یەکێک لەو ئایەتانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، ئایەتەکەی دواوتار (١٨:١٨)ی تەوراتە کە باس لە هاتنی “پێغەمبەرێک وەک تۆ” دەکات. موسڵمانان دەڵێن ئەمە مەبەستی پێغەمبەری ئیسلامە، بەڵام مەسیحییەکان دەڵێن ئەمە مەبەستی عیسایە.
١. مەرجی یەکەم: “لە نێو براکانیان”
لەسەرەتادا، ئەگەر بە وردی تەوراتەکە بخوێنینەوە، خودا قسە لەگەڵ جولەکەکاندا دەکات و دەڵێت: «لهنێو براكانیان پێغهمبهرێكی وهك تۆیان بۆ دادهنێم.»
- مەبەست لە “براکانیان”: بەپێی بەڵگە مێژوویی و تێگەیشتنی تەورات، مەبەست لە “براکانیان” (نەوەی ئیسرائیل) هۆزەکانی تری نەوەی ئیبراهیم نین کە لە دوور بژین. زۆرینەی مێژوونووسان و تەوراتناسەکان ئەمە وەک پێغەمبەرێک لە ناو نەتەوەی ئیسرائیل لێکدەدەنەوە.
- بەراورد بە محمد: پێغەمبەری ئیسلام نەک تەنها جولەکە نەبوو، بەڵکو بەپێی بەڵگە مێژووییەکانی تر، لەناو نەتەوەیەکدا هەڵکەوت کە تا سەردەمی ئەو بتپەرست بوون. عیسا جولەکە بوو و لەناو ئەو نەتەوەیەدا هات.
٢. شایەتی مەسیح: من ئەو پێغەمبەرەم
چەندین سەدە پێش لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، عیسای مەسیح خۆی ڕوونی کردەوە کە ئەو ئەو پێغەمبەرەیە کە موسا باسی کردووە:
“ئهگهر باوهڕتان به موسا بكردایه، باوهڕتان به منیش دهكرد، چونكه ئەو له بارهی منهوه نووسیویهتی.” (یۆحەننا ٥: ٤٦)
عیسا بە ڕوونی ئاماژە بەو ئایەتە دەکات و دەڵێت: موسا دەربارەی من نووسیویەتی، نەک دەربارەی کەسێکی تر کە ٦٠٠ ساڵ دواتر دێت.
٣. شایەتی قوتابییانی مەسیح (فلیپۆس و پەترۆس)
قوتابییانی یەکەمی مەسیحیش تێگەیشتنێکی یەکلاکەرەوەیان هەبوو کە ئەو پێشبینییە دەربارەی عیسایە:
- فلیپۆس: فلیپۆس بە ناتانئیلی وت: “ئهوهی كه موسا له تهورات و پێغهمبهرانیش له سیپارهكانیان لهسهریان نووسیوه دۆزیمانهوه، عیسای كوڕی یوسفی خهڵكی ناسیرهیه.” (یۆحەننا ١: ٤٣-٤٥)
- پەترۆس: پەترۆس لەبەردەم جولەکەکاندا بە ڕوونی ڕایگەیاند کە پێغەمبەرەکەی دواوتار (١٨:١٨) مەبەستی عیسایە و پێویستە گوێی لێ بگرن. (کردار ٣: ١٧-٢٤).
- ئیستیفانۆس: یەکەم شەهیدی مەسیحییەت هەمان ڕاستی دووپات دەکاتەوە.
بەم شێوەیە، ئەو بابەتە بۆ مەسیحییەکان و جوولەکەکان چەندین سەدە پێش ئیسلام یەکلاکراوەتەوە.
٤. مەبەست لە “وەک تۆ” (وەک موسا)
کاتێک خودا دەڵێت “پێغەمبەرێک وەک تۆیان بۆ دەنێرم”، مەبەست ئەوە نییە عیسا تەنها پێغەمبەرێکە، بەڵکو هاوشێوەیی لە ڕۆڵ و دەسەڵاتدایە:
وەک چۆن موسا گەلی ئیسرائیلی لە کۆیلایەتی میسر ئازاد کرد و یاسای خودای هێنا، بە هەمان شێوە عیسا مرۆڤایەتی لە کۆیلایەتی شەیتان و گوناهـە ڕزگار دەکات و سەردەمی پەیمانی نوێی هێنا.
٥. ناکۆکیی موسڵمانان دەربارەی کتێبی پیرۆز
ئەو موسڵمانانەی دەگەڕێن بەدوای ئایەتێکدا بۆ پەیوەستکردنی بە پێغەمبەرەکەیانەوە، دەکەونە ناو ناکۆکییەکی گەورە: لەلایەکەوە دەڵێن کتێبی پیرۆز “دەستکاری کراوە”، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەوڵ دەدەن بەڵگە لەو کتێبە “دەستکاری کراوە” بهێننەوە.


