لە ئاو هەڵکێشان چییە؟
پێش ئەوەی مەسیح بگەڕێتەوە بۆ ئاسمان، فەرمانی بە نێردراوەکانی کرد کە هەموو نەتەوەکان فێربکەن و “بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن.” (مەتا ٢٨: ١٨-٢٠). ئەم کردارە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە ژیانی مەسیحیدا.
١. ئاو: نیشانەی پاکبوونەوەی ناوەوە
لە ئاو هەڵکێشان کردارێکی جەستەییە بەڵام واتایەکی قووڵی ڕۆحی هەیە.
- واتای سادە: ئاو سیمبوڵ و نیشانەی پاکییە.
- واتای کردارەکە: لە ئاو هەڵکێشان نیشانە و گەواهییەکە بۆ گۆڕانکارییەک کە لە ناوەوە (لە دەروونی مرۆڤدا) ڕوویداوە.
ئەوەی گرنگە کردارە ڕۆحییەکەی پێش لە ئاو هەڵکێشانە: داننان بە گوناهە و تۆبە کردن و دەستپێکی ژیانێکی نوێ لەگەڵ خودا.
٢. ڕۆڵی یەحیای پێغەمبەر: بانگەشەی تۆبە
یەحیای پێغەمبەر (یۆحەننای ئاو هەڵکێش) یەکەم کەس بوو کە خەڵکی بانگ کرد بۆ ئەوەی تۆبە بکەن و لە ئاو هەڵبکێشرێن. ئەو خۆی ناساند وەک کەسێک کە “ڕێگا بۆ خوداوەند ئامادە دەکات.” (یۆحەننا ١: ٢٣).
یەحیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد: “تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.” (مەتا ٣: ٢).
چوونە ناو پاشایەتی خودا (واتە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خودا) دوو هەنگاوی سەرەکی دەویست:
- داننان بە گوناهە: داندنان بەوەی کە مرۆڤ گوناهبارە.
- تۆبەکردنی ڕاستەقینە: دەست هەڵگرتن لە گوناهە و هەڵبژاردنی ژیانێکی پاک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ویست و ئیرادەی خودا.
وەک سلێمانی حەکیم دەڵێت: “ئەوەی گوناهەکانی خۆی بشارێتەوە سەرناکەوێت، بەڵام دانپێدانەر و وازلێهێنەر بەر بەزەیی دەکەوێت.” (پەندەکانی سلێمان ٢٨: ١٣).
٣. ئامانجی ژیانی نوێ: بەرهەمی تۆبە
یەحیا داوای دەکرد دوای تۆبە کردن، خەڵکی “بەرهەمێک” (کردار و ڕەفتار)یان هەبێت کە سەلمێنەری ئەوە بێت کە بەڕاستی وازیان لە گوناهـ هێناوە.
- ئەگەر داننان بە گوناهـ و تۆبەکردن دارێک بێت، دەبێت بەرهەمەکەی ژیانێکی پاک و خوداپەسەندانە بێت.
- ئەگەر ژیانمان نەگۆڕا، واتای ئەوەیە کە تەنها بە زمان تۆبەمان کردووە.
٤. تەواوکردنی کارەکە بە ڕۆحی پیرۆز
یەحیا خەڵکی لە ئاودا هەڵدەکێشا، بەڵام دەیگوت: “ئەوەی لەدوای من دێت (مەسیح)، لە من بەتواناترە… ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت.” (مەتا ٣: ١١).
واتە کاری یەحیا ئامادەکردنی دڵەکان بوو بۆ ئەوەی مەسیح لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە تیایاندا نیشتەجێ ببێت. کاتێک خودا دەبینێت ئێمە تۆبەیەکی ڕاستەقینە دەکەین، بە هانامانەوە دێت و ڕۆحی پیرۆز لە دەروونماندا نیشتەجێ دەبێت. ڕۆحی پیرۆز هێز و توانامان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی بەو شێوەیە بژین کە خودا دەیەوێت.
٥. واتای قووڵی لە ئاو هەڵکێشان (مردن و ژیانەوە)
پۆڵسی نێردراو ڕوونی دەکاتەوە کە لە ئاو هەڵکێشان تەنها شوشتن نییە، بەڵکو سیمبوڵێکی تەواوی گۆڕانە:
“بە لە ئاو هەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین.” (ڕۆما ٦:٣-٤).
کەسێک کە لە ئاو هەڵدەکێشرێت، لەگەڵ مەسیحدا دەمرێت (لە بەرامبەر گوناهـ و دنیادا) و بۆ ژیانێکی نوێ زیندوو دەبێتەوە (لە بەرامبەر خودادا). دەکرێت بڵێین کەسی لە ئاو هەڵکێشراو شەهیدێکی زیندووە.


