لە پەیمانی کۆندا خودا بە گەلی ئیسرائیل فەرمان دەکات کە لە جەژنی پەسخەدا دەبێت حەوت ڕۆژ نانی بێ هەویرترش (خومرە) بخۆن (دەرچوون ١٢: ١٥-٢٠). خودا ئەم داواکارییەیان لێدەکات بە بێ ئەوەی ئەو وانانەیان بۆ ڕوون بکاتەوە کە لە پشت ئەم فەرمانەوەیە.
پەیمانی کۆن ئامادەکارییە بۆ تێگەیشتن لە پەیمانی نوێ
لە ڕێگەی ئەم فەرمانەوە خودا دەیەوێت واتای گوناە بۆ مرۆڤایەتی ڕوون بکاتەوە و مرۆڤ فێر بکات کە چۆن گوناە بووە بەشێک لە ژیانی مرۆڤ. بەو پێیەی کە گەشەی ڕۆحی و تێگەیشتنی گەلی ئیسرائیل وەک پێویست نەبوو، خودا داوایان لێدەکات کە تەنها فەرمانەکە جێبەجێ بکەن بە بێ ئەوەی وانە ڕۆحیەکەی پشت فەرمانەکەیان بۆ ڕوون بکاتەوە.
زۆربەی ئەو داواکاری و فەرمانانەی خودا کە لە پەیمانی کۆندان، واتای تایبەتی و پەیامی خۆیان لە پەیمانی نوێدا پەیدا دەکەن. بۆیە پەیمانی کۆن ئامادەکارییەکە بۆ ئەوەی گەلی ئیسرائیل و مرۆڤایەتی لە پەیامی پەیمانی نوێ بە تەواوەتی تێبگەن. بۆیە پەیمانی نوێ فێرمان دەکات کە: “تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان” (عیبرانییەکان ١٠:١).
وانەی ڕۆحی:
لە ڕێگەی ئەو فەرمانەوە واتە نەخواردنی نانی بێ هەویرترش بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ لە جەژنی پەسخەدا، خودا دەیەوێت بۆمان ڕوون بکاتەوە کە چۆن خودا لە سەرەتاوە مرۆڤی پاک و پیرۆز و بێ گوناە دروست کرد و چۆن مرۆڤ دواتر گوناهی کرد و گوناە بووە بەشێک لە ژیانی مرۆڤ.
هەویرترش بەشتێک نیە لە هەویر بەڵکو دواتر بۆی زیاد دەکرێت. ئەم زیادکردنەش دەبێتە هۆی ئەوەی سروشت و شێوەی هەویرەکە بگۆڕێت.
لە ڕێگەی ئەم نمونە سادەیەوە خودا دەیەوێت گۆڕانکارییەکی زۆر گرنگ و ئاڵۆز لە ژیانی مرۆڤدا ڕوون بکاتەوە.
خودا دەیەوێت ڕوونی بکاتەوە کە لە سەرەتادا مرۆڤی پاک و بێ گوناە دروست کرد، وەک هەویرێکی پاک بە بێ ئەوەی هیچ شتێکی بۆ زیاد کرابێت یان تێکەڵی بووبێت.
بەڵام دواتر مرۆڤ بڕیاری دا گوناە بکات. هەروەک چۆن هەویرترش بۆ هەویر زیاد دەکرێت و شێوە و سروشتی هەویرەکە دەگۆڕێت، بەو شێوەیەش گوناە بووە بەشێک لە ژیانی مرۆڤ و بووە هۆی تێکچوونی سروشتی مرۆڤ.
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ لە بوونەوەرێکی پاک و بێگوناهەوە ببێتە بوونەوەرێکی ناپاک و گوناهکار. لە بوونەوەرێکی هەتاهەتاییەوە بووە بوونەوەرێکی کاتی.
ئەم گۆڕانکارییە لە سروشتی مرۆڤدا بووە هۆی ئەوەی کە ئەو پەیوەندیە ڕۆحیەی لە نێوان خودا و مرۆڤدا هەبوو بپچڕێت. خودا لە ڕێگەی ئیشایای پێغەمبەرەوە بەم شێوەیە باسی بپچڕانی ئەو پەیوەندیە دەکات «بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست لەنێوان ئێوە و خوداتان، گوناهەکانتان وای کرد ڕووی خودا لێ شاردنەوە تاکو گوێتان لێ نەگرێت» (ئیشایا ٥٩:٢).
کاتێک خودا دەڵێت دەبێت حەوت ڕۆژ نانی بێ هەویرترش بخۆن، واتە خودا دەیەوێت بڵێت دەبێت هەموو ڕۆژەکانی تەمەنتان پاک و پیرۆز و بێگوناە بژین، بەو پێیەی کە ژمارەی حەوت لە کتێبی پیرۆزدا نیشانەی تەواوەتی و تەواوبوون (کامڵبوون) دەگەیەنێت (مەتا ٥: ٨ و یەکەمی پەترۆس ١: ١٦).
گرنگی و پێویستی پەیمانی نوێ
پەیمانی نوێ تەواوکەری پەیمانی کۆنە. بەبێ پەیمانی نوێ، هەرگیز ناتوانین لە پەیمانی کۆن تێبگەین. مەسیح لە پەیمانی نوێدا ئەو گوناە و خراپەیەی لە دەروونی مرۆڤدا هەیە دەیچوێنێت بە هەویرترش (مەتا ١٦: ١٢).
بە هەمان شێوە پۆڵسی نێردراوی مەسیح، هەویرترش بە گوناە و خراپە دەچوێنێت: «کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو کە هەویرترشی کینە و خراپەیە، بەڵکو بە فەتیرەی بێ دووڕوویی و ڕاستی» (یەکەم کۆرنسۆس ٥:٨).
کاری مەسیح
بەپێی کتێبی پیرۆز، مرۆڤ گوناهبارە – واتە: هەموو کەسێک کارگەلێک دەکات کە لە دژی ویستی خودان. گوناه مرۆڤ لە خودا جیا دەکاتەوە. بەڵام: عیسای مەسیح هاتە دنیا، بەبێ گوناه ژیا، و لە جیاتی ئێمە لە خاچ درا و مرد. مردنەکەی قوربانیە نۆ گوناهەکانمان: ئەو ئەو سزایەی هەڵگرت کە لە بنەڕەتدا ئێمە شایستەی بووین. کاتێک کەسێک باوەڕ بە عیسا دێنێت، پەشیمان دەبێتەوە لە گوناهەکانی و وەک ڕزگارکەر وەری دەگرێت، ئەوا خودا ئەو کەسە بە لێخۆشبوو و پاک دەبینێت – وەک ئەوەی گوناهەکە شۆرابێتەوە (یەکەمی یوحەنا ١: ٧). پاشان خودا ڕۆحی پیرۆزی خۆی بەو کەسە دەبەخشێت، تاوەکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز، ئەو کەسە بتوانێت پاک و پیرۆز بژی «بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.» (کردار ١: ٨).