ئایا مەسیح پێشبینی هاتنی پێغەمبەری ئیسلام کردووە؟
ئەحمەد دیدات و زاکیر نایک و هەندێک لە موسڵمانان دەڵێن ئەم بەندەی ئینجیل (یۆحەنا ١٦:٧) پێشبینی مەسیحە دەربارەی پێغەمبەری ئیسلام. لەم بەندەدا مەسیح دەڵێت: “بەڵام من ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر من نەڕۆم، یارمەتیدەر بۆتان نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم، بۆتانی دەنێرم.”
ئایا ئەم بەندە پێشبینی هاتنی پێغەمبەری ئیسلام دەکات؟
هەرچەندە مەبەستی مەسیح لێرەدا ڕۆحی پیرۆزە و هیچ پەیوەندییەکی بە محمدەوە نییە، بەڵام با بۆ چەند ساتێک لۆژیک و مەنتقی موسڵمانان قبووڵ بکەین و وا دابنێین مەبەستی مەسیح محمدە.
ئەگەر جوان بڕوانینە بەندەکە، تێیدا مەسیح دەڵێت: “بۆتانی دەنێرم” – واتە ئەو کەسەی بڕیارە بێت، مەسیح دەینێرێت.
کێ دەتوانێت پێغەمبەری ئیسلام بنێرێت؟
کەواتە محمد لە لایەن مەسیح نێردراوە. هەموومان دەزانین تەنها خودا دەتوانێت پێغەمبەر بنێرێت. کەواتە ئێوەی موسڵمان دەبێت دان بەوەدا بنێن کە مەسیح خودایە. کەواتە بۆ مەسیح ناپەرستن لەکاتێکدا کە کەسێکە کە پێغەمبەرەکەتانی بۆ ناردووە؟
«یارمەتیدەر» لە ئینجیلدا کێیە؟
لە ئینجیلی یۆحەنا خۆیدا، مەسیح ڕوون دەکاتەوە کە مەبەستی لە «یارمەتیدەر» ڕۆحی پیرۆزە، نەک کەسێکی مرۆیی. لە یۆحەنا ١٤:٢٦ دەفەرموێت کە باوک ئەم یارمەتیدەرە بە ناوی ئەوەوە دەنێرێت و ئەو هەموو شتێک فێری قوتابییەکان دەکات. لە یۆحەنا ١٤:١٦-١٧ـیشدا دەڵێت کە ئەم یارمەتیدەرە بۆ هەتاهەتایە لەگەڵ باوەڕدارەکان دەمێنێتەوە و لە ناوی ئەواندا نیشتەجێ دەبێت. کەسێکی مرۆیی نە دەتوانێت بۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوە و نە لە ناو دڵی خەڵکیدا نیشتەجێ بێت.
هەروەها لە بەشی دووەمی پەرتووکی کردار، تەنها چەند ڕۆژ دوای بەرزبوونەوەی مەسیح بۆ ئاسمان، ئەم بەڵێنە جێبەجێ بوو: ڕۆحی پیرۆز بۆ سەر قوتابییەکان هاتە خوارەوە. کەواتە بەپێی دەقی ئینجیل، ئەم بەندە پێشبینی هاتنی پێغەمبەری ئیسلام ناکات، بەڵکو بەڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆزە کە چەند هەفتەیەک دواتر جێبەجێ بوو.
ئەگەر پرسیاری زیاترت دەربارەی ڕۆحی پیرۆز، مەسیح یان پەیامی ئینجیل هەیە، دەتوانیت بابەتەکانی تری «هیوا بۆ کورد» بخوێنیتەوە یان ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەیت.
زیاتر بخوێنەوە: ئیسلام و باوەڕی مەسیحی: پرسیار و وەڵام و هەموو ١٥٠ پرسیار و وەڵامەکە.