەپرسێت، خودا بە ناوی “من ئەوەم کە هەم” وەڵامی دەداتەوە، ئەوە ناوی ئەزەلی خودایە، هەروەکو خودا خۆی بە موسا دەڵێت. ئەمە تەنها چیرۆکێکی مێژوویی نییە، چونکە لە ئینجیلی یۆحەننادا (یۆحەنا ١٨: ٤-٦) دەبینین عیسا بە ڕاشکاوی خۆی بەو خودایە دەناسێنێت کە لەگەڵ موسا قسەی کرد و هەمان ناوی پیرۆزی “من ئەوم” بۆ خۆی بەکار دەهێنێت. هێز و گەورەیی ئەم ناوە کاتێک بە تەواوی دەرکەوت کە پاسەوانەکان هاتن بۆ گرتنی؛ کاتێک عیسا ڕووبەڕوویان وەستایەوە و فەرمووی: “من ئەوم”، تەنها بە بیستنی ئەم ناوە، هەموو پاسەوانەکان لەبەر شکۆ و هەیبەتی خودایی ئەو، بەرەو دواوە پاشەکشەیان کرد و کەوتنە سەر زەوی. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە عیسا تەنها باس لەو خودایە ناکات، بەڵکو بە هەمان ئەو دەسەڵات و ناسنامەیەوە دەردەکەوێت کە لە دەوەنە گڕگرتووەکەدا خۆی بۆ موسا دەرخست.

کاتێک دەریا شەق دەبێت، موسا تەنها دەستی درێژ دەکات، بەڵام ئەوە “ناوی خودا” و هێزی ئەو بوو کە دەریاکەی کردە دیوار. موسا لێرەدا تەنها ئامرازێک بوو. لە کێوی سیناش، کاتێک شەریعەت (دە ڕاسپاردەکە) دەدرێت، خودا دەفەرموێت: “خودا ئەم وشانەی فەرموو”، نەک موسا. موسا تەنها گەیەنەر بوو.

پەیوەندی موسا بە تەواوی کتێبی پیرۆزەوە

موسا ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک کە لە حەزرەتی ئیبراهیمەوە دەست پێ دەکات و بە مەسیح کۆتایی دێت. ژیانی ئەو نیشانەی وەفای خودایە بۆ بەڵێنەکانی. بەڵام شەریعەتەکەی موسا تەنها بۆ ئەوە بوو ڕێگاکە نیشان بدات. وەک پۆڵسی نێردراو دەڵێت، شەریعەت وەک مامۆستایەک بوو تا مەسیح دێت. قوربانییەکان، پەرستگا، و جەژنی تێپەڕبوون هەموویان نیشانەن بۆ “بەرخی خودا” کە مەسیحە و گوناهی جیهان لادەبات.

موسا ڕێگا نیشان دەدات، مەسیح تەواوی دەکات

لە پەیمانی نوێدا (نامەی بۆ عیبرانییەکان ٣) بەراوردێک دەکرێت: موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە ماڵی خودادا بوو، بەڵام مەسیح “کوڕی” خاوەن ماڵەکەیە. موسا گەلێکی برد بەرەو خاکێکی دنیایی کە خۆی نەچووە ناوی، بەڵام مەسیح گەلەکەی دەبات بەرەو نیشتمانێکی ئاسمانی.

سێ وێستگەی گرنگ لە ژیانی موسادا:

١. دەوەنە گڕگرتووەکە: خودا کاتێک موسای بانگ کرد کە تەمەنی ٨٠ ساڵ بوو و پێی وابوو ژیانی کۆتایی هاتووە. موسا ٥ جار عوزری هێنایەوە، بەڵام خودا فەرمووی: گرنگ نییە تۆ کێیت، گرنگ ئەوەیە “من” لەگەڵتم.

٢. تکاکاری: کاتێک گەلی ئیسرائیل گۆلکە زێڕینەکەیان پەرست، موسا کەوتە نێوان توڕەیی خودا و گەلەکەی، تەنانەت وتی ناوی من بسڕەوە بەڵام لەوان ببورە. ئەمە وێنەیەکی بچووکی مەسیحە کە بە ڕاستی خۆی فیدا کرد.

٣. لێدانی بەردەکە: لە بیاباندا، خودا فەرمووی بە موسا “قسە” بۆ بەردەکە بکە تا ئاوی لێ بێت، بەڵام موسا لە توڕەییدا بە گۆچانەکەی “لێی دا”. بەهۆی ئەم سەرپێچییەوە، خودا ڕێگەی نەدا بچێتە خاکی بەڵێندراو. ئەمە وانەیەکی قورس بوو: “شەریعەت” (یاسا) تەنها دەتوانێت مرۆڤ تا لای دەرگاکە ببات، بەڵام ناتوانێت بیباتە ژوورەوە؛ تەنها فەزڵ و ڕەحمەتی خودا دەتوانێت مرۆڤ ڕزگار بکات.

چی لە موسا فێردەبین؟

خودا لاوازەکان بەکار دەهێنێت: موسا پیاوێکی دڵنزم و “شکاو” بوو. خودا هێزی خۆی لە ناو لاوازی مرۆڤدا نیشان دەدات.

سەرکردەی ڕاستەقینە تکاکارە: گەورەیی موسا لەوەدا بوو کە هەمیشە داوای لێخۆشبوونی بۆ گەلەکەی دەکرد.

خودا بەسە: موسا لە دوورەوە سەیری خاکی بەڵێندراوی کرد و لەوێ کۆچی دوایی کرد. خودا خۆی بە خاکى سپارد. هەرچەندە نەچووە ناو خاکەکە، بەڵام دوای سەدان ساڵ لە کاتی “گۆڕانی شێوەی مەسیح”دا، لەسەر چیاکە لەگەڵ مەسیحدا دەرکەوتەوە مەرقۆس ٩: ٢-٥. ئەوەی لە زەویدا دەستی نەکەوت، لە ئاسماندا بە زیادەوە وەریگرت.

تێڕامان

ژیانی موسا وەک ئاوێنەیەکە بۆ ئێمە. ڕەنگە تۆش هەست بکەیت لە بیابانی ژیاندایت و هەڵەیەک لە ڕابردوودا بێ ئومێدی کردوویت. چیرۆکی موسا پێمان دەڵێت: خودا پێویستی بە کەسی “تەواو” نییە، بەڵکو پێویستی بە کەسی “گوێڕایەڵ” هەیە. ئەگەر هەست دەکەیت ناگەیتە ئاواتەکانت، یان وەک موسا لە پشت سنوورەکان وەستاویت، بزانە کە خودا هیچ کارێک و هیچ کەسێک بە نیوەچڵی جێ ناهێڵێت. گرنگ ئەوە نییە بگەیتە ئەو شوێنەی خۆت دەتەوێت، گرنگ ئەوەیە خودات لا بەس بێت.


ئەم بابەتە لە وێبسایتی Doorgroeien.nl بە دەستکارییەوە وەرگیراوە.

ئەم بابەتە بڵاو بکەرەوە

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیمان پێوەبکە.