مەسیح بە یەکێک لە مامۆستایانی جولەکە بە ناوی نیقۆدیمۆسی ووت: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.» نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایک بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە!» عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا. سەرسام مەبە کە پێم گوتی: ”دەبێ لەدایک ببنەوە.“ با بۆ کوێ بیەوێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت. هەرکەسێکیش لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک بووە ئاوایە.» یۆحەنا ٣:٣-٥, ٧-٨.
ئێمەی مرۆڤ مرۆڤ بە هۆی گوناهەکانمانەوە لە خودا دابڕاوین و پەیوەندیمان لەگەڵی نیە. مەسیح دەڵێت بۆئەوەی ئەو پەیوەندییە دروست بێتەوە، پێویستە مرۆڤ دووبارە لە دایک بێتەوە.
ئێمە جارێک لە دایکمان لە دایک بووین. بۆ ئەوەی پەیوەندیامن لەگەڵ خودا دروست بێتەوە، پێویستە وەک مەسیح دەڵێت: لە ئاو و ڕۆح و لە دایک ببینەوە.
مەبەست لە ئاو وشەی خودایە (ئەفەسۆس ٥: ٢٦)، (یاقوب ١: ١٨)، (یەکەم پەترۆس ١: ٢٣) و مەبەستیش لە ڕۆح ڕۆحی پیرۆزی خودایە. واتە ئێمە پێویستە باوەڕ بە وشەی خودا بکەین و ڕێگە بدەین وشەی خودا دڵ و دەرونمان پڕ بکات. وشەی خودا مژدەی ئەوەمان پێدەدات کە مەسیح لە پیناوی گوناهەکانمان بووە قوربانی و بەو شێوەیە لێخۆشبوونی گوناهی بۆ ئێمە فەراهەم کرد. واتە کاتێک باوەڕ بە وشەی ئینجیل دەکەین و مەسیح وەک خوداو ڕزگارکاری خۆمان قبوڵ دەکەین، ڕۆحی پیرۆز دێتە ناو دڵ و دەروونمانەوە. بەو شێوەیە ئێمە جارێکی دیکە لە دایک دەبینەوە، ئەمجارە نەک لە دایکمان بەڵکو لە وشەی خودا و ڕۆحی پیرۆز.


