چاوی پیس: ترسی ئیسلامی وئازادی مەسیحی

چاوپیسی، چاوی پیس

لە ئیسلامدا باوەڕ بە چاوی پیس ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە ژیانی تاکی موسوڵماندا. بۆیە کەسی موسوڵمان لە ترسێکی بەردەوامدا دەژی، بە تایبەتی کاتێک ڕووبەڕووی کەسێک دەبێتەوە کە پێی وایە چاوی پیسە. کاتێک ڕووبەڕووی کەسێکی لەو شێوەیە دەبێتەوە، لەوە دەترسێت چاوی ئەو کەسە ببێتە هۆی بەدبەختی، نەخۆشی یان تەنانەت مردنیش بە دوای خۆیدا بهێنێت. بۆیە موسوڵمانان فێری ئەوە دەکرێن کە پێویستە ڕۆژانە بە خوێندنەوەی کۆمەڵە ئایەتێکی قورئان یان دووبارەکردنەوەی چەند ڕستەیەک بە زمانی عەرەبی خۆیان بپارێزن. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەیان مانای ڕستەکان یان ئایەتەکان نازانن.

کێشەی ئیسلامی: باوەڕ و ترس پێکەوە

موسوڵمانان فێری ئەوە دەبن کە ئاڵڵا بەتوانایە و هیچ شتێک بەبێ ویستی ئەو ڕوونادات. لە هەمان کاتدا پێیان دەوترێت کە پێویستە بترسن لە چاوی پیس – لە چاوی بەد. ئەم دوو جەمسەرییە وا دەکات لە جێی دڵنیایی، موسوڵمانان هەمیشە لە ترسدا بژین.

کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە

کەسی موسوڵمان ناتوانێت بە تەواوی چێژ لەوە وەربگرێت کە خودا پێی بەخشیوە. بۆ نمونە کاتێک منداڵیان دەبێت یان کاتێک ئۆتۆمبێلێک یان خانویەکی نوێ دەکڕن، دەترسن کە بە چاوی پیسەوە ببن، ئەمەش وادەکات کە نەتوانن چێژ وەربگرن لەوە کە خودا پێی بەخشیون. لە جێی چێژ وەرگرتن و سوپاسگوزاری، لە ترسێکی بەردەوامدا دەژین.

دەرئەنجامی ئەمەش ئەوەیە کە بەرەکەتەکان لە جێی شادی دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بەردەوام.

ئینجیل چۆن لە چاوی پیس دەڕوانێت؟

مەسیح قوتابیەکانی و پەیڕەوانی خۆی فێری ئەوە نەکرد کە بۆ خۆپاراستن لە چاوی پیس ڕۆژانە چەند ئایەتێک لە ئینجیل بخوێنن. فێری ئەوەی نەکردن کە لە لایەکەوە خودا باڵادەست بێت و لە لایەکی دیکەوە لە چاوی دروستکراوێکی خودا بترسن.

کەسی باوەڕدار بە مەسیح دڵنیایە لەوەی کە خودا بەتەواوەتی دەیپارێزێت. ئینجیل فێری ئەوەمان دەکات کە ژیانمان بە تەواوی لە دەستی خودا دایە و کەس ناتوانێت هیچ لەوە بگۆڕێت.

بەڵگەکانی ئینجیل

مەسیح دەفەرموێت:

“ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی. ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.” مەتا ١٠:٢٩-٣١

لێرە ڕوونە: هیچ شتێک لە ژیانماندا بەبێ ویستی خودا ڕوونادات. هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەو بیرۆکەیە کە تەماشای مرۆڤێک چارەنووسمان دیاری بکات.

مەسیح لە ڕێگەی پۆڵسەوە هەمان ڕاستی دەخاتەڕوو:

“ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟” (ڕۆما ٨:٣١)

ئایەتەکانی زەبوور دەربارەی پارێزگاری خودا

زەبوور ٩١ بە تەواوی باس لە پارێزگاری خودا دەکات:

“ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشێت، ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بەتوانا دەمێنێتەوە، هیچ خراپەت بەسەرنایەت و هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن.” زەبوور ٩١:١، ١٠-١١

باسی پارێزگاری لە پەیامەکانی پێغەمبەراندا

ئیشایا دەڵێت:

“کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام، بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقوم ناتکەن. بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت، بڵێسەش ناتسووتێنێت.” (ئیشایا ٤٣:٢)

یەرمیا دەڵێت:

“خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.” ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. (یەرمیا ٢٩:١١)

کەواتە پەیامی مەسیحی ڕوونە: خودا گرنگی بە ئێمە دەدات و هەمیشە لەگەڵمانە، بۆیە هیچ هێزێکی تر نییە کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانمان هەبێت.

ئەگەر تۆش لە ترسدا دەژیت، بزانە کە مەسیح هاتووە تا تۆ ئازاد بکات. لە ئەودا دەتوانیت:

• بەبێ ترس چێژ لە بەخشینەکانی خودا وەربگریت

• بەبێ ترس پەیوەندی لەگەڵ هەموو مرۆڤەکاندا دروست بکەیت

• دڵنیا بیت کە ژیانی تۆ لە دەستی خودای باڵادەستدایە.

ئەم بابەتە بڵاو بکەرەوە

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیمان پێوەبکە.