شەریعەتی موسا و بەزەیی خودا: چ پەیوەندییەکیان هەیە؟
زۆر کەس پێیان وایە باوەڕ بە خودا واتە ڕێکردن بەپێی لیستێکی درێژی ڕێسا و فەرمان، تا خودا لێمان ڕازی بێت. کتێبی پیرۆز شتێکی جیاواز دەڵێت. لەم وتارەدا دەربارەی شەریعەتی موسا و بەزەیی خودا دەخوێنیتەوە: خودا شەریعەتی دا بە موسا، بەڵام ئەو شەریعەتە نەبوو بە ڕێگەی گەیشتن بە خودا.
بە ساکاری ڕوون دەکەینەوە شەریعەتی موسا چییە، بۆچی درا، چی بەسەر هات کاتێک عیسای مەسیح هات، و «بەزەیی خودا» چییە. مەبەستمان لە «شەریعەت» لێرەدا ئەو فەرمانانەیە کە خودا لە ڕێگەی موساوە (لە تەوراتدا) دایە گەلی ئیسرائیل.
١. خودا لە سەرەتاوە چی لە دڵی مرۆڤدا نووسی؟
خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی دروست کرد. ڕێسا ئەخلاقییەکانی خۆی لە دڵی هەموو مرۆڤێکدا نووسی و ویژدانیشی پێ بەخشی، تا ئەو ڕێسایانەی بیر بخاتەوە (ڕۆما ٢:١٤-١٥). بەڵام گوناه هاتە ناو ژیانی مرۆڤەوە و ئەو ڕێسایانە لە دڵ و ویژدانی مرۆڤدا تا ڕادەیەک کاڵ بوونەوە.
خودا پێشتر پەیمانێکی (واتە ڕێککەوتنێک) لەگەڵ ئیبراهیم بەستبوو. سەدان ساڵ دواتر، کاتێک نەوەکانی ئیبراهیم بوونە گەلێکی گەورە، خودا ئەو پەیمانەی بۆ موسا پشتڕاست کردەوە و شەریعەتی خستە سەری. گەلی ئیسرائیل چەند جار سەرپێچیی خودایان کردبوو، بۆیە خودا ڕێسا ئەخلاقییەکانی بە نووسراوی، لە شێوەی «دە ڕاسپاردەکە»دا، دایە دەستیان.
٢. شەریعەتی موسا لە چی پێک دێت؟
خودا جگە لە ڕێسا ئەخلاقییەکان، شەریعەتی ڕێوڕەسمی و شەریعەتی مەدەنیشی دایە گەلەکەی. هەر یەکێک لەم سێ بەشە مەبەستی تایبەتی خۆی هەبوو:
- شەریعەتی ئەخلاقی: فێری گەلی خودا دەکرد چۆن لەگەڵ خودا و لەگەڵ یەکتر بژین.
- شەریعەتی ڕێوڕەسمی (نەریتی): فێری دەکردن چۆن لە خودای پیرۆز نزیک ببنەوە و چۆن بیپەرستن.
- شەریعەتی مەدەنی (کۆمەڵایەتی): ڕێسای ژیانی ئیسرائیلی دادەنا وەک نەتەوەیەک، لە سیاسەت و دادوەری و سزادان و کاروباری سەربازیدا.
٣. شەریعەت بۆ چی درا؟
خودا شەریعەتی نەدا تا مرۆڤ بەهۆیەوە شایەنی ڕەزامەندی خودا بێت. کتێبی پیرۆز چەند مەبەستێکی ڕوون بۆ شەریعەت دەستنیشان دەکات:
- تا مرۆڤ گوناه بناسێت و بزانێت لە چاوی خودادا چی «باش»ە و چی «خراپ»ە (گەڵاتیا ٣:١٩).
- تا گوناه جڵەو بکات (یەکەم تیمۆساوس ١:٨-١١).
- تا گەلی خودا فێر بکات چۆن وەک گەلی ئەو لەنێو گەلانی دیکەدا بژین، چۆن خودا دڵخۆش بکەن و شکۆداری بکەن (دەرچوون ٢٠:١-٢).
- تا گەلەکە ئامادە بکات بۆ هاتنی مەسیح (واتە ئەو کەسەی خودا دەستنیشانی کردووە) و بۆ بەزەیی (گەڵاتیا ٣:٢٣-٢٥؛ یۆحەنا ١:١٧).
شەریعەت وەک چاودێرێک بەسەر خەڵکەوە بوو، هەتا ئەو کاتەی مەسیح دێت. بەڵام شەریعەت نەیدەتوانی ببێتە ڕێگەیەک بۆ ئەوەی مرۆڤ بێتاوان بکرێت (واتە خودا مرۆڤ بە بێتاوان دابنێت) یان ڕزگاری بێت.
٤. شەریعەتی ئەخلاقی: ئایا هێشتا ماوە؟
ڕێسا ئەخلاقییەکانی پەیمانی کۆن لە «دە ڕاسپاردەکە»دا کورت کراونەتەوە (دواوتار ٥:٦-٢١). چوار ڕاسپاردەی یەکەم فێری گەلی خودا دەکەن چۆن خودایان خۆش بوێت. شەش ڕاسپاردەکەی دواییش فێریان دەکەن چۆن دراوسێکەیان خۆش بوێت.
عیسای مەسیح ئەم ڕاسپاردانەی لە مەرقۆس ١٢:٣٠-٣١دا بەم شێوەیە کورت کردەوە:
«بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.» ڕاسپاردەی دووەمیش ئەمەیە: «نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.»
عیسا لە مەتا ٥:٢١-٤٨یشدا واتای ڕاستەقینەی «دە ڕاسپاردەکە»ی ڕوون کردەوە. بۆیە شەریعەتی ئەخلاقی لانەبراوە، بەڵکو لە پەیمانی نوێدا دووبارە پشتڕاست کراوەتەوە. هێشتا ڕێسای ژیانی هەموو مەسیحییەکانە، لە هەر گەلێک بن (ڕۆما ١٣:٨-١٠؛ نامەی یاقوب ٢:٨-١٢). تەنها دەبێت لە ڕۆشنایی پەیمانی نوێدا ڕاڤە بکرێت.
٥. شەریعەتی ڕێوڕەسمی: بۆچی چیتر پێویست نییە؟
«پیرۆز» واتە جیاکراوە لە هەرچی هەڵە و خراپە، و تەرخانکراو بۆ هەرچی ڕاست و چاکە. خودا خودایەکی پیرۆزە، و مرۆڤی ناپیرۆز بە هێزی خۆی ناتوانێت لێی نزیک ببێتەوە (لێڤییەکان ١٩:١-٢؛ ئیشایا ٦:١-٧). بۆیە خودا شەریعەتی ڕێوڕەسمیی دانا. ئەم شەریعەتە ڕێسای دادەنا بۆ کاهینەکان، بۆ چادری پەرستن و پەرستگا، بۆ کاتە پیرۆزەکان وەک ڕۆژی شەممە و جەژنەکان، و بۆ کارە پیرۆزەکان وەک قوربانییەکان، خەتەنەکردن و خۆشوشتنی ڕێوڕەسمی.
بەڵام هەموو ئەم ڕێسایانە تەنها «وێنە» و «سێبەر» و «نیشانەی پێشوەختە»ی ئەو ڕاستییە بوون کە دەهات، واتە عیسای مەسیح (کۆڵۆسی ٢:١٦-١٧؛ عیبرانییەکان ١٠:١). کاتێک عیسا لە جیاتی ئێمە لەسەر خاچ مرد، ئەو ڕێسایانە لە ئەودا هاتنە دی. بۆیە پەیمانی نوێ دەڵێت شەریعەتی ڕێوڕەسمی هاتە دی و هەڵوەشایەوە (کۆڵۆسی ٢:١٤؛ ئەفەسۆس ٢:١٥؛ عیبرانییەکان ٧:١٢).
عیسا بە مردنی خۆی ئاشتیشی هێنایە نێوان باوەڕدارانی ئیسرائیل و باوەڕدارانی گەلانی دیکە (ناجوولەکە)، کە شەریعەتی ڕێوڕەسمییان نەبوو. هەردوو کۆمەڵەکەی لە یەک جەستەدا، واتە کڵێسادا، کۆ کردەوە (ئەفەسۆس ٢:١١-٢٢). بۆ نموونە، دەربارەی ماناکەی خەتەنەکردن لە کتێبی پیرۆزدا و هەویرترش وەک نیشانەی گوناه بخوێنەوە. پێشتر ئەم ڕێسایانە ئیسرائیل و گەلانی دیکەیان لە یەکتر جیا دەکردەوە. کەواتە نابێت جارێکی تر لە کڵێسادا بخرێنەوە کار.
٦. شەریعەتی مەدەنی: چی بەسەر هات؟
ئیسرائیل لە سەردەمی پەیمانی کۆندا ئەرکێکی تایبەتی هەبوو: دەبوو مەسیحی بەڵێندراو لەم گەلە لەدایک بێت (یۆحەنا ٤:٢٢) و وەک گەلێکی پیرۆز لەنێو گەلانی دیکەدا بژین. شەریعەتی مەدەنی ڕێسای ئەم گەلەی ڕێک دەخست. کاتێک خودا کوڕەکەی نارد (گەڵاتیا ٤:٤)، ئەم ئەرکە تایبەتە تەواو بوو.
مەسیح شانشینی خودای دامەزراند، نەک تەنها بەسەر ئیسرائیلدا، بەڵکو بەسەر هەموو زەویدا (مەتا ٢٨:١٨؛ ئەفەسۆس ١:٢٠-٢٣). ئیتر ڕێساکانی شانشینی خودا جێی شەریعەتی مەدەنیی ئیسرائیلیان گرتەوە. عیسا ئەم ڕێسایانەی لە وتاری سەر چیاکەدا و لە نموونەکانیدا فێر کرد. زۆربەیان ڕێسای ئەخلاقین و بۆ باوەڕداران لە هەموو گەلان کاریان پێ دەکرێت.
پەیمانی نوێ ڕێنمایی ڕوونی هەیە بۆ ژیانی ڕۆژانە: بۆ هاوسەرگیری و خێزان (یەکەم کۆرنسۆس ٧:١-٤٠؛ ئەفەسۆس ٦:١-٤)، بۆ کار (ئەفەسۆس ٦:٥-٩)، بۆ پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵات (ڕۆما ١٣:١-٧)، و دژی جیاکاری و چەوساندنەوە (نامەی یاقوب ٢:١-١٣).
شەریعەتی ئەخلاقی و ڕێوڕەسمی و مەدەنی هەمیشە بە ڕوونی لە یەکتر جیا نەکراونەتەوە. هەندێک ڕێسای ڕێوڕەسمی و مەدەنی بنەمای ئەخلاقی و ڕۆحییان تێدایە. ڕێسا ئەوەیە: لایەنە ئەخلاقی و ڕۆحییەکانی شەریعەت هێشتا لە کاردان، بەڵام لایەنە ڕێوڕەسمییەکان نا.
٧. عیسا بۆچی هات: بۆ هەڵوەشاندنەوەی شەریعەت؟
نەخێر. عیسای مەسیح نەهات تا «شەریعەت و پێغەمبەران» هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵکو هات تا بیانهێنێتە دی (مەتا ٥:١٧). ژیانی عیسا، مردنی، هەستانەوەی و بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان، کلیلی تێگەیشتنن لە پەیمانی کۆن. بەبێ ئەو، ناتوانین پەیمانی کۆن بە دروستی ڕاڤە بکەین (لۆقا ٢٤:٢٥-٢٧؛ دووەم کۆرنسۆس ٣:١٤-١٦).
ئۆگستین، یەکێک لە فێرکارە کۆنەکانی کڵێسا، ئاوا دەڵێت: «پەیمانی نوێ لە پەیمانی کۆندا شاراوەیە و پەیمانی کۆن لە پەیمانی نوێدا ئاشکرا بووە.» پەیمانی کۆن بەڵێنە و پەیمانی نوێ هاتنەدیی ڕاستەقینەی ئەو بەڵێنەیە. هەموو بەڵێنەکانی خودا لە مەسیحدا بۆ باوەڕدارانی هەموو گەلان هاتوونەتە دی یان دێنە دی (دووەم کۆرنسۆس ١:٢٠؛ ئەفەسۆس ٣:٣-٦).
٨. بەزەیی خودا چییە؟
وشەی «بەزەیی» لە کتێبی پیرۆزدا واتە چاکەیەک کە شایەنی نین. خودا ئەو سزایەمان لێ خۆش دەبێت کە هەقی خۆمانە، و ئەو بەرەکەتانەمان پێ دەبەخشێت کە هەقمان نییە. بەزەیی خودا دیارییە، نەک ماف (ئەفەسۆس ٢:٧-٨؛ ڕۆما ٣:٢١-٢٦). ناتوانیت بە پابەندبوون بە شەریعەتەوە شایەنی بیت (گەڵاتیا ٣:١٠-١١؛ نامەی یاقوب ٢:١٠؛ ڕۆما ٤:٤-٥).
کتێبی پیرۆز باسی دوو جۆر بەزەیی دەکات.
بەزەیی گشتی هەموو مرۆڤێک دەگرێتەوە. خودا خۆری بەسەر هەمووماندا هەڵدەهێنێت و باران و خۆراکمان پێ دەدات (کردار ١٤:١٦-١٧). بەهۆی ئەم بەزەییەوە، ڕێسا ئەخلاقییەکان هێشتا تا ڕادەیەک لە دڵی بێباوەڕانیشدا نووسراون و یارمەتییان دەدەن هێزی گوناه لە ژیانیاندا کەم بێتەوە (ڕۆما ٢:١٤-١٥). ژیان بەم هۆیەوە هێشتا بەرگە دەگیرێت.
بەزەیی تایبەتی پەیوەندیی بە بێتاوانکردنەوە هەیە و باوەڕداران دەگرێتەوە. ئەم بەزەییە لەوەوە دەست پێ ناکات کە مرۆڤ خودا هەڵبژێرێت. لەوەوە دەست پێ دەکات کە خودا مرۆڤ هەڵدەبژێرێت (دووەم تیمۆساوس ١:٩) و بەرەو لای عیسا ڕایدەکێشێت (یۆحەنا ٦:٤٤، ٣٧). مرۆڤەکە لە ڕێگەی ئینجیلەوە دەگاتە لای عیسا، ڕۆحی پیرۆز لە هزر و ویژدان و دڵیدا کار دەکات، لە نوێوە لەدایک دەبێتەوە، باوەڕ دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا (ئەفەسۆس ١:٣-٨).
هەندێک کەس پێیان وایە ئەمە نادادپەروەرییە. بەڵام هەموو مرۆڤێک کەوتووەتە ناو گوناهەوە و بە تەواوی ون بووە (ڕۆما ٣:١٠-١٢، ٢٣). بۆیە ئەوەی خودا دەیبەخشێت دیارییە، نەک مافی کەسێک. مرۆڤ ناتوانێت بەزەیی تایبەتیی خودا بەدەست بهێنێت؛ خودا خۆی دەیبەخشێت.
٩. ژیان لەژێر بەزەیی خودا یانی چی؟
کتێبی پیرۆز بە ڕوونی دەڵێت مەسیحییەکان «لەژێر سایەی شەریعەتدا نین، بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتدان» (ڕۆما ٦:١٤؛ نیعمەت لێرەدا واتە بەزەیی خودا). ئەمە چۆن دەبێت؟
هەموو مرۆڤێک دژی شەریعەتی خودا گوناهی کردووە (ڕۆما ٣:٢٣)، بۆیە بە سروشتی خۆی لەژێر حوکمی خودادایە (ڕۆما ٨:١-٢؛ یۆحەنا ٣:١٨، ٣٦). بەڵام خودا خۆشەویستییە. بۆ هەموو ئەو کەسانەی باوەڕ بە عیسای مەسیح دەهێنن، کەفارەتی دابین کرد، واتە گوناهەکانی داپۆشی بە قوربانییەکی گەورە (ڕۆما ٣:٢٤-٢٥؛ ٥:٨؛ یۆحەنا ٣:١٦؛ یەکەم نامەی یۆحەنا ٤:٩-١٠). عیسای مەسیح لە جیاتی ئێمە ئەوەی هێنایە دی کە دادپەروەریی خودا داوای دەکات (ڕۆما ١٠:٤؛ دووەم کۆرنسۆس ٥:٢١؛ یەکەم نامەی پەترۆس ٣:١٨).
هەر کەسێک باوەڕ بە عیسای مەسیح بهێنێت، چیتر لەژێر حوکمی شەریعەتدا نییە، بەڵکو لەژێر بەزەیی خودادایە. خودا ئەو کەسە بۆ هەمیشە بە بێتاوان ڕادەگەیەنێت و وا مامەڵەی لەگەڵ دەکات (عیبرانییەکان ١٠:١٧-١٨).
«ژیان لەژێر بەزەیی خودادا» واتە چیتر لەژێر باری شەریعەت و حوکمەکەیدا دانەچەماویت. دەتوانیت هەست بە ئازادی بکەیت، تەنانەت کاتێک ویژدانت تاوانبارت دەکات. ئەگەر کەوتیتە ناو گوناهێکەوە، پێویست ناکات بترسیت خۆشەویستیی خودا و خوشک و برا ڕۆحییەکانت لەدەست بدەیت (ڕۆما ٨:٣٣-٣٥). چونکە بۆ مەسیحی، ئەنجامی گوناه ئەوە نییە خودا تاوانباری بکات یان ڕەتی بکاتەوە، بەڵکو ئەوەیە پەیوەندییە باشەکەی لەگەڵ خودا تێک دەچێت.
ئەگەر شتێکی هەڵەت کرد، هەمیشە دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ لای خودا: دان بە گوناهەکانتدا بنێ، لێخۆشبوونەکەی وەربگرە و لە پەیوەندییەکی نزیک و گەرمدا لەگەڵ خودا درێژە بە ژیانت بدە (یەکەم نامەی یۆحەنا ١:٩). ئاوا هەمیشە دەتوانیت پەیوەندیت لەگەڵ خودا چاک بکەیتەوە، و بەردەوام بەزەیی خودا دەچێژیت و زیاتر و زیاتر پیرۆز دەبیت.
کورتەی وتارەکە: شەریعەتی موسا و بەزەیی خودا
- خودا شەریعەتی دا بە موسا تا مرۆڤ گوناه بناسێت و گەلەکەی ئامادە بکات بۆ هاتنی مەسیح، نەک تا مرۆڤ بەهۆیەوە ڕزگاری بێت.
- شەریعەتی ئەخلاقی (بەتایبەت «دە ڕاسپاردەکە») هێشتا ماوە و لە خۆشویستنی خودا و دراوسێدا کورت دەبێتەوە.
- شەریعەتی ڕێوڕەسمی و شەریعەتی مەدەنیی ئیسرائیل لە عیسای مەسیحدا هاتنە دی و ئەرکی خۆیان تەواو کرد.
- بەزەیی خودا دیارییە و بە ڕەنج و کار بەدەست نایەت.
- ئەوانەی باوەڕ بە عیسا دەهێنن لەژێر بەزەییدان، و هەمیشە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ لای خودا.
ئەگەر دەتەوێت زیاتر بزانیت خودا کێیە، بخوێنەوە خودای کتێبی پیرۆز. ئەگەر پرسیارێکیشت هەیە دەربارەی شەریعەتی موسا و بەزەیی خودا، دەتوانیت لە ڕێگەی پەیجی «پەیوەندی»یەوە بۆمان بنووسیت.