هەر یەکێک لە ناوەکانی خودا وەسفی لایەنێکی جیاوازی کەسایەتییە فرە-لایەنەکەی ئەو دەکات. لێرەدا هەندێک لە ناوە ناسراوەکانی خودا لە پەرتووکی پیرۆزدا (کتێبی پیرۆز) دەخەینە ڕوو.
یەهوە / یەهۆڤا (YHWH / YAHWEH / JEHOVAH) [یاهـ-وەی / جی-هۆ-ڤە]:
"پەروەردگار" یان "یەزدان" (دەرچوون ٣ :١٥؛ وتاری دووەم ٦ :٤؛ دانیال ٩ :١٤) – لە ڕاستیدا، ئەمە تەنها ناوی تایبەتی خودایە. لە پەرتووکە پیرۆزە ئینگلیزییەکاندا بە "LORD" (هەموو پیتەکانی گەورە دەنووسرێن) وەرگێڕدراوە بۆ ئەوەی لە Adonai کە واتای "پەروەردگار/Lord" دەگەیەنێت جیابکرێتەوە. خودا بەم شێوەیە لەگەڵ موسا دوا "من هەم، ئەوەی کە هەم“ (دەرچوون ٣ :١٤). ئەم ناوە ئاماژەیە بۆ دەستبەجێیی و ئامادەبوون. یەهوە ئامادەیە، بەردەستە، و نزیکە لەوانەی کە هانا بۆ ئەو دەبەن بۆ ڕزگاربوون و (زەبوورەکان ١٠٧ :١٣)، لێخۆشبوون (زەبوورەکان ٢٥ :١١) و ڕێنمایی (زەبوورەکان ٣١ :١-٣).
ئێلۆهیم (ELOHIM) [ئێل-ئۆ-هیم]:
خودای "بەدیهێنەر، مەزن و بەهێز" (پەیدابوون ١٧ :٧؛ یەرمیا ٣١ :٣٣) شێوەی کۆی (ئەلواح)ە. لەبەر ئەوەی وشەکە لە شێوەی کۆدایە، ئەلۆهیم لەگەڵ باوەڕی سیانەی پیرۆزدا دەگونجێت. هەر لە یەکەم ڕستەی پەرتووکی پیرۆزەوە، سروشتی باڵای هێزی خودا ئاشکرایە کاتێک خودا (ئەلۆهیم) بە وشەکانی جیهان بەدی دەهێنێت (پەیدابوون ١:١).
ئەدۆنای (ADONAI) [ئە-دۆ-نای]:
"پەروەردگار" یان "گەورە" (پەیدابوون ١٥ :٢؛ ڕابەران ٦ :١٥) جەخت لەسەر پەیوەندی دەسەڵاتدارانەی خودا لەگەڵ مرۆڤایەتی و پێویستیمان بە ملکەچبوون و ڕێزگرتن لە خودا دەکاتەوە. زۆرجار ئەدۆنای لە جیاتی (یهوە YHWH) بەکاردەهێنرا، چونکە جولەکەکان پێیان وابوو کە ئەم ناوە زۆر لەوە پیرۆزەترە بۆ ئەوەی لەلایەن مرۆڤە گوناهبارەکانەوە بدرکێنرێت.
ئیل شادای (EL SHADDAI) [ئێل-شا-دای]:
"خودای هەرەبەتوانا"، "بەهێزەکەی یاقوب" (پەیدابوون ١٧ :١؛ دەرچوون ٦ :٣؛ ڕائووس ١ :٢٠) ئاماژەیە بۆ هێزە ڕەهاکەی خودا بەسەر هەموو شتێکدا.
یەهوە-یێرە (YAHWEH-JIREH) [یاهـ-وەی-جی-رێ]:
"یەزدان دابینی دەکات" (پەیدابوون ٢٢ :١٤) ئەو ناوەی کە ئیبراهیم کردی بە یادگاری کاتێک خودا بەرانێکی دابین کرد بۆ ئەوەی لە جێی ئیسحاق بکرێتە قوربانی.
یەهوە-رافا (YAHWEH-RAPHA) [یاهـ-وەی-ڕا-فا]:
"ئەو یەزدانەی کە شیفا دەدات" (دەرچوون ١٥ :٢٦) "منم ئەو یەزدانەی شیفاتان دەدەم" هەم لە جەستە و هەم لە ڕۆحدا. لە جەستەدا، بە پاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، وە لە ڕۆحیشدا، بە لێخۆشبوون لە گوناهەکان.
یەهوە-نیسی (YAHWEH-NISSI) [یاهـ-وەی-نی-سی]:
"یەزدان ئاڵامانە" (دەرچوون ١٧ :١٥)، لێرەدا ئاڵا بە واتای شوێنی کۆبوونەوە و یەکگرتن دێت. ئەم ناوە یادکردنەوەی سەرکەوتنی بیابانە بەسەر عەمالێقییەکاندا لە دەرچوون ١٧.
یەهوە-شالۆم (YAHWEH-SHALOM) [یاهـ-وەی-شا-لۆم]:
"یەزدان ئاشتیمانە" (ڕابەران ٦ :٢٤) ئەو ناوەی کە گدعۆن لەو قوربانگایەی نا کە دروستی کرد، دوای ئەوەی فریشتەی یەزدان دڵنیای کردەوە کە نامرێت وەک ئەوەی پێی وابوو دوای بینینی ئەوی تووش دەبێت.
یەهوە-ئەلۆهیم (YAHWEH-ELOHIM) [یاهـ-وەی-ئێل-ئۆ-هیم]:
"یەزدان خودا" (پەیدابوون ٢ :٤؛ زەبوورەکان ٥٩ :٥) – تێکەڵەیەکە لە ناوی بێهاوتای خودا (YHWH) و وشە گشتییەکەی "خودا" کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو پەروەردگارێکە کە خودایە.
یەهوە-تسیدکێنۆ (YAHWEH-TSIDKENU) [یاهـ-وەی-تسید-کەی-نوو]:
"یەزدان ڕاستودروستیمانە" (یەرمیا ٣٣ :١٦) – وەک لە (یەهوە-مەکادیش)دا، تەنها خودایە کە ڕاستودروستی (لە وشە عیبرییەکەی tsidkenu) بۆ مرۆڤ دابین دەکات، لە کۆتاییدا لە کەسایەتی کوڕەکەی، عیسای مەسیح، کە لە پێناوی ئێمەدا بوو بە گوناهـ "بۆ ئەوەی ئێمە لە ڕێگەی ئەوەوە ببین بە ڕاستودروستیی خودا" (٢ کۆرنسۆس ٥ :٢١).
یەهوە-رۆهی (YAHWEH-ROHI) [یاهـ-وەی-رۆ-هی]:
"یەزدان شوانمانە" (زەبوورەکان ٢٣ :١) – داود دەیزانی شوانی واتای چییە، چونکە خۆی شوان بوو، بۆیە ڕایگەیاند: "یەزدان شوانمە [یەهوە-رۆهی]؛ پێویستم بە هیچ نابێت" (زەبوورەکان ٢٣ :١).
یەهوە-شاماهـ (YAHWEH-SHAMMAH) [یاهـ-وەی-شام-ماە]:
"یەزدان لەوێیە" (حزقیێل ٤٨ :٣٥) ئەو ناوەی کە دراوە بە ئۆرشەلیم و پەرستگاکەی کە لەئوێیە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە شکۆمەندییە جێهێڵراوەکەی پەروەردگار (حزقیێل ٨-١١) کە گەڕاوەتەوە (حزقیێل ٤٤ :١-٤).
یەهوە-سابائۆس (YAHWEH-SABAOTH) [یاهـ-وەی-سا-با-ئۆس]:
"یەزدانی سوپاسالار" (ئیشایا ١ :٢٤؛ زەبوورەکان ٤٦ :٧) – سوپاسالار یان خانەخوێیان بە واتای "گرووپ و لەشکرەکان" دێت، هەم بۆ فریشتەکان و هەم بۆ مرۆڤەکان. ئەو پەروەردگاری سوپای ئاسمان و دانیشتوانی زەوییە، پەروەردگاری جولەکە و نەتەوەکانی ترە، دەوڵەمەند و هەژار، گەورە و کۆیلەیە. ئەم ناوە گوزارشتە لە مەزنی، هێز و دەسەڵاتی خودا و نیشانی دەدات کە ئەو توانای هەیە ئەوەی کە بڕیاری لەسەر دەدات جێبەجێی بکات.
ئیل ئێلیۆن (EL ELYON) [ئێل-ئێل-یۆن]:
"هەرەبەرز" (پەیدابوون ١٤ :١٨-٢٢؛ دواوتار ٣٢ :٨؛ زەبوورەکان ٧ :١٧؛ ٥٧ :٢؛ ٩٧ :٩) لە ڕەگی عیبرییەوە وەرگیراوە بە واتای "سەرکەوتن" یان "بەرزبوونەوە"، بۆیە ئاماژەکە بۆ شتێکە کە لە بەرزترین ئاستدایە. ئیل ئەلیۆن بە واتای بەرزڕاگرتن دێت و باس لە توانای ڕەهای پەروەردگارێتی دەکات.
ئیل ڕۆئی (EL ROI) [ئێل-رۆ-ئی]:
"خودای بینەر" (پەیدابوون ١٦ :١٣) – ئەو ناوەی کە هاجەر لە خودای بۆ خودا هەڵیبژارد، کاتێک تەنیا و بێهیوا بوو لە چۆڵەوانیدا دوای ئەوەی لەلایەن ساراوە دەرکرا (پەیدابوون ١٦ :١-١٤). کاتێک هاجەر چاوی بە فریشتەی پەروەردگار کەوت، زانی کە لە دەرکەوتنێکی خوداییدا خودای خۆی بینیوە. هەروەها تێگەیشت کە (ئیل ڕۆئی) لە کاتی تەنگانەکەیدا بینیویەتی و شایەتی دا کە ئەو خودایەکەیە کە دەژی و هەموو شتێک دەبینێت.
ئیل-ئۆلام (EL-OLAM) [ئێل-ئۆ-لام]:
"خودای هەتاهەتایی" (زەبوورەکان ٩٠ :١-٣) – سروشتی خودا بێ سەرەتا و بێ کۆتاییە، دوورە لە هەموو کۆتوبەندەکانی کات، وە خودی کاتیش لە لەخۆدەگرێت. "لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە تۆ خودای" (زەبوورەکان ٩٠ :٢).
ئیل-گیبۆر (EL-GIBHOR) [ئێل-گی-بۆر]:
"خودای بەتوانا" (ئیشایا ٩ :٦) ئەو ناوەیە کە وەسفی دەستنیشانکراو (مەسیح)، عیسای مەسیح دەکات، لەم بەشە پێغەمبەرایەتییەی ئیشایادا. وەک جەنگاوەرێکی بەهێز و توانا، مەسیح کە خودای پاڵەوانە، لەناوبردنی دوژمنانی خودا ئەنجام دەدات و بە گۆچانێکی ئاسنینەوە فەرمانڕەوایی دەکات (ئاشکراکردن ١٩ :١٥).
ئیل، ئەلواح (EL, ELOAH) [ئێل، ئێل-ئۆ-ئاهـ]:
خودای "مەزن، بەهێز، ناودار" (نەحەمیا ٩ :١٧؛ زەبوورەکان ١٣٩ :١٩) – لە ڕووی وشەناسییەوە، پێدەچێت (ئیل) بە مانای "هێز" و "توانا" بێت (پەیدابوون ٣١ :٢٩). هەروەها (ئیل) پەیوەستە بە تایبەتمەندییەکانی تری وەک دەستپاکی (ژمارەکان ٢٣ :١٩)، ئیرەیی (وتاری دووەم ٥ :٩)، و بەزەیی (نەحەمیا ٩ :٣١)، بەڵام بیرۆکەی بنەڕەتی "هێز" وەک خۆی دەمێنێتەوە.
یەهوە-مەکادیش (YAHWEH-M'KADDESH) [یاهـ-وەی-مە-کاد-ێش]:
"ئەو یەزدانەی کە پاک دەکاتەوە و پیرۆز دەکات" (لێڤییەکان ٢٠ :٨؛ حزقیێل ٣٧ :٢٨) خودا ڕوونی دەکاتەوە کە تەنها ئەو، نەک شەریعەت (یاسا)، دەتوانێت گەلەکەی پاک بکاتەوە و پیرۆزیان بکات.
سەرچاوە: https://www.gotquestions.org



