لەکاتێکدا زۆربەی بیروباوەڕەکان [وەک ئیسلام] بەهەشت وەک شوێنی تەنها حەوانەوە و چێژوەرگرتنی بێ کۆتایی دەبینن، ئینجیلی پەرتووکی پیرۆز وێنەیەکی جیاوازمان پێدەدات: شوێنی چالاکی، پەرستن، فێربوون و پادشایەتیکردن لەگەڵ خودادا.
ئێمەی مەسیحی دەبێت بەهەشت وەک نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆمان بزانین. بۆیە ئاساییە بمانەوێت بزانین “ژیانی هەتاهەتایی”مان چۆن دەردەکەوێت. بەڵام پەرتووکی پیرۆز بە شێوەیەکی گشتی لیستی چالاکییەکانی ئاسمانمان پێ نادات. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک بەشی پەرتووکی پیرۆز تێگەیشتنمان پێدەبەخشن دەربارەی ئەوەی چاوەڕێی چی بکەین.
١. جێگەی دڵنەوایی و خۆشی
لە لۆقا ١٦: ١٩-٣١، عیسا نموونەیەک دەگێڕێتەوە دەربارەی پیاوێکی دەوڵەمەند و پیاوێکی هەژار، کە لازری ناوبوو. پیاوە دەوڵەمەندەکە گوێی بە ئازارەکانی لازر نەدا، و کاتێک هەردووکیان مردن، پیاوە دەوڵەمەندەکە لە شوێنێکی پڕ لە ئازار کەوت، بەڵام لازر لەلایەن فریشتەکانەوە هەڵگیرا بۆ باوەشی ئیبراهیم. سەرەڕای ئەوەی ئەمە نموونەیە و ئامانجی ئەم چیرۆکە ئەوە نییە کە بە وردی پێمان بڵێت بەهەشت یان دۆزەخ چۆن دەردەکەون، بەڵام تیشک دەخاتە سەر ڕاستییەکی هەتاهەتایی. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە باس لە لازر دەکرێت کە ئێستا دوای ئەو ئازارەی کە بینیویەتی، “دڵنەوایی”دەکرێت. زۆرێک لە باوەڕداران ئازاری قووڵی چەوساندنەوە، خیانەت، بەکارهێنانی خراپ و هەژاری تا مردنیان قبوڵ دەکەن. بۆ ئەوان، بەهەشت جێگەیەکی دڵنەواییە.
لە نموونەکانی دیکەدا، وەک لە مەتا ٢٥، عیسا باس لە بەهەشت دەکات وەک جێگەیەک کە ئاهەنگێکی گەورەی لێیە، کە تێیدا بەرپرسیارێتی وەردەگرین بەپێی خزمەتە دڵسۆزانەکەی سەر زەوی، و جێگەیەکە کە میراتێک چاوەڕێمان دەکات.
٢. پارادایزێکی نوێ و کاری بەردەوام
ئاماژەیەکی دیکە ئەوەیە کە عیسا بە تاوانبارێکی لەسەر خاچ لە تەنیشتی خۆی دەڵێت: “ئەمڕۆ لەگەڵ مندا لە پارادایز دەبیت” (لۆقا ٢٣: ٤٣). وشەی ‘پارادایز’ ئاماژە دەکاتەوە بۆ باخچەی عەدەن، باخچەی خۆشی و کامڵبوون، کە خودا لە سەرەتادا مرۆڤی تێدا دانا. ئەوێ جێگەیەکی هارمۆنی تەواو بوو کە تێیدا مرۆڤەکان کاری جوانی چاودێریکردنی دروستکراوەکانیان دەکرد. لەوانەیە خەڵکی لە بەهەشتدا شتی هاوشێوەی ئەوەیان هەبێت بۆ ئەنجامدان کە ئادەم و حەوا پێش کەوتنیان لە پارادایزدا ئەنجامیان دەدا.
٣. جێگەیەکی ئاشکراکردن و فێربوون
پۆڵس لە ١ کۆرنسۆس ١٣: ١٢ باس لەو کاتە دەکات کە شتە زەمینییەکان کۆتایی دێن. دەڵێت: “ئێستا بە هۆی ئاوێنەیەکەوە بە نادیاری دەبینین، بەڵام دواتر ڕووبەڕوو دەبینین. ئێستا بەشێک دەزانم، بەڵام دواتر بە تەواوی دەزانم، هەروەک چۆن خۆم ناسراوم.” بەهەشت جێگەی ئاشکراکردنە، کە تێیدا هەموو ئەو شتانەی ئێستا ناڕوون و ناتەواون، ڕوون و تەواو دەبن. بە واتایەکی تر، زۆر شت دەبێت بۆ فێربوون و دۆزینەوە!
٤. جێگەی پەرستن و ستایش
ڕەنگە زیندووترین وێنەی بەهەشت لە پەرتووکی ئاشکراکردنەوە بێت. بۆ نموونە لە بەشەکانی ٤، ٥ و ٧ دەخوێنینەوە دەربارەی کۆمەڵی گەورەی مرۆڤ و (فریشتە و بوونەوەرە ئاسمانییەکانی تر) کە خودا دەپەرستن، ستایشی دەکەن و دڵخۆشن. کاتێک بە چاوی خۆمان جوانی و شکۆداری و گەورەیی خودا ببینین، دەبێت ستایشی بکەین. تەنانەت پیرۆزترین ساتەکانی سەر زەویش تەنها سێبەرێکی ئەوە نیشان دەدات کە چۆن دەبێت.
٥. بەهەشت لەسەر زەوی (ژیانی هەتاهەتایی)
بەڵام شتی گەورەتریش هەیە کە چاوەڕێی بکەین. پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکات کە سیستەمی کۆنی شتەکان تێدەپەڕێت. ئاسمان و زەوییەکی نوێ دروست دەکرێت. و ئەمانە چیتر جیا نابنەوە. لە ئاشکراکردن ٢١دا دەبینین شاری خودا دادەبەزێتە سەر زەوی و خودا ڕادەگەیەنێت کە لەگەڵ گەلەکەیدا نیشتەجێ دەبێت. کاتێک بەهەشت دادەبەزێتە سەر زەوی، پارادایز چاک دەکرێتەوە. لە ئاشکراکردن ٢٢: ١-٤ دەخوێنینەوە:
“ئینجا ڕووبارێکی پاکی نیشاندام، کە ئاوی ژیانی تێدابوو، وەک کریستاڵ ڕوون بوو، لە تەختی خودا و بەرخی خوداوە دەهاتە دەرەوە. لە ناوەڕاستی شەقامەکەی و لە هەردوو لای ڕووبارەکە، درەختی ژیان هەبوو، کە دوازدە جۆر میوەی دەگرت – هەموو مانگێک میوەی خۆی دەدا. و گەڵاکانی درەختەکە بۆ چارەسەری نەتەوەکان بوون. ئیتر هیچ نەفرەتێک لەوێ نابێت. و تەختی خودا و بەرخی خودا لەوێ دەبێت، و خزمەتکارانی ئەو خزمەتی دەکەن، و ڕووی ئەو دەبینن، و ناوی ئەو لەسەر نێوچەوانیان دەبێت. ئیتر شەو لەوێ نابێت و پێویستییان بە گڵۆپ و تیشکی خۆر نییە، چونکە پەروەردگار خودا ڕووناکیان دەداتێ. وە ئەوان بۆ هەتاهەتایە پادشایەتی دەکەن.”


