پێشەکی: بنەمای یەکتاپەرستی لە مەسیحییەتدا
ئیمەی مەسیحی تەنها خودای تاک و تەنها دەپەرستین. ئەم باوەرەش لە کتێبی پیرۆزەوە سەرچاوەی گرتووە. نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش لە دایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام، خودا لە کتێبی پیرۆزدا دەفەرمووێت «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە من نەبێت. پەیکەر بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن» (دەرچوون ٢٠: ٣-٥).
١. فەرمانی خودا و فێرکردنەکانی مەسیح
هەروەها مەسیح لە ئینجیلدا فێرمان دەکات کە تەنها خودای تاک و تەنها بپەرستین «کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت» (مەتا ٤: ١٠). لە هیچ شوێنێکدا کتێبی پیرۆز ئاماژە بە پیرۆزی یان پەرستنی خاچ ناکات. لە راستیدا ئەوە مەسیحیەکان بوون سەدان ساڵ پێش ئەوەی شتێک هەبێت بەناوی ئیسلام، بیرۆکەی یەکتاپەرستیان بە جیهاندا بڵاو کردەوە.
٢. پەیامی یەکتاپەرستی پۆڵسی نێردراو بۆ بتپەرستان
٦٠٠ ساڵ پێش ئیسلام، پۆڵسی نێردراوی مەسیح بەم شێوەیە قسە لەگەڵ یۆنانیە بت پەرستەکاندەکات:
«‘کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت. بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو. کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئەپیکوری و ستۆیکی گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد. هەندێکیان دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکەشیان دەیانگوت: «دیارە بانگەواز بۆ چەند خوداوەندێکی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد. ئینجا بردیانە ئاریۆپاگۆس و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟ چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.» لەبەر ئەوەی هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان. پۆڵس لەناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن. «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە، تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“ وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“
«لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە وا بیرنەکەینەوە کە خودا وەکو پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن» (کردار ١٧: ١٦-٣٠).
ئەگەر پۆڵس ئەوکات لەنیمچە دورگەی عەرەبیدابوایە، هەمان شتی بە باوباپیرانی پێغەمبەری ئیسلام دەوت. بەو پێیەی ئەوان بە درێژایی مێژوو بت پەرست بوون.
٣. خاچ: هێمای قوربانی، نەک پەرستن
ئێمەی مەسیحی نە خاچ دەپەرستین و نەخاچیش بەلامانەوە پیرۆزە. ئەو کارە بەلای ئێمەوە پیرۆزە کە مەسیح لەسەر خاچ ئەنجامی دا. مەسیح لە پێناوی گوناهی مرۆڤایەتی لەسەر خاچ گیانی خۆی کردە قوربانی. خاچ تەنها ئەو کارەمان بیردێنێتەوە و بەس. بۆیە وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ ئەو کارەی مەسیح لەسەر خاچ ئەنجامی دا، لە کڵێساکان خاچت بەرچاو دەکەوێت، یان دەبینیت هەندێ کەس لە ملی دەکەن، بەڵام نایپەرستن. ئەو روون کردنەوەیەی سەرەوە، سەرەتایترین زانیاریە دەربارەی بیروو باوەری مەسیحی. بەڵام هەندێ لە موسڵمانەکان نایزانن. یان دەیزانن و دەیانەوێت خەڵکی چەواشە بکەن.


