ژیان کورت و بەزووی تێپەڕدەبێت. لەبەر ئەوە زۆر کەس لە خۆیان دەپرسن: ئایا دوای ئەم ژیانە چی ڕوو دەدات؟ ئایا ئاگاییەکی بەردەوام هەیە، یان مردنی جەستە تەنها “پەڕەی کۆتایی”ـیە؟ وە ئەگەر ژیانێک لە پاش مەرگ هەبێت، چ جۆرە ژیانێکە؟ ئایا بۆ هەمووان وەک یەک دەبێت؟ پەرتووکی پیرۆز چەند وەڵامێکی بنەڕەتی لێرەدا دەخاتە ڕوو. ژیانێک دوای مردن هەیە، بەڵام بۆ هەمووان وەک یەک نییە. ئێمە یان ژیانی هەتاهەتایی لە ئامادەبوونی خودا پێدەدرێت، کە زۆرجار پێی دەوترێت “بەهەشت”، یان مەرگێکی هەتاهەتایی دوور لە خودا، کە بە “دۆزەخ” ناسراوە. بێگومان، بژاردەی یەکەم بێ کۆتایی زۆر باشترە. بەڵام کلیلەکە چییە بۆ گەیشتن بەوێ؟
بەهەشت چییە؟
پێناسەکردنی وشەی بەهەشت (ئاسمانەکان) بەو شێوەیە ئاسان نییە کە زۆر جار خەڵک لێکی دەدەنەوە. هەندێک جار پەرتووکی پیرۆز ئەم وشەیە بۆ باسکردنی هەوا یان بوونی گەردوون بەکاردەهێنێت (بڕوانە پەیدابوون ١:٧-٨). ئەمەش ڕەنگە ئەو بیرۆکە باوە ڕوون بکاتەوە کە مردووان دەبنە ئەستێرە لە ئاسمان و لە خەڵکی سەر زەوی دەڕوانن. هەرچەندە ئەمە ڕەنگە بیرۆکەیەکی جوانبێت بێت، بەڵام ڕاستی نییە. هەوا یان ئاسمانی هەورەکان ئەو شوێنە نییە کە مرۆڤ هەتاهەتایی تێیدا بەسەر دەبات. ئەوە تەنها شوێنی هەورەکانە، وە ئەگەر فراوانی بکەین بۆ بۆشایی ئاسمان، خودا ئەستێرە و هەسارەکانی لەوێ داناوە (زەبوور ٨:٣-٤).
پەرتووکی پیرۆز وشەی ‘ئاسمانەکان’ بۆ نیشاندانی شوێنی نیشتەجێبوونی خوداش بەکاردەهێنێت. بڕوانە زەبوور ١٠٣:١٩: “یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمانەکان دامەزراندووە.” یهشوع (عیسا) ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە کاتێک دەربارەی خودا دەدوێت وەک “باوکی ئێوە لە ئاسمان” (مەتا ٦:٩). وە پۆڵسی نێردراو دەڵێت کە خودای باوک “یهشوعی لە مردن هەستاندەوە و لە دەستە ڕاستی خۆی لە ئاسمانەکان دانا، لە سەرووی هەموو دەسەڵات و پاشایەتییەک” (ئەفەسۆس ١:٢٠-٢١).
کەواتە خودای سێیەکێتی، کە باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆزە، لە ئاسمان نیشتەجێیە. هەرچەندە ناتوانین بە وردی بڵێین شوێنی “بەهەشت” لە کوێیە یان چۆن دەردەکەوێت، بەڵام خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە خودا بەتاوەتی لەوێیە و ئامادەیە، بوونی هەیە.
خودا بە تەنها نییە لە بەهەشت
کاتێک پەرتووکی پیرۆز باس لە شوێنی نیشتەجێبوونی خودا دەکات، ئەوەش ڕوونە کە پەروەردگار لەوێ بە تەنها نییە. فریشتەکان، بوونەوەری شکۆدار و مرۆڤ دەوریان داوە (ئاشکراکردن ٧:١١-١٢). یهشوع (مەسیح) دەیەوێت کە هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان پێ هێناوە، لەگەڵیدا بن: “ئەی باوک، دەمەوێت ئەوانیش… لەگەڵ مندا بن، بۆ ئەوەی شکۆمەندیی من ببینن” (یۆحەننا ١٧:٢٤).
بەهەشت کۆتایی گەشتەکە نییە
هەرچەندە باس لە بەهەشت وەک “کۆتاییەکی هەمیشەیی” دەکرێت، بەڵام پەرتووکی پیرۆز دەڵێت ئەو باوەڕدارانەی لە بەهەشتن، بۆ هەمیشە لەوێ نامێننەوە. لە کۆتایی ئەم جیهانەدا، خودا زەوییەکی نوێ دروست دەکات. لەو کاتەدا هەموو ئەو باوەڕدارانەی کە مردوون، بە جەستەیەکی زیندووبوونەوەی نوێ هەڵدەستێنرێنەوە و لەگەڵ خودا لەسەر ئەم زەوییە نوێیە دەژین. هەموو باوەڕدارانیش کە زیندوون، بێ ئەوەی مردن ببینن، دەگۆڕدرێن و پێیانەوە پەیوەست دەبن (١ کۆرنسۆس ١٥:٥١-٥٣). بەهەشت و زەوی ئەو کاتە یەک دەگرنەوە و مرۆڤەکان بۆ هەمیشە لە ئامادەبوونی خودادا دەژین.
کێ دەچێتە بەهەشت؟
وشەی خودا ڕوونی دەکاتەوە کە هەموو مرۆڤێک ناچێتە بەهەشت. وەک پۆڵس هۆشداری دەدات: “یان نازانن کە ناڕاستودروستان میراتی شانشینی خودا وەرناگرن؟” (١ کۆرنسۆس ٦:٩). دەبێت ئەمە بە جدی وەربگرین، چونکە “کەس ڕاستودروست نییە، تەنانەت یەک کەسیش… کەس بەدوای خودادا ناگەڕێت.” (ڕۆما ٣:١٠-١١). لەبەر ئەوەی هەموومان بەگوناهباری لەدایک بووین، بە ڕاستودروستی خۆمان ناتوانین بچینە بەهەشت. هەرچەندیش هەوڵ بدەین ڕەفتارمان باش بکەین، هەرگیز ناتوانین ئەوەندە باش بین کە شایەنی ئەو پەیوەندییە بین لە گەڵ خودا و ئاشتبینەوە لەگەڵ خودادا.
بەڵام عیسای مەسیح دەرفەتی ئەوەی بۆ دروست کردین کە پەیوەندیمان لەگەڵ خودا چاک بکەینەوە. ئەو باجی گوناهی مرۆڤی دا و ڕاستودروستی خۆی وەک دیارییەکی بێبەرامبەر پێشکەش دەکات (ئەفەسۆس ٢:٨-٩). تەنها ئەوانەی ئەم دیارییە قبوڵ دەکەن، دەتوانن بۆ هەمیشە لەگەڵ خودا بژین. ناوەکانیان لە “کتێبی ژیان” نووسراوە، وەک لە ئاشکراکردن ٢٠:١١-١٥دا دەخوێنینەوە.
چۆن دەتوانم بچمە بەهەشتەوە؟
کەواتە ئەگەر دەتەوێت بچیتە بەهەشت، دەبێت ناوت لە کتێبی ژیاندا نووسرابێت. چۆن دەکرێت ئەمە ڕوو بدات؟ وەک وتم، نەک بە کردەوەی خۆت. لە جیاتی ئەوە، دەبێت دانی بە گوناهکاری خۆتدا بنێیت و یهشوع وەک ڕزگارکەری خۆت قبوڵ بکەیت، بە باوەڕبوون بەوەی کە ئەو لەسەر خاچ مرد بۆ ڕزگارکردنی تۆ. ئەگەر ئەمە بکەیت، لێخۆشبوونی خودا بۆ هەموو گوناهەکانت وەردەگریت و ڕۆحی پیرۆز دێتە ناو دڵتەوە. ئەوە هەموو ئەوەیە کە پێویستە بۆ چوونە ناو بەهەشت. یهشوع دەڵێت خودا و فریشتەکانی ئارەزووی ئەوە دەکەن کە تۆ سنوور ببڕیت لە ژیانی کۆنی گوناهبارت بۆ ژیانێکی نوێ لە ئامادەبوونی ئەودا: “من پێتان دەڵێم، شادی بۆ فریشتەکانی خودا هەیە لەسەر یەک گوناهبار کە تۆبە دەکات” (لۆقا ١٥:١٠).
باوەڕهێنان بە یەشوع (عیسای) مەسیح زۆر سادەیە. تەنها پێویستە دانی بەوەدا بنێیت کە ناتوانیت بە هێزی خۆت ڕاستودروست بیت و شوێنێک لە بەهەشت مسۆگەر بکەیت، پاشان پێشنیاری ڕزگاری خودا قبوڵ بکەیت. بەڵام زۆر کەس ئەمەیان زۆر قورسە. ئەوان نایانەوێت ژیانیان بە یهشوع بسپێرن و دەیانەوێت بە ڕێگەی خۆیان بەردەوام بن لە ژیان، بەو هیوایەی کە لە کۆتاییدا هەموو شتێک بە باشی کۆتایی بێت. بەڵام خودا ئەم هۆشدارییانە بە جدی دەڵێت. ئەگەر ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ ئەودا نەبێت، دواتریش لە بەهەشت لەگەڵ ئەودا نیت!
پێشنیارتان بۆ دەکەم کە شوێنی کەسانی وەک پۆڵس بکەون، کە دەیگوت: “چونکە دەزانین، ئەگەر خانووە زەمینییەکەمان کە جەستەیە بڕوخێت، ئەوا لە ئاسمانەوە بینایەکی هەتاهەتایی خودامان هەیە… دەمەوێت بۆ هەمیشە لەگەڵ خودا بم.” ئایا تۆش ئارەزووی ئەوە دەکەیت؟ ئەوا عیسای مەسیح تاکە ڕێگایە بۆ تۆش!


