هیوا بۆ کورد

مەرقۆس

ئینجیلی مەرقۆس کورتترینی چوار ئینجیلەکەیە و بە خێرایی دەچێتە ناو ڕووداوەکانەوە. یەکەم ڕستەی ئەمەیە: «سەرەتای مزگێنی عیسای مەسیحی کوڕی خودا» (مەرقۆس ١‏:‏١). هیچ باسی لەدایکبوونی عیسا ناکات، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە یەحیای لەئاوهەڵکێش و دەستپێکی خزمەتی عیساوە دەست پێ دەکات.

بەگوێرەی نەریتی کۆنی کڵێسا، نووسەرەکەی مەرقۆسە، کە لە کتێبی کرداری نێردراواندا بە «یۆحەنا کە پێی دەگوترا مەرقۆس» ناو براوە (کردار ١٢‏:‏١٢). هەر بەپێی ئەو نەریتە، مەرقۆس هاوڕێی پەترۆسی نێردراو بووە و ئەم ئینجیلە بیرەوەرییەکانی پەترۆس دەگێڕێتەوە.

مەرقۆس زیاتر کارەکانی عیسا نیشان دەدات تا وتارەکانی: چاککردنەوەی نەخۆشان، دەرکردنی ڕۆحی پیس، ئارامکردنەوەی دەریا و تێرکردنی هەزاران کەس بە چەند نانێکی کەم. لە هەموو ئەمانەدا پرسیارێک دێتە پێش: ئەم پیاوە کێیە؟ لە ناوەڕاستی کتێبەکەدا عیسا لە قوتابییەکانی دەپرسێت: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» و پەترۆس وەڵام دەداتەوە: «تۆ مەسیحەکەیت» (مەرقۆس ٨‏:‏٢٩).

مەرقۆس هەروەها نیشان دەدات کە عیسا چۆن لەگەڵ ئەو کەسانەدا دادەنیشت کە خەڵک خۆیان لێ دوور دەگرتن. لێڤیی باجگر بانگ دەکات کە دوای بکەوێت و لەگەڵ باجگر و گوناهباران لەسەر یەک سفرە دادەنیشێت. کاتێک ڕابەرە ئایینییەکان ڕەخنەی لێ دەگرن، دەفەرموێت: «نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران» (مەرقۆس ٢‏:‏١٧).

لە ناوەڕاستی کتێبەکەوە ئینجیلەکە ڕوو لە ئۆرشەلیم و خاچ دەکات. عیسا ڕوون دەکاتەوە کە ئەو چ جۆرە مەسیحێکە: «تەنانەت کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر» (مەرقۆس ١٠‏:‏٤٥). بەشێکی گەورەی کتێبەکە بۆ دوایین ڕۆژەکانی عیسا لە ئۆرشەلیم، لەخاچدانی و هەستانەوەی لە ڕۆژی سێیەمدا تەرخان کراوە. پەیامی سەرەکیی مەرقۆس لە یەکەم وتاری عیسادا کورت کراوەتەوە: «تۆبە بکەن، باوەڕ بەم مزگێنییە بهێنن» (مەرقۆس ١‏:‏١٥).

بۆ کەسێک کە یەکەم جارە ئینجیل دەخوێنێتەوە، مەرقۆس سەرەتایەکی باشە: شازدە بەشی هەیە، زمانەکەی ڕوونە و دەتوانیت لە چەند دانیشتنێکدا هەمووی بخوێنیتەوە. لە بەشی یەکەمەوە دەست پێ بکە و بە ڕیزبەندی بڕۆ.