مەسیح ووشەی خودایە؟

بزانە مەسیح چۆن وشەی خودایە

ناسینی مرۆڤ بە وشەکانیەتی؛ بە هەمان شێوە، بۆ ئەوەی خودا بە تەواوی بناسین، پێویستە وشەکەی بناسین. ئینجیل دەڵێت مەسیح خودی وشەی خودایە.

١. وشە: ناسنامەی کەسایەتی

وشەکانی تۆ نەک تەنها گوزارشت لە خواستت دەکەن، بەڵکو گوزارشت لە کەسایەتی و جەوهەری ناوەوەی تۆ دەکەن. بۆیە دەڵێن: “قسە بکە تا بتبینم.” بۆ ناسینی خوداش، پێویستە گوێ لە وشەی ئەو بگرین.

٢. سێ قۆناغی ناساندنی خودا

خودا بە درێژایی مێژوو خۆی بە مرۆڤ ناساندووە، بەڵام بە شێوەی جیاواز و پەرەئەستێن.

ا. لە ڕێگەی سروشت و دروستکراوەکانیەوە:
جوانی و هێزی گەردوون و سروشت تا ڕادەیەک توانا و دانایی خودا دەردەخات. (ڕۆما ١: ٢٠).

ب. لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانەوە:
پەیام و کتێبی پێغەمبەرەکان وێنەیەکی بەشەکییان لەسەر کەسایەتی و سیفەتەکانی خودا پێداین.

ج. لە ڕێگەی وشەکەیەوە (مەسیح): ناساندنی تەواو
لەم قۆناغەدا، خودا بە تەواوەتی خۆی ناساند. ئینجیل دەڵێت:

“لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو… وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو.” (یۆحەنا ١: ١، ١٤).

مەسیح، وەک وشەی خودا، واتە سروشت و جەوهەری خودا کە لە جەستەی مرۆڤدا دەرکەوت.

٣. مەسیح: وێنەی تیشکداری خودا

نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، وشەی خودا بوو بە مرۆڤ. ئەمە ڕێگەی دا ئێمە بە تەواوی خودا ببینین.

  • مەسیح وێنەی خودای نەبینراوە (کۆڵۆسی ١: ١٥).
  • مەسیح بە تەواوی وێنەی کڕۆک و شکۆی خودایە (عیبرانییەکان ١: ٣).

مەسیح بە تەواوی مرۆڤ بوو و بە تەواوی خودا بوو. کاتێک خەڵک سەیری مەسیحیان دەکرد، سەیری هەموو تایبەتمەندی و شکۆی خودایان دەکرد کە لە جەستەیەکی مرۆڤدا بەجەستە کرابوو.

ئەوەی کە مەسیحی بینیوە، خودای بینیوە (یۆحەنا ١٤: ٩). گەر دەتەوێت خودا بناسیت، پێویستە مەسیح بناسیت. گەر دەتەوێت مەسیح بناسیت، ئینجیل بخوێنەرەوە.

ئەم بابەتە بڵاو بکەرەوە

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیمان پێوەبکە.