لە سورەی (العنکبوت)، ئایەتی ٤٦ دا، قورئان فەرمان بە موسڵمانان دەکات کە بە مەسیحییەکان بڵێن: “باوەڕمان هێناوە بەوەی بۆ ئێمە نێردراوەتە خوارەوە (قورئان) و بەوەش کە بۆ ئێوە نێردراوەتە خوارەوە (تەورات و ئینجیل) خودای ئێمە و خودای ئێوە یەکێکە و ئێمە بۆ ئەو گەردنکەچێن.” بەڵام زۆرێک لە موسڵمانان شتێکی تەواو جیاواز بە مەسیحییەکان دەڵێن؛ دەڵێن: “ئێمە باوەڕمان بە کتێبەکەی ئێوە نییە چونکە دەستکاری کراوە، و خوداکەی ئێوە خودایەکی ڕاستەقینە نییە”.
ئەگەر فەرمان بە موسڵمانان کراوە باوەڕیان بەوە هەبێت کە بۆ مەسیحییەکان دابەزێنراوە، بۆچی لەبری ئەوە دەڵێن باوەڕیان بە کتێبی پیرۆز نییە، کتێبێک کە تاکە وەحیی مەسیحییەکانە؟ و ئەگەر فەرمانیان پێکراوە بڵێن خودای ئێمە و ئەوان یەکێکە، بۆچی دەڵێن خودای مەسیحییەکان خودایەکی ڕاستەقینە نییە؟
جیاوازییە بنەڕەتیەکان دەربارەی سروشتی خودا و ڕزگاری
بەپێی کتێبی پیرۆز، خودا سێیەکیەتییە (تەسلیس): لە سروشت و جەوهەردا یەکە، بەڵام سێ کەسایەتییە : باوک، کوڕ و ڕۆحی پیرۆز. “کوڕ” وەک عیسای مەسیح هاتە ئەم جیهانەوە. مەسیح لەسەر خاچ لە پێناو گوناهی مرۆڤایەتی مرد و پاشان لە نێو مردووان هەستایەوە. قورئان هەموو ئەمانە ڕەتدەکاتەوە؛ بۆیە موسڵمانان ناتوانن بڵێن باوەڕیان بە کتێبی پیرۆز هەیە یان خودای ئیسلام و خودای کتێبی پیرۆز هەمان خودان. موسڵمانان کتێبی پیرۆز ڕەت دەکەنەوە چونکە کتێبی پیرۆز قورئان ڕەت دەکاتەوە.
ئایا مرۆڤ دەتوانێت دەستکاری وشەی خودا ؟
بەڵام موسڵمانان لێرەدا تووشی کێشەیەک دەبن. قورئان لە سورەی (آل عمران) ئایەتی ٣ و ٤ دا ڕایدەگەیەنێت کە تەورات و ئینجیل لەلایەن خوداوە دابەزێنراون: “خودای گەورە ئهو قورئانه پیرۆزهی به حهق و به بهڵگهی تهواو دابهزاندووه بۆ سهر تۆ كه هیچ گومانى تێدا نیه وه بهڕاستدانهری ئهو كتێبه ئاسمانیانهی پێش خۆیهتی (تهورات و ئینجیل)”. کەواتە خودا تەورات و ئینجیلی وەک ڕێنمایی دابەزاندووە. بەڵام هاوڕێ موسڵمانەکانمان دەڵێن خودا نەیتوانیوە تەورات و ئینجیل بپارێزێت و هەردوو کتێبەکە لەلایەن مرۆڤەوە دەستکاری کراون. بە شێوەیەک ئەوەی کە خودا بۆ ڕێنماییکردنی خەڵک ناردوویەتی، لە کۆتاییدا بووەتە هۆی گومڕاکردنیان و قەناعەتپێکردنی مەسیحییەکان بەوەی کە خودا سێیەکیەتییە و عیسا لەسەر خاچ بۆ گوناهەکان مردووە.
بێگومان جێگای سەر سووڕمانە کاتێک موسڵمانان دەڵێن تەورات و ئینجیل دەستکاری کراون، چونکە قورئان دەڵێت هیچ کەسێک ناتوانێت وشەکانی خودا بگۆڕێت، لە سورەی (الکهف) ئایەتی ٢٧ دا قورئان دەڵێت: “ئەوە بخوێنەوە کە لە کتێبی پەروەردگارتەوە بۆت دابەزێنراوە. دڵنیابە كە هەرگیز گۆڕانكاری بەسەر ووشە و گوفتاری پەروەردگارتا نایەت و كەس ناتوانێت دەستكاری بكات”.
لێرەدا هاوڕێ موسڵمانەکانمان ڕەنگە بڵێن ئەم ئایەتە تەنها مەبەستی ئەوەیە کە کەس ناتوانێت قورئان بگۆڕێت، بەڵام ئایەتەکە ناڵێت “قورئان”، بەڵکو دەڵێت “وشەکانی خودا”. وە پێی قورئان تەورات و ئینجیل، وشەی خودان.
پرسی ناوی پێغەمبەری ئیسلام لە کتێبی پیرۆزدا
سەرەڕای ئەوەی قورئان بە ڕوونی دەڵێت کە کەس ناتوانێت وشەکانی خودا بگۆڕێت، زۆرێک لە موسڵمانان جەخت دەکەنەوە کە ئینجیل لەلایەن پۆڵس یان مەسیحییەکانی دواترەوە دەستکاری کراوە. ئەگەر ئینجیل دەستکاری کرابێت، دەبێت بپرسین: بۆچی قورئان دەڵێت مەسیحییەکان لە سەردەمی محەمەد دا ئینجیلی ڕستەقینەیان لە بەردەست بووە؟
قورئان لە سوورەتی (الأعراف)، ئایەتی ١٥٧ دا باس لەوە دەکات کە گوایە تەورات و ئینجیل پێشبینی هاتنی پێغەمبەری ئیسلامیان کردووە: “ئەوانەی شوێنی نێردراو، پێغەمبەری نەخوێندەوار دەکەون، کە ناوی لە نووسراوەکانی خۆیاندا (تەورات و ئینجیلدا) دەدۆزنەوە”. بۆیە دەکرێت بپرسین: چۆن دەکرێت مەسیحییەکان ناوی محەمەد لە ئینجیلدا بدۆزنەوە لە کاتێکدا کە گوایا ئینجیل چەندین سەدە پێشتر دەستکاری کراوە؟ ئایا خودا دەڵێت ئێمە ناوی محەمەد لە نووسراوە دەستکاریکراوەکانماندا دەدۆزینەوە؟ بەڵام ئێمە ناوی محەمەد لە نووسراوەکانماندا نادۆزینەوە، جگە لەو بەشەی ئینجیل کە هۆشداریی گشتی دەدات لەبارەی پێغەمبەرانی درۆزن کە دێن بۆ ئەوەی خەڵک لە ئینجیل دوور بخەنەوە. ئەگەر ناوی محەمەدمان لە نووسراوەکانماندا بدۆزیایەتەوە، چۆن دەمانزانی ئەمە یەکێک لە بەشە دەستکاریکراوەکان نییە؟ و لەبەر ئەوەی نووسراوەکانمان دژی ئیسلامن، بۆچی خودا وەک بەڵگەیەک بۆ ئیسلام ئاماژەیان پێ دەکات؟
ئینجیل وەک سەرچاوەی دڵنییایی بۆ محمد
بەڵام الله زۆر لەوە زیاتر دەڕوات و لە سوورەتی (المائدە) ئایەتی ٤٧ دا دا فەرمان بە مەسیحییەکان دەکات کە حوکم بەو ئینجیلە بکەن کە بۆیان دابەزیوە: “با پەیڕەوانی ئینجیل حوکم بکەن بەو شتەی خودا تێیدا ناردوویەتیە خوارەوە، و هەر کەسێک حوکم نەکات بەوەی خودا ناردوویەتی، ئەوا ئەوانە فاسق و یاخین.” ئەگەر ئینجیل پێش هاتنی محەمەد دەستکاری کرابوو، بۆچی الله لە سەردەمی محەمەد دا فەرمان بە مەسیحییەکان دەکات کار بە کتێبێکی دەستکاریکراو بکەن؟ تاکە ئینجیلێک کە هەیە ئیسلام ڕەد دەکاتەوە، بۆیە بۆ گوێڕایەڵیکردنی فەرمانی خودا، دەبێت بەپێی ئینجیل بڕیار بدەین و بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئیسلام هەڵەیە.
بە هەمان شێوە الله لە سوورەتی (المائدە)، ئایەتی ٦٨ دا دەڵێت: “بڵێ ئەی ئەهلی کتێب، ئێوە لەسەر هیچ بنەمایەک نین ئەگەر حوکم بە تەورات و ئینجیل و هەموو ئەو وەحییەی لەلایەن پەروەردگارتانەوە بۆتان هاتووە نەکەن”. ئەگەر تەورات و ئینجیل دەستکاری کراون، بۆچی الله داوامان لێدەکات حوکمیان پێبکەین؟ ئەگەر ئینجیل گۆڕدرا بێت، ئایا خودا نەدەبوو پێمان بڵێت لێی ڕزگار بن و تەنها باوەڕتان بە قورئان هەبێت؟ کەواتە قورئان بە ڕوونی جەخت دەکاتەوە کە ئینجیل بۆ مەسیحییەکان سەرچاوەی بڕیارە، ئەمەش تەنها کاتێک مانای دەبێت کە نووسەری قورئان باوەڕی وابووبێت مەسیحییەکان لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلامدا و پێشتر و دواتریش “وشەی خودا”یان لەبەردەستدا بووە.
ئینجیل تەنها بۆ مەسیحییەکان سەرچاوە نەبووە، بەڵکو بۆ خودی محەمەد و موسڵمانانیش سەرچاوەیە. ڕۆژێک محەمەد گومانی لە وەحییەکانی خۆی کرد؛ لە وەڵامی ئەمەدا، الله فەرمانی پێکرد بچێتە لای مەسیحی و جولەکەکان (ئەهلی کتێب) بۆ دڵنیابوونەوە لە پەیامەکەی. لە سورەی (یونس) ئایەتی ٩٤ دا الله بە پێغەمبەری ئیسلام دەڵێت “ئەگەر تۆ ئەی محەمەد گومانت هەیە لەوەی بۆمان دابەزاندووی، پرسیار لە لەوانە بکە کە پێش تۆ خوێنەری کتێب بوون (جولەکەو مەسیحیەکان)”.
موسڵمانانی ئەمڕۆ وا هەڵسوکەوت دەکەن کە قورئان حوکم لەسەر کتێبی پیرۆز دەدات، بەڵام لە قورئاندا پێچەوانەکەی ڕاستە. کتێبی پیرۆز حوکم لەسەر قورئان دەدات، و محەمەدیش تەنها دەیتوانی وەحییەکانی پشتڕاست بکاتەوە بە بەراوردکردنیان لەگەڵ نووسراوەکانی ئەهلی کتێبدا واتە تەورات و ئینجیل. لەبەر ئەوەی محەمەد بەردەوام بوو لەسەر ئیسلام، دیارە هەرگیز نەچوەتە لای جولەکەو مەسیحیەکان؛ چونکە ئەگەر بچووایەتە لای ئەهلی کتێب، ناچار دەبوو قورئان ڕەت بکاتەوە.
دۆخی بێدەرەتان ( دلێما). لۆژیکێک کە خۆی وێران دەکات
قورئان موسڵمانان دەخاتە ناو دۆخێکی بێدەرتان (دیلێما). یان ئەوەتا مەسیحییەکان وشەی خودای ئیلهامپێدراو و پارێزراویان لەبەردەستە، یان نا. ئەگەر وشەی خودای پارێزراومان هەبێت، ئیسلام هەڵەیە چونکە ئیسلام دژی ناوەرۆکی ئەو کتێبەیە. ئەگەر وشەی خودای پارێزراومان نەبێت، دیسان ئیسلام هەڵەیە، چونکە قورئان ڕاستی و پارێزراویی کتێبەکەی ئێمەی پشتڕاست کردووەتەوە. کەواتە ئەگەر ئینجیل وشەی خودا بێت، ئیسلام هەڵەیە، و ئەگەر وشەی خوداش نەبێت، هەر ئیسلام هەڵەیە! بە هەردوو شێوە ئیسلام خۆی وێران دەکات. موسڵمانێک کە نایەویت شوێن ئایینێک بکەون کە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، پێویستە ڕاستی بدۆزنەوە. با هاوڕێ موسڵمانەکانمان هان بدەین گوێڕایەڵی ئینجیل بن، وەک چۆن هەردوو کتێبەکە فەرمانی پێ دەکەن.



