چۆن دەتوانین خودا بناسین؟
زۆرجار وەک مرۆڤ وا هەست دەکەین خودا لە ئێمەوە دوورە و دەستمان پێی ناگات. دڵخۆشیی ئینجیل ئەوەیە کە خودا خۆی ڕێگەی گرتە بەر بۆ ناساندنی خۆی. عیسای مەسیح هاتە جیهان تاکو وێنەی ڕاستەقینەی خۆشەویستی و پاکیی خودامان پێبناسێنێت. عیسای مەسیح فەرمووی، هەرکەسێک ئەوی بینیبێت، خودای باوکی بینیوە.
عیسا لە مزگێنی بەپێی یۆحەنا دەڵێت “ئەی باوکی ڕاستودروست، جیهان تۆ ناناسێت” (یۆحەنا ١٧:٢٥). ناسینی خودا واتە هەبوونی پەیوەندییەکی دولایەنە و زیندوو لەگەڵ خودا. ئەمەش هەمان ئەو پەیوەندیە بوو کە ئادەم و حەوا پێش ئەوەی گوناە بکەن لەگەڵ خودا هەیانبوو. بەڵام دوای گوناە کردنیان، پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خودا پچڕا. بۆیە ئینجیل دەڵێت “هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوورکەوتنەوە” (ڕۆما ٣:٢٣). لەبەر ئەوەیە کە عیسا دەڵێت جیهان (واتە مرۆڤەکان) خودا ناناسێت.
کاتێک ئێمەی مرۆڤ گوناهمان کرد، پەیوەندیمان لەگەڵ خودا پچڕا و لەو دابڕاین. کاری دروست ئەوە بوو کە تۆبە بکەین و داوا لە خودا بکەین کە دووبارە خۆیمان پێبناسێنێت. بەڵام لە جێی ئەو کارە، هەوڵمان دا بە هەوڵ و کۆشش و تێگەیشتنی خۆمان خودا بناسین. بەو پێیەی بیرو هۆشی مرۆڤ و تێڕوانین و ئارەزووەکانی لەیەک ناچن و جیاوازن، بۆیە ئەو خودایەی کە بۆ خۆی دروستی دەکات و هەوڵی ناساندنی دەدات، جیاوازە لەگەڵ ئەو خودایەی کە کەسێکی دیکە بۆ خۆیی دروست کردوە و دەیناسێنێت. چونکە بیرو بۆچۆنەکانمان جیاوازە، ڕێگای جیاوازمان بۆ ناسینی خودا خستوەتە ڕوو. دەرەنجامی ئەم کارە، دروست بوونی ئەو هەموو دین و مەزهەبەیە کە ئێستا هەن.
لەم نێوانەدا خەڵکانێک ماندوو بوون لە بیستنی ئەم هەموو بیرو بۆچون و دینە جیاوازانە، بۆیە بە باشی دەزانن بێباوەڕ بن بە خودا و زۆر بیری لێ نەکەنەوە. لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئێمە، بە هەوڵدانی خۆمان نەک تەنها ناتوانین خودا بناسین، بەڵکو دەبینە هۆی ئەوەی زۆرێک لە خەڵکی بێباوەڕ بن بە خودا.
ڕێگەی ناسینی خودا
تەنها ڕێگا بۆ ناسینی خودا ئەوەیە کە خودا بەزەیی پێماندا بێتەوە و خۆی خۆیمان پێبناسێنێت. خۆشبەختانە خودا لە ڕێگەی مەسیحەوە ئەو کارەی ئەنجام دا و خۆی بە ئێمە ناساند. بۆیە دەکرێت بڵێین: دین واتە هەوڵی مرۆڤ بۆ ناسینی خودا، بەڵام ئینجیل هەوڵدانی خودایە بۆ ناساندنی خۆی.
لە ئینجیلدا عیسا بە باوک دەڵێت “جیهان تۆ ناناسێت، بەڵام من تۆ دەناسم” (یۆحەنا ١٧:٢٥). عیسا نەک تەنها خودای دەناسی بەڵکو ئەو خودی خودا بوو کە لەسەر شێوەی مرۆڤ هاتە سەر زەوی بۆ ناساندی خۆی.
عیسا لە یۆحەنا بەشی (١٤) دا دەڵێت”هەرکەسێک منی بینیوە باوکمی (خودا) بینیوە. عیسا دەیتوانی بە بوێرییەوە ئەو قسەیە بکات، چونکە تەواوی ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا بوو کە لە خودا دا هەبوون، ئەمە عیسا جیا دەکاتەوە لە تەواوی پێغمبەرەکانی پێش خۆی، لە هێزو توانای خوداییەوە بگرە تا خۆشەویستی و بەخشینی ژیان و لێبووردنی گوناە و پاکی و پیرۆزی و هەموو تایبەتمەندیەکانی دیکە کە لە خودا دا هەن. ئەمە نەک تەنها بۆچونی عیسا بوو دەربارەی خۆی، بەڵکو قوتابیەکانیشی تێگەیشتنێکی تەواویان دەربارەی ئەم ڕاستیە پەیدا کرد. یەکێک لەوانە پەترۆسە، لە کرداری نێردراواندا دەڵێت “بێجگە لە عیسا ڕزگاربوون بە کەسی دیکە نییە، چونکە لەژێر ئاسماندا ناوێکی دیکە بە مرۆڤەکان نەدراوە کە بە هۆیەوە بتوانین ڕزگار بین”.
ئینجیلی پیرۆز بخوێنەرەوە و مەسیح بناسە، چونکە ناسینی مەسیح واتە ناسینی خودا.
زیاتر بخوێنەوە: خودا: پرسیار و وەڵام و هەموو ١٥٠ پرسیار و وەڵامەکە.
زیاتر بخوێنەوە: عیسای مەسیح: تاکە ڕێگای گەیشتن بە خودا