١. کێشەی “نوێژی ڕزگاری” لە ڕوانگەی ئینجیلەوە
زۆر کەس ئەم پرسیارە دەکەن: “ئایا نوێژێک هەیە بۆئەوەی من ئەنجامی بدەم و بە هۆیەوە ڕزگاری خودا بەدەست بهێنم؟ ” کاتێک ئەم پرسیارە دەکەین، گرنگە بزانین کە ڕزگاربوونمان لە ڕێگەی نوێژکردن یان وتنی چەند وشەیەکی تایبەتەوە نایەتە دی. لە هیچ شوێنێکی ئینجیلدا نەهاتووە کە مرۆڤ بە نوێژ ڕزگاری دەبێت. نوێژکردن ڕێگای ئینجیلی نییە بۆ ڕزگاربوون.
ڕێگای ئینجیلی بۆ ڕزگاربوون باوەڕهێنانە بە مەسیح. یۆحەنا ١٦:٣ پێمان دەڵێت: “لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت،” ڕزگاری لە ڕێگەی باوەڕەوە بەدەست دێت (ئەفەسۆس٨:٢)، بە قبوڵکردنی مەسیح وەک ڕزگارکەر (یۆحەنا ١: ١٢)، بە متمانەی تەواو تەنها بە مەسیح (یۆحەنا ٦:١٤؛ کردار ١٢:٤) – نەک بە وتنەوەی نوێژێک.
٢. ڕێگای ڕاستەقینە بۆ ڕزگاربوون: باوەڕ بە مەسیح
پەیامی ئینجیل دەربارەی ڕزگاربوون سادە و ڕوونە، بەڵام هەروەها سەرسوڕهێنەرە. هەموومان گوناهمان کردووە دژی خودا (ڕۆما ٢٣:٣). کەس نییە ژیانێکی تەواو بێ گوناهی هەبووبێت (ژیرمەندی٢٠:٧). لەبەر گوناهەکانمان شایانی حوکمدانی خوداین (ڕۆما ٢٣:٦) و ئەو حوکمدانە مەرگی جەستەیی و دواتر مەرگی ڕۆحییە. بۆ ڕزگاربووبن لە گوناهەکانمان و ئەو سزایەی کە شایستەمانە، ناتوانین هیچ شتێک بکەین بۆ “چاککردنەوەی” پەیوەندیمان لەگەڵ خودا.
لەبەر خۆشەویستی خودا بۆ ئێمە، خودا لە سروشتی مرۆڤدا و لە کەسایەتی مەسیحدا هاتە سەر زەوی. مەسیح ژیانێکی تەواوی هەبوو و هەمیشە ڕاستی فێر دەکرد. بەڵام مرۆڤایەتی مەسیحی ڕەتکردەوە و لە خاچیان دا. مەسیح لە سەر خاچ جێگەی ئێمە مرد.
مەسیح حوکم و سزای گوناهی گرتە ئەستۆی خۆی و لە پێناوی ئێمەدا مرد (دووەم کۆرنسۆس ٢١:٥). لە پاش مردن مەسیح زیندوو بووەوە (یەکەم کۆرنسۆس بەشی ١٥) و بەمەش سەلماندی کە قوربانیدانەکەی بۆ گوناهەکان بەس بوو و سەرکەوتنی بەسەر گوناه و مەرگدا بەدەستهێنا.
بە هۆی ئەم قوربانیدانەی مەسیحەوە، خودا ڕزگاریمان وەک دیارییەک پێشکەش دەکات. خودا بانگی هەموومان دەکات کە بیرکردنەوەمان دەربارەی موسیح بگۆڕین (کردار ٣٠:١٧). و وەک کەفارەتێک بۆ تەواوی گوناهەکانمان قبوڵی بکەین (یەکەم یۆحەنا ٢:٢). کەواتە ڕزگاریمان لە ڕێگەی قبوڵکردنی ئەو دیارییەوە دێت کە خودا پێشکەشی دەکات، نەک لە ڕێگەی نوێژکردنەوە.
٣. ڕۆڵی نوێژ لە پرۆسەی ڕزگاریدا
بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە نوێژ ناتوانێت بەشێک بێت لە وەرگرتنی ڕزگاریت. ئەگەر تۆ مزگێنی مەسیح تێدەگەیت، باوەڕت هەیە کە ڕاستە و مەسیح وەک ڕزگارکەرت قبوڵ کردووە، ئەوا باش و گونجاوە کە ئەم باوەڕە لە نوێژێکدا بۆ خودا دەرببڕیت. پەیوەندی لەگەڵ خودا لە شێوەی نوێژدا دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ پێشڤەچوون: لە قبوڵکردنی ڕاستییەکان دەربارەی مەسیح بۆ متمانەی تەواو بە مەسیح وەک ڕزگارکەرت. نوێژ دەتوانێت پەیوەندی بە کردەوەیەکەوە هەبێت کە تێیدا تۆ باوەڕت تەنها بە مەسیح هەیە بۆ ڕزگاریت.
بەڵام، دیسانەوە، زۆر گرنگە تێبگەیت کە ڕزگاریت لەسەر بنەمای نوێژکردن نییە. نوێژکردن ناتوانێت ڕزگارت بکات! ئەگەر دەتەوێت ئەو ڕزگارییە وەربگریت کە لە مەسیحدا بەردەستە، باوەڕ بە مەسیح بهێنە. متمانەی تەواوت بە مردنەکەی هەبێت وەک قوربانی تەواو بۆ گوناهەکانت. متمانەی تەواوتت تەنها بەو هەبێت وەک ڕزگارکەرت. ئەمە ڕێگای ئینجیلییە بۆ ڕزگاربوون.
ئەگەر مەسیحت وەک ڕزگارکەرت قبوڵ کردووە، ئەوا دەتوانیت نوێژ بۆ خودا بکەیت. بە خودا بڵێ چەند سوپاسگوزاری بۆ مەسیح. هەموو ستایش و شکۆ بدە بە خودا بۆ خۆشەویستی و قوربانیدانەکەی. سوپاسی مەسیح بکە کە لە پێناوی گوناهەکانتدا مرد و ڕزگاری بۆت دابین کرد. ئەمە پەیوەندی ئینجیلیە لە نێوان ڕزگاری و نوێژدا!
وەرگێڕدراوە لە gotquestions.org


