ئایا تەورات پێشبینی هاتنی پێغەمبەری ئیسلامی کردووە؟
یەکێک لەو بەندانەی کە لە تەوراتدایە و موسوڵمانان پێیان وایە پێشبینییە دەربارەی پێغەمبەری ئیسلام، لە دواوتار بەشی ١٨ بەندی ١٨دا نووسراوە: «لەنێو براکانیان پێغەمبەرێکی وەک تۆیان بۆ دادەنێم». خودا لێرەدا قسە لەگەڵ جولەکەکاندا دەکات و ئەو پێغەمبەرەی کە بڕیارە بێت، دەبێت جولەکە بێت. ئەو پێشبینییە دەربارەی عیسایە.
یەکێک لەو بەندانەی کە لە تەوراتدایە و موسوڵمانان پێیان وایە پێشبینییە دەربارەی پێغەمبەری ئیسلام لە “دوا وتاری موسا بەشی ١٨ بەندی ١٨ دا” نوسراوە کە دەڵێت:
(لەنێو براکانیان پێغەمبەرێکی وەک تۆیان بۆ دادەنێم و وشەکانم دەخەمە دەمی و ئەوەی فەرمانی پێ دەدەم ئەو بۆیان پێی دەدووێت)
پێش هەموو شتێک ئەگەر بەندەکە بە جوانی بخوێنینەوە دەڵێت (لە نێو براکانیان) پێغەمبەرێکی وەک و تۆیان بۆ دادەنێم.
خودا لێرەدا قسە لەگەڵ جولەکەکاندا دەکات و ئەو پێغەمبەرەی کە بڕیارە بێت دەبێت جولەکە بێت. چونکە دەڵێت: لە نێو براکانیان، پێغەمبەری ئیسلام نەک تەنها جولەکە نەبوو بەڵکو دایک و باوکی و باوباپیرانی بە پێچەوانەی جوولەکە، بە دررێژایی مێژوو بت پەرست بوون.
ئەو پێشبینیە دەربارەی عیسایە. خودی عیسا چەندین سەدە پێش لەدایک بوونی محمد بە جولەکەکان دەڵێت:
[ئەو موسایەی کە ئێوە ئومێدتان پێیەتی دەربارەی من نوسیویەتی، ئەگەر باوەڕتان بە موسا بکردبایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە ئەو لە بارەی منەوە نووسیویەتی. (یۆحەنا ٥ کۆپلەی ٤٦)]
وەک دەبینین ٦٠٠ ساڵ پێش ئەوەی پێغەمبەری ئیسلام لە دایک بێت عیسا ئاماژە بەو بەندە دەکات و دەڵێت کە دەربارەی ئەو نوسراوە.
ئەگەر تەورات و ئینجیل یەک پێشبینیان تیادا بوایە دەربارەی پێغەمبەری ئیسلام چاوەڕوان دەکرا کە خۆی ئاماژەی پێ بکردایە. ئەوە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە یەهودییەکان بە پێغەمبەر قبووڵیان نەکرد.
سەیر لەوەدایە پاش چەندین سەدە ئەحمەد دیدات و کەسانی دیکە وەک ئەوەی بڵێن ئێمە لە پێغەمبەری ئیسلام شارەزاترین، لە لایەیەکەوە دەڵین کتێبی پیرۆز دەستکاری کراوەو لە لایەکی کەشەوە تیایدا دەگەڕێن تا بە هەرشێوەیەک بێت بەندێک بدۆزنەوەو پەیوەستی بدەن بە پێغەمبەرەکەیانەوە.
نەک تەنها عیسا بەڵکو قووتابیەکانی عیساش تێگەیشتنێکی تەواویان هەبوو دەربارەی ئەو بەندە. بزانە ئینجیل چی دەڵێت لەو بارەیەوە:
[بۆ بەیانی عیسا ویستی بچێتە جەلیل، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو دوام بکەوە. فیلیپۆس خەڵکی بێتسەیدا بوو، شارەکەی ئەندراوس و پەترۆس. فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییەوە، پێیووت: ئەوەی کە موسا لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە سیپارەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، عیسای کوڕی یوسفی خەڵکی ناسیرەیە. (یۆحەنا ۱ کۆپلەی ٤۳-٤٥)]
هەروەها لە کرداری نێردراوانداو لە بەشی (٣ کۆپلەی ١٧-٢٤) پەترۆس یەکێک لە قوتابییەکانی بە جوانی روونی دەکاتەوە کە ئەو پێشبینییە دەربارەی عیسایە.
[ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان. بەڵام خودا ئەوەی پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاند، کەوا مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت، ئاوا هێنایە دی. کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە،تاکو لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و مەسیحەکەتان بۆ بنێرێتەوە کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو – عیسا، ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، تاکو کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانی باسی کردووە. موساش وتی: یەزدانی خوداتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، لە هەموو ئەوەی پێتانی دەڵێت گوێی لێ بگرن. جا هەر کەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەناو گەل دەبڕدرێتەوە. هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە.]
نەک تەنها ئەوە بەڵکو ئیستیفانۆس یەکەمین کەس کە بەهۆی باوەڕییەوە گیانی لە دەست دا لە کرداری نێردراواندا بە جولەکەکان دەڵێت:
[ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی وت خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەکو منتان بۆ دەنێرێت.]
بە ڕوونی دیارە، چەندین سەدە پێش ئیسلام ئەو بابەتە بۆ مەسیحییەکان بڕاوەتەوە.
کاتێکیش دەڵێت (پێغەمبەرێکی وەک تۆیان بۆ دەنێرم) واتای ئەوە نیە کە عیسا پێغەمبەرە، بەڵکو دەڵێت (وەک تۆ) واتە وەکو موسا.
واتە چۆن خودا بەهۆی موساوە گەلی ئیسرائیلی لە کۆیلایەتی میسر ئازاد کرد بە هۆی عیساشەوە مرۆڤایەتی ڕزگار دەکات لە کۆیلایەتی شەیتان و گوناە.
زیاتر بخوێنەوە: ئیسلام و باوەڕی مەسیحی: پرسیار و وەڵام و هەموو ١٥٠ پرسیار و وەڵامەکە.